پەرلەمانی ئەورووپا پڕۆژەبڕیاری پاراستنی کورد و کەمینەکانی پەسند کرد؛ هۆشداریی لە تاوانی جەنگ دەدات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەبڕیارێکی لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا پەسند کرد. پەرلەمان هۆشداری دا، ئەو تووندوتیژییانەی لەو ناوچەیە کراون، رەنگە بگەنە ئاستی "تاوانی جەنگ" و داوای کرد مافە دەستوورییەکانی کورد و هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بن.
 
تاوانەکان و نیگەرانییە مرۆییەکان
 
لە پڕۆژەبڕیارەکەی رۆژی پێنجشەممە 12-02-2026، ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا جەختیان کردەوە، کوشتنی هەڕەمەکی، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، ئاوارەکردنی بەکۆمەڵ و هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی، پێشێلکردنی مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکانن. 
 
پەرلەمان ئاماژەی بە راپۆرتە باوەڕپێکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، تێیاندا باس لە "سوکایەتیکردن بە تەرمەکان، تێکدانی گۆڕستانەکان و بەکارهێنانی چەکی قورس لە ناوچە نیشتەجێبووەکان" دەکەن، بەتایبەتی دژی دانیشتووانە کوردەکە.
 
پشتگیریی بێ مەرج بۆ ئاگربەست
 
پەرلەمانی ئەورووپا پێشوازی لەو رێککەوتنە کرد کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی سووریادا واژۆ کراوە. پەرلەمان پشتگیریی تەواوی خۆی بۆ ئاگربەست و ناساندنی مافە مەدەنی و کولتوورییەکانی کورد دووپات کردەوە. هاوكات داوای لە هێزە هەرێمییەکان، بەتایبەتی تورکیا، کرد "لە هەر جۆرە کارێکی سەربازی یان پشتگیریکردنی گرووپە چەکدارەکان دووربکەونەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاگربەست."
 
پاراستنی هەمەجۆریی نەتەوەیی و ئایینی
 
لە بڕیارەکەدا هاتووە، سەقامگیریی باکووری رۆژهەڵات بۆ گواستنەوەیەکی سیاسیی دادپەروەرانە زۆر گرنگە. پەرلەمان داوای لە دەسەڵاتدارانی سووریا کرد، گەرەنتیی مافی هەموو پێکهاتەکان بکەن، لەوانە: (عەرەب، کورد، سوننە، شیعە، عەلەوی، کریستیان، درووز و ئێزدی). پەرلەمان جەختی کردەوە، "دانپێدانانی تەواو، مافی یەکسان و بەشداریی سیاسیی کورد" بۆ سووریایەکی سەقامگیر زۆر پێویستە و دەبێت ئەم گەرەنتییانە لە ناو "دەستوور"دا بچەسپێنرێن.
 
مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش
 
پەرلەمان نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی لەبارەی هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندان و کەمپەکانی رۆژئاڤا. هۆشداریشی دا، سپاردنی بەرپرسیارێتیی دەستگیرکراوەکان بە عێراق، دەبێتە هۆی دروستبوونی نادڵنیایی و وابەستەبوون بە وڵاتی سێیەم. 
 
پەرلەمان داوای لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە هاووڵاتییەکانی خۆیان، بەتایبەتی منداڵان، لە کەمپەکانی (هۆل و رۆژ) بگەڕێننەوە و گەورەکانیش رووبەرووی دادگەیەکی دادپەروەرانە بکەنەوە.
 
رەخنە لە کشانەوەی ئەمریکا
 
پەرلەمانتاران نیگەرانیی خۆیان بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا و عێراق دەربڕی و داوایان کرد یەکێتیی ئەورووپا و هاوبەشەکانی هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە هەر سەرهەڵدانەوەیەکی داعش. پەرلەمان ستایشی رۆڵی یەکلاکەرەوەی هێزە کوردییەکان و بەتایبەتی "ژنە شەڕڤانانی" کرد لە شەڕی دژی تیرۆردا.
 
پەرلەمانی ئەورووپا جەختی کردەوە، هەر جۆرە مامەڵەیەک یان هاوکارییەک لەگەڵ حکومەتی سووریا، دەبێت "مەرجدار" بێت بە هەبوونی پێشکەوتنی بەرچاو لە پاراستنی سڤیلەکان، پابەندبوون بە ئاگربەست و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکان.
 
ئەم پڕۆژەبڕیارە بە کۆی 363 دەنگی بەڵێ، 71 دەنگی نەخێر و 81 دەنگی بێلایەن پەسند کرا.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە: پاسپۆرت و پسوڵەی قەرز

ئەمریکا پاسپۆرت لەو دایک و باوکانە دەستێنێتەوە کە پارەی بەخێوکردنی منداڵەکانیان نەداوە

حکومەتی ئەمریکا رێکاری تووند دژی ئەو دایک و باوکانە دەگرێتەبەر کە پارەی بەخێوکردنی منداڵەکانیان قەرزدارن و لەرێگەی هەڵوەشاندنەوەی پاسپۆرتەکانیانەوە، رێگرییان لێ دەکات گەشتی نێودەوڵەتی بکەن. ئەم هەنگاوە نوێیە بۆ چالاککردنەوەی یاسایەکی 30 ساڵ لەمەوبەرە کە ئامانجی ناچارکردنی باوانە بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە یاساییەکانیان بەرامبەر منداڵەکانیان.