رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت رایدەگەیێنێت، 48 هەزار و 600 جۆر ئاژەڵ و رووەک مەترسیی لەنێوچوونیان لەسەرە، کە لەنێویاندا پێنج جۆریان لە عێراقن. گۆڕانی کەشوهەواش وەک دیارترین هۆکاری ئەم مەترسییە دادەنرێت.
یەکێتییەکە لە ساڵی 1964ـەوە دامەزراوە و بارەگاکەی لە بەریتانیایە. نەتەوە یەکگرتووەکان، وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەش پشت بە ئامارەکانیان دەبەستن بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ژیانی رووەک و ئاژەڵان.
ئەو یەکێتییە لە نوێترین راپۆرتی دا ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو رۆژی 26-02-2026، نزیکەی 172 هەزار و 620 جۆر ئاژەڵ و رووەکیان تۆمار کردووە. لەو ژمارەیە، 48 هەزار و 600 جۆریان لە مەترسیی لەنێوچووندان، کە دەکاتە 28%ی کۆی زیندەوەرە تۆمارکراوەکان.
مەترسییەکان بەپێی جۆری زیندەوەرەکان:
رووەکە خورمانماکان (سایکاد): 71%ـیان مەترسییان لەسەرە (بەرزترین ئاست).
مەرجانی بەربەستی: 44%ـیان لە مەترسیدان.
ئاژەڵە وشکاوەکییەکان: 41%.
قرشەکان: 38%.
رووەکە قۆچەکییەکان (وەک سنۆبەر): 34%.
شیردەرەکان: 26%.
بەپێی راپۆرتەکە، دەریای نێوەڕاست بە تۆمارکردنی 28 هەزار و 823 جۆر زیندەوەر کە لە مەترسی لە ناوچوونیان لەسەرە لە پلەی یەکەمی ناوچە جوگرافییەکان دێت. دوای ئەو، ئەورووپا بە 27 هەزار و 773 جۆر و پاشان کەنداوی فارس بە پێنج هەزار و 620 جۆر دێن.
لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکەشدا، ئامارەکان بەم شێوەیەن:
عێراق: 5 جۆر (دیارترینیان چۆلەکەی عێراقی و مارمێلکەی عێراقی).
تورکیا: 200 جۆر.
سووریا: 49 جۆر.
ئێران: 26 جۆر.
یەکێتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سرووشت، گۆڕانی کەشوهەوا بە دیارترین هۆکاری لەنێوچوونی زیندەوەرەکان دادەنێت. هاوکات توێژینەوەیەکی زانکۆی کەنەتیکتی ئەمریکی هۆشداری دەدات، ئەگەر رێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا نەکرێت، تاوەکو کۆتایی ئەم سەدەیە لە هەر سێ رووەک و ئاژەڵێک، دانەیەکیان لەنێو دەچێت.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووەتە هۆی تێکچوونی کاتی کۆچکردنی باڵندە و مێرووەکان؛ بۆ نموونە پەپوولەی مۆنارک کاتی کۆچکردنی لەگەڵ کاتی گوڵکردنی ئەو رووەکانە تێکچووە کە پێویستین بۆ پیتێنیان.
چۆن رێگری لە لەنێوچوونی زیندەوەرەکان بکرێت؟
پسپۆڕانی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە شەش هەنگاوی سەرەکی بە پێویست دەزانن، ئەوانیش:
- پاراستنی شوێنی مانەوەی زیندەوەرەکان.
- چاککردنەوەی ژینگە تێکچووەکان.
- تووندکردنی یاساکان دژی راوکردن و تێکدانی ژینگە.
- رێگری لە گۆڕانی کەشوهەوا.
- پەرەدان بە توێژینەوە زانستییەکان.
- بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ