رووداو دیجیتاڵ
تەلاری پەرلەمانی ئەورووپا، کە ناوەندی بڕیاری یاسادانانی 27 وڵاتی ئەندامی یەکێتییەکەیە، بووەتە مەیدانی گوتوبێژێکی گەرم لەبارەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران.
دوای رەخنەگرتن و هێرشکردنە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، هەڵوێستی فەرمیی خۆی راگەیاند.
ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا گوتی: "ئەندامانی قەدرگران، کاری لەپێشینەی ئێمە پارێزگاریکردنە لە هاووڵاتییانمان و ئامادەکارییە بۆ کاریگەرییەکانی ئەم جەنگە. جەنابی وەزیر، ماریلانای ئازیز، دەمەوێ زۆر بە روونی بڵێم؛ ئێمە لێرە هەموومان بە هاوسۆزییەکی تەواوەوە لەگەڵ قوبرس دەوەستین، ئاسایشی ئێوە، ئاسایشی ئێمەیە. ئێمە کاریگەریی ئەم جەنگە لەسەر کەرتی وزە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینین. بەهۆی ئەو کارانەی لەم چەند ساڵەی دواییدا کردوومانە، ئەورووپا ئێستا کەمتر بەرکەوتەی هەیە، چونکە کەمکردنەوەی هاوردەکردنی سووتەمەنیی بەردینی و جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە بۆ ئێمە باش بووە. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە تووشی شۆکی نرخەکان نەبین؛ بازاڕی وزە جیهانییە و کێشەکانی وڵاتانی کەنداو کاریگەرییان لەسەر نرخەکان لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە."
لە نێو هۆڵی سەرەکیی پەرلەماندا، بەرپرسی شاندی پەرلەمان بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە تێگەیشتنی بۆ بۆردوومانکردنی پێگە سەربازییەکانی نێو ئێران هەیە، بەڵام رەخنەی لە نەبوونی ستراتیژیی روونی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت.
هانا نویمان، بەرپرسی شاندی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران رایگەیاند: "کاتێک هێرشەکانی نێوخۆی ئێران دەبینین، کە هێرش دەکەنە سەر بنکە سەربازییەکان، لەوە تێدەگەم؛ بەڵام دەبینین هێرش دەکرێتە سەر شوێنی دیکەش، بۆیە تێگەیشتن لەوە قورسە. پێموایە زۆر گرنگە کاتێک یەکێتیی ئەورووپا دەڵێ پێویستە ئەم رژێمەی ئێران نەمێنێ، لە هەمانکاتدا بە ترەمپ و نەتەنیاهووش بڵێ کە دەبێت ستراتیژییەکی باش و روونیان بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی سڤیل هەبێت، بۆیە پێویستە گوشار لەوانیش بکەین."
بە بڕوای بەشێک لە پەرلەمانتاران، پێویستە کۆدەنگییەکی ئەورووپی لەسەر هەڵوێستەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا هەبێت کە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکایە.
تۆماس گایزل، ئەندامی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: "بەڕێز پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کارێکی زۆر باش دەکات کە دەڵێت پێویستە دەست بۆ ئەمریکا درێژ نەکەین و یارمەتییان نەدەین لەم جەنگەدا، هەروەها ئەو بنکانەش دابخەین کە ئەمریکا بەکاریان دەهێنێ. ئێمە بە جدی پێویستە هاوکارییان نەکەین لەو جەنگەدا؛ هەموو هەنگاوێکمان دەبێ بۆ ئەوە بێت ئەم جەنگە لە زووترین کاتدا بوەستێت و تەواو بێت."
بۆ ئەو خەڵکەی کە ئەم پەرلەمانتارانە نوێنەرایەتییان دەکەن، ژیان و خۆشگوزەرانیی رۆژانەیان زۆر گرنگترە لەوەی بزانن کێ و لە کوێوە، هەزاران کیلۆمەتر دوور لەوان، خەریکی بۆردوومان و تۆپبارانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ