رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا دەڵێت، پارتی راستڕۆ تووندڕۆی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) لە ئەڵمانیا، نوێنەرایەتیی داهاتووی ئەو وڵاتە دەکات، کە گەورەترین ئابووری لە یەکێتیی ئەورووپادا هەیە.
رۆژی چوارشەممە 12-02-2025 ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا لەگەڵ ئالیس وایدل، بەربژێری راوێژکاری ئەڵمانیا لەسەر پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا (AFD) کۆبووەوە و لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانی گوتی: "پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پارتێک نییە کە سەرکردەکەی لەلایەن زۆربەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی ئەورووپاوە پێشوازیی لێبکرێت، بەڵام ئێمە ئەوەمان گۆڕی و بۆیە لێرەین."
ئۆربان بەڵێنیداوە، پارتە راستڕۆ تووندڕۆکانی ئەورووپا لە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسل یەکبخات.
ئۆربان چەندینجارە لە بوداپێستی پایتەختی هەنگاریا پێشوازیی لە سەرکردە راستڕۆکان دەکات، بەڵام کۆبوونەوەی لەگەڵ وایدل، کە هاوسەرۆکی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیایە، بۆ یەکەمجار بوو. ئەمە لەکاتێکدایە، جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا پارتێکی تووندی دژە کۆچبەریی ئەڵمانیایە و رەخنەی زۆری لێدەگیرێت.
سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا وایدلی بە "جەنگاوەری ئازادی" وەسفکرد و گوتی، سیاسەتی پارتەکەی ئەوان سوود بە هەنگاریا دەگەیێنێت.
ئۆربان گوتیشی: "بەڕوونی دیارە AFDداهاتووە."
وایدل سوپاسی ئۆربانی کرد و گوتی: "دەتوانم بەڵێن بدەم ئێمە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا، لەسەر رێچکەی هەنگاریا دەڕۆین، کە نموونەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە."
راپرسییەکان دەریدەخەن، لایەنگرانی پارتی جێگرەوە لە ئەڵمانیا لە زیادبووندان، ئەمە لە کاتێکدایە ئەڵمانیا خۆی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان ئامادە دەکات کە بڕیارە لە 23ـی شوباتی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
مانگی پێشوو، فرێدریک مێرز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات (CDU) کە پارتێکی پارێزگارە رایگەیاند، هاوئاهەنگیی لەگەڵ پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا دەکەن، ئەمەش بوومەلەرزەیەکی سیاسی لەنێو پەرلەمانی وڵاتەکەدا دروستکرد؛ بەهۆی ئەوەی پارتە چەپ و میانڕۆکان رێککەوتبوون کار لەگەڵ AFD نەکەن.
بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، هاوپەیمانێتیی CDU/CSU لە پلەی یەکەمە و 30٪ـی هەیە، پارتی جێگرەوە بە 21٪ لە پلەی دووەم دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ