بۆ یەکەمجار لە بەنگلادیش نوێژی مردوو لەسەر تەرمی لەشفرۆشێک دەکرێت

12-02-2020
کۆشش بێستانسووری
A+ A-

رووداو - هەولێر

چالاکڤانان لە بەنگلادیش بۆ یەکەمجار لە رێورەسمێکی ئیسلامیدا لەشفرۆشێک بەخاکدەسپێرن و کولتووری ئەو وڵاتە زۆرینە موسڵمانە دەشکێنن، کچی ئەو لەشفرۆشەش دەڵێ، دواجار دایکی بە شێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ کراوە.
 
حەمیدە بێگوم ئەو لەشفرۆشە بوو کە لە یەکێک لە گەورەترین خانەکانی لەشفرۆشیی جیهان کاری دەکرد، هەفتەی رابردوو بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی 65 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
 
هەرچەندە کاری لەشفرۆشی لە بەنگلادیش یاساییە، بەڵام سەرکردە ئیسلامییەکان لە رابردوودا رەتیانکردووەتەوە کە نوێژی مردوویان لەسەر بکەن، بەڵکو تەرمەکانیان لە گۆڕی بێ ناونیشاندا بەخاکدەسپێردران یاخود فڕیدەدرانە نێو رووبارەکانەوە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک لەشفرۆش پۆلیسیان قایلکردووە بۆئەوەی قسە لەگەڵ سەرکردە ئاینییەکان بکەن رێوڕەسمی پرسەی فەرمی بۆ حەمیدە بێگوم ئەنجامبدەن، دواجار ئیمامێک قایلبووە بە ئەنجامدانی نوێژ لەسەر تەرمی حەمیدە؛ بەڵام ئیمامەکە وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە کە ئایا لە ئیسلامدا نوێژی مردوو لەسەر تەرمی لەشفرۆش دروستە یاخود نا.
 
زیاتر لە 200 کەس نوێژی مردوویان لەسەر تەرمی حەمیدە کردووە، لەنێویاندا کوڕەکەی و کچە 35 ساڵەکەی هەبوون کە کچەکەشی لە یەکێک لە خانەکانی لەشفرۆشی هەمان کاری دایکی دەکات.
 
کچەکەی حەمیدە دەڵێ "هەرگیز بە خەونیش بیرم لەوە نەکردووەتەوە کە بەم شێوە شەرەفمەندانە ماڵئاوایی لە دایکم بکرێت، دایکم دواجار بە شێوەیەکی مرۆڤانە مامەڵەی لەگەڵ کرا".
 
ئەو خانەی لەشفرۆشییەی کە حەمیدە کاری تێدا دەکرد، نزیکەی سەدەیەک پێش ئێستا لەلایەن بەریتانیاوە دامەزرێندرابوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە