رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا دەڵێت لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن باسی جەنگی ئۆکراینا و هەنگاوەکانی چارەسەرکردنی ناکرێت.
رۆژی چوارشەممە 12-02-2025 ستێفن هێبێسترێت، گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتی "هیچ ئاماژەیەکی روونم لێ دیار نییە کە گفتوگۆ [لەبارەی ئۆکراینا] نزیک بێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن."
کۆنفرانسی میونشن یەکێکە لە گرنگترین کۆنفرانسەکانی ئاسایش لە جیهاندا و تێیدا سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەکانی ئاسایشی جیهاندا دەکەن. ئەم ساڵ کۆنفرانسەکە لە 14ـی شوبات تاوەکو 16ـی هەمان مانگ بەڕێوەدەچێت.
لە چەند هەفتەی رابردوو دا، لێدوانە ئاگرینەکانی مۆسکۆ، کیێڤ و واشنتن پەیامی ئەوەیان هەبوو، کە ئەگەری هەیە لە میونشن گفتوگۆ لەسەر وەستاندنی جەنگی نزیک سێ ساڵی ئۆکراینا و رووسیا بکرێت.
بڕیارە ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رۆژی هەینی 16-02-2025، لە پەراوێزی کۆنفرانسەکە دا لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و باسی ئۆکراینا بکەن.
هێبێسترێت گوتی "نابێت هیچ بڕیارێک لەسەر ئۆکراینا بەبێ ئۆکراینا بدرێت، مەرجە ئەوان خۆیان بڕیار بدەن کە چۆن لەگەڵ رووسیا دەچنە نێو دانوستاندنەکانەوە."
گوتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا گوتیشی "ئاسانترین رێگە [بۆ راگرتنی جەنگ]، ئەوەیە سەرۆکی رووسیا سەربازەکانی خۆی بکشێنێتەوە و ئەو هەڵمەتە رابگرێت، کە گیانی سەدان هەزار کەسی سەندووە و چەندانیشی بریندار کردووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ