رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی رووسیا بڕیاریدا بڕێکی زۆر لە سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکان وەک هاوکاریی مرۆیی بۆ وڵاتی کوبا بنێرێت، ئەوەش دوای ئەوەی ئەو دوورگەیە بەهۆی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکاوە تووشی خراپترین قەیرانی وزە بووە و سێکتەری گواستنەوەی ئاسمانی و ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییانی پەکخستووە.
وەزارەتى گەشەپێدانی ئابووریی رووسیا رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوباتى 2026 رایگەیاند، ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ ناردنی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بۆ کوبا. ئەم بڕیارە وەک هەنگاوێکی بەپەلە دەبینرێت بۆ رێگری لە پەککەوتنی تەواوەتیی ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە کە لەژێر گوشارێکی تووندی نێودەوڵەتیدایە و نەوتی پێویستی بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و ئامرازەکانی گواستنەوە لەبەردەستدا نەماوە.
بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "ئیسڤێستیا"ی رووسی، بەرپرسانی وەزارەتی گەشەپێدان رایانگەیاندووە، "بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستمانن، رووسیا بەمزووانە نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان وەک هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە کوبا دەکات".
کۆشکی کرێملین رۆژی دووشەممە واشنتنی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت "خنکاندنی سیاسی" بەسەر ئەو وڵاتەدا بسەپێنێت و رێگری لە گەیشتنی سەرچاوە سەرەتاییەکانی ژیان دەکات.
ئاژانسی فیدراڵیی گواستنەوەی ئاسمانیی رووسیا (رۆساڤیاستا) ئاشکرای کرد، بەهۆی کەمیی سووتەمەنی لە فڕۆکەخانەکانی کوبا، کۆمپانیاکانی وەک "رووسیا ئیرلاینز" و "نۆردویند" ناچار بوون گەشتەکانیان تەنیا بۆ گەڕانەوەی گەشتیاران تەرخان بکەن.
ئاژانسەکە رایگەیاندووە، ئێستا گەشتەکان تەنیا لە هاڤانا و ڤارادێرۆوە بەرەو مۆسکۆ دەکرێن، تاوەکو دڵنیابن لە گەڕانەوەی ئەو 5,000 گەشتیارە رووسەی، کە لەو دوورگەیەدا گیریان خواردووە.
لە هەمان کاتدا، کوبا لەم رۆژانەدا رێکاری زۆر تووندی بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی سووتەمەنی گرتووەتە بەر، کە تێیدا رێگری لە زۆربەی فڕۆکە بیانییەکان دەکرێت لەو وڵاتەدا سووتەمەنی وەربگرن.
ئەمەش وایکردووە مۆسکۆ هۆشداری بداتە هاووڵاتییانی کە تاوەکو چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن، چونکە نادیاریی بارودۆخەکە مەترسیی لەسەر گەشتەکان دروست کردووە.
قەیرانی وزە لە کوبا دوای ئەوە قووڵتر بووەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگری لە گەیشتنی نەوتی ڤەنزوێلا بۆ ئەو دوورگەیە کرد.
کوبا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وزە، بۆ ماوەیەکی درێژ پشتئەستوور بووە بەو نەوتە هەرزانەی کە لە کاراکاسەوە بۆی دەهات، بەڵام تووندبوونی گەمارۆکانی ئیدارەی ترهمپ بەسەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلادا، ئەم شادەمارە ئابوورییەی پچڕاندووە و هاڤانای خستووەتە ناو تاریكییەکی دارایی و خزمەتگوزارییەوە.
پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و هاڤانا مێژوویەکی دێرینیان هەیە کە بۆ سەردەمی جەنگی سارد و ساڵی 1960 دەگەڕێتەوە. ئەو کات کوبا وەک بنکەیەکی ستراتیژیی یەکێتیی سۆڤیەت لە نزیک سنوورەکانی ئەمریکا دەبینرا و مۆسکۆ بەردەوام پاڵپشتیی دارایی و سەربازیی پێشکەش دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ