رووداو دیجیتاڵ
لانیکەم دوو کەس بەهۆی لافاوەوە لە کالیفۆرنیا گیانیان لەدەستدا. هەزاران کەسیش ناچاربوون ماڵەکانیان جێبێڵن و بەنداوێکیش رووخاوە.
رۆژی شەممە، 11ـی ئاداری 2023، لویس ئەلێهۆ، سەرپەرشتیای ناوچەی مۆنتێرێی کالیفۆرنیا لە تویتێکدا نووسی: "ئومێدەوارین بتوانین ئەم بارودۆخە تێپەڕێنین و رێگری لە کارەسات بکەین، بەڵام خراپترین سیناریۆ ئێستا روودەدات و بەنداوێک بەهۆی زۆربوونی ئاوی رووباری پاهارۆوە تێکشکاوە."
لای خۆیەوە، نانسی وۆرد، بەڕێوەبەری ئاژانسی باری لەناکاو لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەڵێت لانیکەم دوو کەس بەهۆی شەپۆڵە نوێیەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
چەند دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە تیمەکانی بەهاناوەچوون خەڵکی رزگاردەکەن، لەکاتێکدا بەهۆی لافاوەوە لە ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیاندا گیریان خواردووە. هاوکات، دانیشتووانی چەند شارۆچکەیەکی کالیفۆرنیا ئاگادارکراونەتەوە بۆ ئەوە ماڵاکانیان جێبێڵن.
بەگوێرە سەقاناسیی ویلایەتەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم 23 سانتیمەتر باران لە ویلایەتەکە باریوە.
رۆژی هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی ئیمێرجێنسی دەرکرد بۆ ئەوەی هاوکاری بگەیێندرێتە لێقەوماوانی لافاو.
لای خۆیەوە، گاڤین نیوسۆم، حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا گوتی کە "هەموو ئامڕازێک بەکاردێنین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکان لە لافاو بپارێزن".
لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەفر و بارانێکی زۆر رووی لە ویلایەتە کردووە، تەنیا لە مانگی کانوونی دووەمدا، 20 کەس بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ