ئەمریکا داوا لە بەشێک لە کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی دەکات ئیسرائیل جێبهێڵن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی نوێی گەشتکردنی بڵاوکردەوە و مۆڵەتی بە کارمەندە ناپێویستەکانی حکومەت و خێزانەکانیان داوە خاکی ئیسرائیل جێبهێڵن؛ ئەمەش وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی "تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی".

رۆژی هەینی، 27-02-2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی بوونی مەترسی لەسەر سەلامەتیی گیانیان، بڕیاری "رێگەدان بە جێهێشتنی خۆبەخشانە" بۆ ئەو کارمەندانەی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەکان دەرکراوە کە کارەکانیان زۆر پێویست نییە، لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خێزانەکانیان.
 
سنووردارکردنی هاتووچۆی دیپلۆماتکاران
 
لە راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا دا لە ئۆرشەلیم- قودسدا هاتووە، لەوانەیە بەهۆی رووداوە ئەمنییەکانەوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، گەشتکردنی کارمەندانی حکومەتی ئەمریکا بۆ هەندێک ناوچەی ناو ئیسرائیل، بەشە کۆنەکەی قودس و کەرتی رۆژئاوا بە تەواوی قەدەخە یان سنووردار بکرێت.
 
باڵیۆزخانەکە داواشی لە هاووڵاتیانی ئەمریکی کردووە، ئەگەر دەیانەوێت ئیسرائیل جێبهێڵن، تاوەکو گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان بەردەستن، سوود لەو دەرفەتە وەربگرن.
 
هۆشداریی ئەمریکا بۆ ناوچەکە
 
واشنتن نەخشەیەک بۆ گەشتکردنی هاووڵاتیانی دیاریکردووە کە تێیدا چەند ناوچەیەکی وەک "قەدەخەی تەواوەتی" پۆلێن کردووە:
 
کەرتی غەززە و دەوروبەری (تاوەکو مەودای 11 کم): قەدەخەی تەواوەتی گەشتکردن.
 
باکووری ئیسرائیل (تاوەکو مەودای 4 کم لە سنووری لوبنان و سووریا): قەدەخەی گەشتکردن بەهۆی چالاکییە سەربازییەکان.
 
سنوورەکانی میسر (تاوەکو مەودای 2.4 کم): قەدەخەی گەشتکردن، جگە لە دەروازەی تابا.
 
ئیسرائیل و کەرتی رۆژئاوا: پێویستە هاووڵاتیان پێداچوونەوە بە بڕیاری گەشتەکانیاندا بکەن.
 
ئەم بڕیارەی واشنتن بۆ کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە کاتێکدایە، دوێنێ سێیەم گەڕی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ بەڕێوەچوو. بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان دەستپێبکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ دەرچەیەک بۆ رێککەوتنی نێوان واشنتن و تاران دیار نییە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

تانکێکی پاکستانی بەرەو رووی ئەفغانستان وەستاوە. وێنە: AFP

وەزیری بەرگریی پاکستان: لە جەنگێکی کراوەداین لەگەڵ ئەفغانستان

رۆژی هەینی، سوپای پاکستان چەند ناوچەیەکی ئەفغانستانی بۆردوومان کرد، لەنێویاندا کابولی پایتەخت. وەزیری بەرگریی پاکستان دەڵێت، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەفغانستان لە "جەنگێکی کراوەدا"یە.