زیلینسکی: لەسەر بەدیهێنانی ئاشتی قسەم لەگەڵ ترەمپ کرد

12-02-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، بە تەلەفۆن گفتوگۆیەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کردووە و باسیان لە بەدیهێنانی ئاشتی کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە، پێش ئەوە سەرۆکی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا کرد و "رێککەوتن پێکەوە کاربکەن."
 
رۆژی چوارشەممە 12-02-2025 ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "بە تەلەفۆن گفتوگۆیەکی باشم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. بە درێژی باسی دەرفەتەکانی بەدەستهێنانی ئاشتیمان کرد، گفتوگۆمان لەسەر ئامادەیی خۆمان بۆ کارکردن لەسەر ئاستی تیم کرد. من سوپاسگوزاری سەرۆک ترەمپم بۆ ئەوە خواستەی هەیەتی."
 
سەرۆکی ئۆکراینا نووسی، هیچ لایەنێک هێندەی ئۆکراینا ئاشتی ناوێت، پێکەوە لەگەڵ ئەمریکا، "هەنگاوەکانی داهاتوو دەنێین بۆ راگرتنی دووژمنکارییەکانی رووسیا، هەروەها دڵنیابوونەوە لە ئاشتییەکی باوەڕپێکراو و درێژ. هەروەک سەرۆک ترەمپ گوتی، با بیکەین."
 
زیلینسکی هەروەها نووسی: "رێککەوتین لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکانمان درێژە پێبدەین و پلانی کۆبوونەوە دابنێین."
 
پێش ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی ترووس سۆشیال رایگەیاند: "پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی بەرهەمدار و درێژم لەگەڵ سەرۆک ڤلادیمیر پووتین کرد."
 
بەگوتەی ترەمپ، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، هەردوو سەرۆکەکە باسیان لە ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، وزە، هێزی دۆلار، ژیریی دەستکرد و چەندین بابەتی دیکە کردووە.
 
ترەمپ گوتی: "[لەگەڵ پووتین] رێککەوتین گیانلەدەستدانی ملیۆنان کەس لە جەنگی ئۆکراینا و رووسیا بوەستێنین و زۆر لە نزیکەوە پێکەوە کاربکەین. رێککەوتین تیمەکانمان دەستبەجێ دەست بە دانوستاندنەکان بکەن. لەبارەی ئەو تەلەفۆنەی لەگەڵ پووتین کردمان، قسە لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەکەین. نابێت هیچ کەسی دیکە بکوژرێن."
 
دوای قسەکردن لەگەڵ زیلینسکی، ترەمپ رایگەیاند: "سەرۆک زیلینسکی دەیەوێت ئاشتی بەدیبێت."
 
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپیی ئەمریکا لە کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "ئیدارەی ترەمپ چاوی لە کۆتاییهێنانی جەنگی رووسیا و ئۆکراینایە."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە