ئەمریکا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران فڕۆکەی بۆینگ دەکڕێت

11 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جێگری وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، وەزارەتەکە کۆمەڵێک فڕۆکەی جۆری بۆینگ دەکڕێت بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران. 
 
چوارشەممە، 10ی کانوونی یەکەمی 2025، تریشیا مەکلۆگین، جێگری وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس نووسی: "ئەم فڕۆکانە رێگە بە دەزگای جێبەجێکردنی یاساکانی کۆچ و گومرگ دەدەن کە باشتر کار بکەن، لەوانەش لە رێگەی بەکارهێنانی شێوازی فڕینی کاراتر."
 
تریشیا مەکلۆگین لە وەڵامی بابەتێکی رۆژنامەی واشنتن پۆست سەبارەت بەو گرێبەستە گوتی: "ئەم دەستپێشخەرییە نوێیە بڕی 279 ملیۆن دۆلار بۆ باجدەرانی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە."
 
کاتێک لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە پەیوەندی پێوەکرا، بۆینگ رەتیکردەوە لێدوان بدات، رۆژنامەی واشنتن پۆستیش بڵاویکردەوە کە گرێبەستەکە نزیکەی 140 ملیۆن دۆلارە بۆ شەش فڕۆکەی جۆری 737 و لەگەڵ کۆمپانیایەک کراوە بەناوی (Daedalus Aviation) کە لە سەرەتای 2024 دامەزراوە، نەک کڕینی راستەوخۆ لە کۆمپانیای بۆینگ، کە دروستی کردوون.
 
ترەمپ رێگری لە کۆچی نایاسایی و دەرکردنی کۆچبەرانی بێ بەڵگەنامەی کردووەتە کاری لەپێشینەی خۆی و ژمارەیەک رێکاری گرتووەتەبەر بە ئامانجی خێراکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە و کەمکردنەوەی پەڕینەوە لە سنوورەکان.
 
بەپێی گرووپی مافەکانی مرۆڤ، لەوەتەی ترەمپ لە مانگی کانوونی دووەمەوە گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات، زیاتر لە هەزار و 700 گەشتی دیپۆرتکردنەوە بۆ دەیان وڵات کراون.
 
هەڵمەتە بەرفراوانەکەی ترەمپ دژی کۆچبەران رەخنەی تووندی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین ئاڵنگاری یاسایی و هەروەها خۆپیشاندان لە هەندێک لەو شارانەی کە دیموکراتەکان بەڕێوەی دەبەن.
 
ئیدارەکە دەڵێت، لە مانگی کانوونی دووەمەوە زیاتر لە دوو ملیۆن کۆچبەری بێ بەڵگەنامە وڵاتەکەیان جێهێشتووە، 1.6 ملیۆنیان بە ویستی خۆیان، لەکاتێکدا ئەوانی دیکە بە زۆر دیپۆرتکراونەتەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دانیشتنێکی کۆنگرێسی ئەمریکا. وێنە: Reuters

کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگی لەسەر هەڵگرتنی یاسای قەیسەر لەسەر سووریا دا

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگیدا بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی بە "یاسای قەیسەر" ناسراون لەسەر سووریا، پێشنیازەکە لە چوارچێوەی یاسای رێگەپێدانی بەرگریی نیشتمانی بۆ ساڵی دارایی 2026 جێگیر کرابوو.