رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە سیناتۆرانی ئەمریکا لە لێدوانى تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، نیگەرانیی خۆیان لە بەردەوامیی هەژموونی ئێران و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق دەردەبڕن و جەخت لەوە دەکەنەوە، مەرجی سەرەکیی مامەڵەکردن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی سووریا، پاراستنی مافی پێکهاتە جیاوازەکانە.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن، پرسیاری لەبارەی دۆخی عێراق، ئێران و داهاتووی سووریا ئاراستەی پێنج سیناتۆری دیاری ئەمریکا کرد و ئەوانیش تێڕوانینی واشنتنیان بۆ دۆخی ناوچەکە خستەڕوو.
"میلیشیاکان مەترسین بۆ سەر سەروەریی عێراق"
روبێن گالێگۆ، سیناتۆری ئەمریکی باسی لە مەترسیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق کرد و بە "مەترسی بۆ سەر چەمکی حوکمڕانیی نیشتمانیی عێراق" وەسفی کردن.
گالێگۆ بە رووداوی گوت: "روونە یەکێک لە کێشەکانی بوونی ئەم رژێمە بە سەرکردایەتیی ئایەتوڵڵا، ئەوەیە کە ناوچەکە ناسەقامگیر دەکەن، بەتایبەتی هەندێک لەم میلیشیایانە. ئەوان مەترسیدارن، نەک تەنیا بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان، بەڵکو تەنانەت بۆ سەر چەمکی حوکمڕانیی نیشتمانیی عێراقیش".
سەبارەت بە چارەسەری ئەو دۆخە لە عێراق، سیناتۆرەکە دەڵێت: "هەر پلانێک دابنرێت، پێویستە بەشێکی بریتی بێت لە دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئەو میلیشیایانە هەڵبوەشێندرێنەوە و تێکەڵ بە چەمکە گەورە و فراوانەکەی نیشتمانپەروەریی عێراقی و بەشێک لە سوپا بکرێن".
ستایشی سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر ئێران
لەلایەکی دیکەوە سیناتۆر جۆن کۆرنین، ئاماژەی بە ئاڵنگارییەکانی ناوچەکە کرد و ستایشی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئەتۆمیی ئێراندا.
کۆرنین بە رووداوی راگەیاند: "دەمەوێت دەستخۆشییەکی گەرم لە سەرۆک ترەمپ بکەم بۆ ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا کردی، کە هەڕەشەی مان و نەمان بوو بۆ سەر ناوچەکە".
مەرجەکانی ئەمریکا بۆ سووریای نوێ
سەبارەت بە دۆخی سووریا دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، سیناتۆرەکان بۆچوونی هاوبەشیان هەیە کە دەبێت مافی پێکهاتەکان پارێزراو بێت.
سیناتۆر کۆرنین گوتی: "زۆر خۆشحاڵم کە بەشار ئەسەد نەماوە، بەڵام دەبێت رێز لە هەموو پێکهاتە جیاوازەکان و نەتەوەکان بگیرێت. هیوام وایە ئەوان بگۆڕێن بۆ ئەوەی ببنە هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەڵام هێشتا رێگەیەکی درێژیان لەپێشە".
هاوکات سیناتۆر جین شاهین، کە مانگی ئابی رابردوو سەردانی سووریای کردبوو، بە رووداوی گوت: "خەڵکی سووریا دەیانەوێت وڵاتەکەیان یەکگرتوو بێت، بەڵام یەکگرتووییەک کە ئازادیی ئایینی و ئازادی بۆ کەمینە نەتەوەییەکان دەستەبەر بکات و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەوانەدا بکرێت کە تاوانی گەورەیان کردووە".
سەبارەت بە پرسی خۆبەڕێوەبەری لە سووریا، شاهین گوتی: "ئەمە یەکێکە لەو شتانەی پێویستی بە چارەسەرە، بەڵام بە بڕوای من یەکگرتوویی سووریا گرنگە".
پشتیوانی لە مافی کورد و دژایەتیکردنی تیرۆر
سیناتۆر بێن رەی لوجان، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مافی کورد لە سووریا و هاوپەیمانانی ئەمریکا، جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەیە گوێ لە دۆستانی ئەمریکا بگرێت.
لوجان بە رووداوی گوت: "سەبارەت بە کارکردن لەگەڵ ئەو خەڵکەی لە سەرانسەری جیهان پشتیوانی لە ئەمریکا دەکەن و ئامانجمانی هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە؛ ئامادەم گوێیان لێ بگرم و لێیانەوە فێربم". هەروەها هۆشداریدا لەوەی "ئەوانەی کە نیازیان خراپە و رێکخراوی تیرۆریستین، ئێمە رووبەڕووی ئەو کەڵەگاییە دەبینەوە و لێیان قبووڵ ناکەین".
هەروەها سیناتۆر کۆری بوکەر هیواخواز بوو قۆناخی نوێی سووریا دەرفەتێک بێت بۆ دیموکراسی و ئازادی و رایگەیاند: "هەرچیم لە توانادا بێت دەیکەم بۆ پشتیوانیکردن لە گەلی سووریا لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیاندا".
.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ