ترەمپ دەڵێت 'دووژمنی ناوخۆ زۆرە' مەبەستی چییە و کێیە؟

12-03-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لەوکاتەوەی گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تووڕەییەکی زۆری بەرامبەر نەیارە سیاسییەکانی، هاوپەیمانەکانی پێشوو، بەرپرسانی حکومی و تەنانەت ئەو لێکۆڵینڤانانە دەربڕیوە، کە لێکۆڵینەوەیان لە پەراوەکانی کردووە. ئەو پێیان دەڵێت: "دووژمنی ناوخۆ."
 
هەر لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا؛ ترەمپ لە دژی چەندین بەرپرسی باڵا هەنگاوی ناوە، لەوانەش بە دەرکردنیان، لابردنی پاسەوانی تایبەتیان یان رێگەگرتن لێیان لەوەی دەستیان بە زانیاریی هەواڵگری بگات.
 
چەندین کۆمپانیای یاسایی گرێبەستە حکومییەکانیان لەدەستدا و کارمەندەکانیشیان دەرکران.
 
لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنیدا، ترەمپ زوو زوو بەو جۆرە ئامانجانەی دەگوت: "دووژمنی ناوخۆ، بەدکار و نەخۆش"؛ چەندین جاریش دەیگوت، ئەگەر ببێتەوە سەرۆک، هەنگاویان لە دژ دەنێت.
 
بەشێک لە ئامانج و هەنگاوەکانی ترەمپ بەمشێوەیە بوون:
 
چەند بەرپرسێکی باڵا پاسەوانیان لێ سەندرایەوە
 
دوای ئەوەی هاتەوە کۆشکی سپی، ترەمپ رێگەی نەدا بایدن چیدیکە دەستی بە زانیاریی هەواڵگری بگات و لە سۆشیال میدیای خۆی نووسی: "جۆ، تۆ ئیدی دەرکراوی."
 
لە خوار بایدن، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا هەبوو؛ پاسەوانەکانی لەدەستدا، لە کاتێکدا پێشتر وانەبوو.
 
یەکێکی دیکە، جەنەراڵ مارک مایلی، سەرۆکی سوپاسالاری هاوبەش پاسەوانەکانی لەدەستدا. سەردەمێک فەرماندەی سەربازیی پلە یەکی ترەمپ بوو، دواتر ترەمپ بە "خیانەت و ناپاکی" تۆمەتباری دەکرد؛ مایلیش دەیگوت، "ئێران هەڕەشەم لێدەکەن."
 
ئەنتۆنی فاوچی، پزیشکی کۆشکی سپی، کە بەهۆی ئەوەی بڕیاری گرنگی لەسەر ڤاکسینی کۆرۆنا دا، هەڕەشەی کوشتنی لێدەکرا، پاسەوانەکانی لێ سەندرایەوە. جگە لەو، هەریەک لە مایک پۆمپەیۆ، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا و جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی پاسەوانیان نەما.
 
دەگوترێت پۆمپەیۆ لە ساڵی 2024 ویستی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا هەڵبژێرێت، بۆڵتنیش کە رەخنەگرێکی دیاری ترەمپ بوو، ئامانجی دیاری ئێران بوون و تەنانەت هێشتا چاویان لەسەرە. کۆشکی سپی دواتر رایگەیاند، ئەوان "بایی ئەوەندە پارەدارن" بۆ خۆیان پاسەوانی تایبەت بگرن.
 
کارمەندانی FBI دەرکران
 
چەندین بریکاری نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی و داواکاری گشتیی وەزارەتی داد کە لێکۆڵینەوەیان لە رووداوی هێرشی سەر کۆنگرێس لە 06-01-2021 کرد، کرانە ئامانج؛ چەندینیان دەرکران، پلەیان نزمکرایەوە یانیش گوازرانەوە شوێنی دیکە.
 
لە کۆتاییەکانی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ پشتڕاستی کردەوە چەندین بەرپرسی وەزارەتەکە کارەکانیان جێهێشتووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە جاک سمیس، راوێژکاری تایبەتەوە هەبوو. سمیس سەرپەرشتیی کەیسی دەستوەردان لە هەڵبژاردنی 2020ـی دۆناڵد ترەمپی دەکرد، هەروەها کەیسی ساختەکردنی چەند بەڵگەنامەیەک.
 
دوای ئەوەی ترەمپ هەڵبژاردنی بردەوە، هەردوو کەیسەکە وەستێنران. وەزارەتی داد گوتی: "متمانە بەو بەرپرسانە ناکەن بە دڵسۆزییەوە ئەجێندای سەرۆک جێبەجێ بکەن."
 
دەزگەی FBI زانیاری لەسەر ئەو بریکارانە کۆدەکاتەوە کە دەستیان لە لێکۆڵینەوەی هێرشەکەی سەر کۆنگرێس هەبوو، دەگوترێت دەیانەوێت ئەو کەسانە لە کارەکانیان لابدەن.
 
کۆمپانیا یاساییەکان سزادران
 
رۆژی 6ـی ئاداری ئەم ساڵ ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاریی واژۆکرد و کۆمپانیای (Perkins Coie)ـی سزادا. کۆمپانیاکە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2016ـدا راوێژی بە هیلاری کلینتن، رکاربەری ئەوکاتی ترەمپ دەدا. کۆمپانیاکە لە رێگەی ئاژانسێکی توێژینەوە، دۆسیەیەکی لەسەر ترەمپ دروستکرد، کە گوایە لەگەڵ رووسیا کاری کردووە.
 
ترەمپ لە فەرمانە جێبەجێکارییەکە کارەکانی کۆمپانیاکەی بە "ناڕاست و مەترسیدار" وەسفکرد و گوتی، ئەوان ساڵانێکە کاریگەرییان لەو وڵاتە کردووە. کۆشکی سپی پاسەوانی لە کۆمپانیاکە وەرگرتەوە، رێگەی لە کارمەندەکانی گرت بچنە نێو باڵاخانە حکومییەکان و هەموو گرێبەستە حکومییەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە هەڵوەشاندەوە.
 
کۆمپانیای پێرکینز هەفتەی رابردوو لە واشنتن سکاڵای تۆمارکرد و ئەو بڕیارەی ترەمپی بە "بێڕێزی بۆ دەستوور و هەراسانکردنی رکابەرەکانی" وەسفکرد. 
 
یەکێکی دیکە لە قوربانییەکانی ئەو بڕیارە، کۆمپانیای (Covington & Burling) بوو کە لە لێکۆڵینەوەکانی جاک سمیس یارمەتییان دەدا.
 
هەر لە بازنەی یاسایی ئەمریکا، ترەمپ چەند لایەن و کەسێکی دیکەشی کردە ئامانج. لە تشرینی دووەمی 2023 ترەمپ داوایکرد رێکاری یاسایی بەرامبەر لێتیتا جەیمس، داواکاری گشتیی نیویۆرک بگیرێتەبەر، ئەمەش بەهۆی ئەوەی جەیمس کەیسێکی "ساختەکاری" لەدژی ترەمپ جووڵاندبوو. 
 
کەیسەکە بووە هۆی ئەوەی ترەمپ 300 ملیۆن دۆلار پێبژاردن بدات و سێ ساڵیش لە نیویۆرک نەتوانێت بازرگانی بکات؛ لە ئەنجامدا جەیمس پاسەوانەکانی لێ وەرگیرانەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەشتی تاکسییەکانی چین بە دەنگ و ڤیدیۆ تۆمار دەکرێن.

بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا لە تاکسییەکانی چین، رێژەی تاوانی 7 هێندە کەمکردووەتەوە

دەمێکە چین سەردەمی تاکسی میتەر یان پێوەری ئەلیکترۆنی تێپەڕاندووە، جگە لە شوێنهەڵگر (GPS)، هەموو گەشتەکان بە دەنگ و ڤیدیۆ تۆماردەکرێن، ئەمەش وایکردووە تاوانی نێو تاکسی حەوت هێندە کەم بکات.