نەدیم زەهاوی چووە نێو پارتە دژە کۆچبەرەکەی بەریتانیا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەدیم زەهاوی، سیاسەتڤانی کورد و وەزیری پێشووی دارایی بەریتانیا، جیابوونەوەی لە پارتی پارێزگاران و پەیوەندیکردنی بە پارتی "ریفۆرم"ـەوە راگەیاند و دەڵێت، بەریتانیا "داڕماوە" و پێویستی بە سەرکردایەتیی نایجل فاراژە.
 
نەدیم زەهاوی، کە بە رەچەڵەک کوردی فەیلییە و پێشتر چەندین پۆستی باڵای حکومیی هەبووە، لەوانە وەزیری پەروەردە و سەرۆکی پارتی پارێزگاران، نوێترین کەسایەتیی دیارە کە ریزەکانی پارتە نەریتییەکەی بەریتانیا جێدەهێڵێت و دەچێتە نێو پارتە راستڕۆکەی نایجل فاراژ.
 
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لەگەڵ فاراژ، زەهاوی گوتی: "ئیلهامم لە ئامادەیی فاراژ وەرگرتووە بۆ گوتنی راستییە سەختەکان، لەبری ئەوەی لەپشت درۆیەکی ئاسوودەبەخشەوە خۆی بشارێتەوە."
 
زەهاوی کە ساڵی 2022 ماوەیەک وەزیری دارایی بەریتانیا بوو، پێیوایە وڵاتەکەی پێویستی بە گۆڕانکارییە و گوتی: "بەریتانیا بەڕاستی پێویستی بە کەسایەتییەکی وەکو نایجل فاراژە بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکوەزیران."
 
پارتی پارێزگاران بە تووندی رەخنەی لەم هەنگاوەی زەهاوی گرت. گوتەبێژێکی پارتەکە رایگەیاند، پارتی ریفۆرم "خەریکە بە خێرایی دەبێتە پارتی ئەو سیاسەتڤانە بەسەرچووانەی بەدوای پاروویەکی دیکەی چەوردا دەگەڕێن."
 
پارتە کۆنەکەی زەهاوی ئەوەشی بیرهێنایەوە کە ناوبراو پێشتر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان فاراژی بە "رەگەزپەرست" ناوبردووە و گوتوویەتی "دەترسێت لە وڵاتێکدا بژی کە لەلایەن فاراژەوە بەڕێوەببرێت."
 
نەدیم زەهاوی، تەمەن 58 ساڵ، لە منداڵیدا وەک پەنابەر و بەبێ ئەوەی زمانی ئینگلیزی بزانێت رووی لە بەریتانیا کردووە. پێش ئەوەی بچێتە نێو جیهانی سیاسەت، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای بەناوبانگی راپرسیی (YouGov).
 
لە کانوونی دووەمی 2023، زەهاوی بەهۆی کێشەی خۆدزینەوە لە باج، لە پۆستی سەرۆکایەتیی پارتی پارێزگاران دوورخرایەوە.
 
پارتی ریفۆرمی بەریتانیا، کە لە ساڵی 2021 لەسەر پاشماوەی پارتی برێکزت دامەزرا، پارتێکی راستڕۆی دژە کۆچبەرە، پار بە شێوەیەکی بەرچاو جەماوەری زیادیکردووە. هەروەها لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ساڵی رابردووی ئینگلتەرا، پارتەکە توانی زۆرترین ژمارەی کورسی بەدەستبهێنێت و ببێتە هێزێکی سیاسیی کاریگەر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ هەڕەشە لە کوبا دەکات: رێککەوتن بکەن پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت

سەرۆکی ئەمریکا داوا لە کوبا دەکات بە زوویی لەگەڵ واشنتن رێکبکەوێت، ئەگەرنا "هیچ پارە و نەوتێکی" دەستناکەوێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوپەیمانی سەرەکیی کوبا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا دەستگیر کرا