رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ئەمریکا رێکاری تووند دژی ئەو دایک و باوکانە دەگرێتەبەر کە پارەی بەخێوکردنی منداڵەکانیان قەرزدارن و لەرێگەی هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکانیانەوە، رێگرییان لێ دەکات گەشتی نێودەوڵەتی بکەن. ئەم هەنگاوە نوێیە بۆ چالاککردنەوەی یاسایەکی 30 ساڵ لەمەوبەرە کە ئامانجی ناچارکردنی باوانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانیان بەرامبەر منداڵەکانیان.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە، 12ـی شوبات رایگەیاند، دەست دەکات بە هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتی ئەو کەسانەی بڕێکی زۆر پارەی بەخێوکردنی منداڵەکانیان نەداوە.
سێ بەرپرسی ئەمریکی ئاماژەیان بەوە کردووە، واشنتن دەیەوێت لەرێگەی تووندکردنی رێکارەکانەوە، جێبەجێکردنی یاسایەکی ساڵی 1996 فراوانتر بکات کە رێگە بە حکومەتی فیدراڵی دەدات پاسپۆرتی ئەمریکی بسەنێتەوە تاوەکو ئەو کاتەی قەرزەکان پاکتاو دەکرێن.
وێڕای ئەوەی یاسای فیدراڵی پێشتریش رێگەی بەم هەنگاوە دەدا بۆ ئەو کەسانەی زیاتر لە 2,500 دۆلار قەرزدارن، بەڵام وەزارەتی دەرەوە تەنیا لە کاتی نوێکردنەوەی پاسپۆرتدا ئەم رێکارەی دەگرتەبەر.
ئێستا وەزارەتەکە بڕیاریداوە بە شێوەیەکی چالاکانە و بە پشتبەستن بە داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، پاسپۆرتەکان هەڵوەشێنێتەوە. بەرپرسان گوتیان، "لەم قۆناغەدا سەرەتا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە زیاتر لە 100 هەزار دۆلار قەرزدارن."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بابەتەکە سادەیە؛ ئەو دایک و باوکانەی ئەرکی خۆیان جێبەجێ ناکەن، پێویستە قەرزەکانی منداڵەکانیان بدەن." بەپێی ئامارەکان، کەمتر لە 500 کەس لە ئەمریکا هەن کە بڕی قەرزەکانیان لە سەرووی 100 هەزار دۆلارە و دەتوانن بە رێککەوتن لەسەر پلانێکی دانەوەی قەرز، رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکانیان بکەن.
پڕۆگرامی رەتکردنەوەی پاسپۆرت لە ساڵی 1996ـەوە توانیویەتی نزیکەی 621 ملیۆن دۆلار لەو قەرزانە بۆ منداڵان بگەڕێنێتەوە. نۆ حاڵەتی کۆکردنەوەی پارە تۆمارکراون کە تێیاندا بڕی قەرزەکان لە 300 هەزار دۆلار زیاتر بووە.
ئەم یاسایە بەشێک بووە لە هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی خێزانەکان بە هاوکارییەکانى حکومەتى فیدراڵی و گواستنەوەی بەرپرسیارێتییەکە بۆ سەر شانی دایک و باوکەکان.
سیاسەتی "سەپاندنى پاڵپشتی منداڵ" لە ئەمریکا مێژوویەکی درێژی هەبووە و حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی هەیە نەک تەنیا پاسپۆرت بسەنێتەوە، بەڵکو دەتوانێت دەست بەسەر مووچە، گەڕانەوەی باج و تەنانەت مۆڵەتی شۆفێریی قەرزدارانیشدا بگرێت.
بە دابەزاندنی ئاستی قەرزەکان لە داهاتوودا، پێشبینی دەکرێت هەزاران کەسی دیکە رووبەڕووی ئەم سزایانە ببنەوە، کە ئەمەش وەک فشارێکی سیاسیی ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت بۆ چەسپاندنی بەها خێزانییەکان و کەمکردنەوەی تێچووەکانی حکومەت لە کەرتی چاودێریی کۆمەڵایەتیدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ