رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی ئازادیی نەمسا کە پارتێکی راستڕۆی تووندڕۆیە رایگەیاند، شکستیانهێنا لە پێکهێنانی هاوپەیمانیێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکەیان. ئەمە دوای ئەوەی لە دوایین هەڵبژاردندا زۆرینەی دەنگەکانی پەرلەمانی وڵاتەکەیان بەدەستهێنابوو.
رۆژی چوارشەممە، 12ـی شوباتی 2025، هێبەرت کیکل، سەرۆکی پارتی ئازادیی نەمسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "بەداخەوەین کە گفتوگۆکانمان شکستیانهێنا."
پارتی ئازادیی نەمسا لە هەوڵدابوو لەگەڵ پارتی گەلی نەمسا کە پارتێکی لیبراڵە حکومەت پێکبهێنێت. ئەمە دوای ئەوەی لە 4ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کارل نیهامەر، راوێژکاری پێشووی وڵاتەکە دەستی لەکارکێشایەوە و ئەلیکساندەر شاڵنبێرگ بووە راوێژکاری کاتیی وڵاتەکە.
رۆژی 4ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، نیهامەر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات نەگەیشتنە رێککەوتن لەسەر شێوازی چارەسەری کێشە سەرەکییەکان". گوتیشی "هاوپەیمانیێتیی نێوان پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات کۆتاییان پێهات."
راوێژکاری پێشووی نەمسا ئاماژەی بەوەشکرد، "دوای وەستانی گفتوگۆکان، ئەم هەنگاوانە دەگرمەبەر، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست لە هەردوو پۆستی راوێژکاری نەمسا و سەرۆکایەتیی پارتی گەلی نەمسا دەکێشمەوە."
ئەم هەنگاوەی راوێژکاری نەمسا دوای ئەوە هات کە پارتی لیبراڵی نەمسا لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ پارتی گەلی نەمسا و پارتی سۆسیال دیموکرات کشایەوە.
پێکهێنانی حکومەت بەبێ پارتی براوە
رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمان لە نەمسا بەڕێوەچوو. پارتی ئازادی 57 کورسی، پارتی گەلی نەمسا 51 کورسی، پارتی سۆسیال دیموکراتیش کە پارتێکی چەپی میانڕۆیە، 41 کورسیی بەدەستهێنا. هەروەها پارتی سەوزیش کە لە هاوپەیمانیی پارێزگاران پێکدێت، 16 کورسی بەدەستهێنا.
لە تشرینی یەکەمی پارەوە، پارتی لیبراڵی نەمسا، بە 18 کورسی، پارتی گەلی نەمسا بە 51 کورسی و پارتی سۆسیال دیموکرات بە 41 کورسی لە گفتوگۆدابوون بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی وڵاتەکە، بەڵام گفتوگۆی سێ لایەنە شکستیهێنا دوای ئەوەی کانوونی یەکەمی پار پارتی گەلی نەمسا کشانەوەی خۆی راگەیاند.
ئامانجی ئەم سێ پارتە لە پێکهێنانی حکومەت پەراوێزخستنی پارتی ئازادیی نەمسا بوو لە پێکهێنانی حکومەت، کە پارتێکی راستڕۆیە و 57 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنابوو.
پەرلەمانی نەمسا لە 183 کورسی پێکدێت. پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە 92 کورسییە.
پارتی ئازادیی نەمسا چەند جارێک بەشداری پێکهێنانی حکومەتی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام پێش هەڵبژاردنی ئەیلوولی رابردوو، هیچ جارێک نەیتوانیبوو زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ