ترەمپ بۆ رێککەوتنی تریلیۆن دۆلاری بەرەو رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڕێکەوت

12-05-2025
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا بۆ واژۆکردنی رێککەوتنی وەبەرهێنان، بازرگانی، چەک و وزە؛ هەروەها بەهێزکردنی پەیوەندییەکان سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات؛ لەکاتێکدا وڵاتانی کەنداو بەدوای گەرەنتیی ئەمنی ئەمریکادا دەگەڕێن، ترەمپیش دەیەوێت نرخی نەوت دابەزێنێت و کێشەکانی ئێران، ئیسرائیل و فەلەستین چارەسەر بکات.
 
بڕیارە سبەی سێشەممە 13-05-2025 تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 16ـی مانگ؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەردانی هەریەک لە سعودیە، قەتەر و ئیمارات بکات لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 12-05-2025 ترەمپ گوتی: "بەرەو سعودیە، قەتەر و ئیمارات بەڕێدەکەوم. سەردانەکەم مێژوییە."
 
ترەمپ چاوی لەوەیە بە چەند رێککەوتن و وەبەرهێنانێک بگەڕێتەوە. کە بەهاکەیان نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلارە. بەگوێرەی پلانی گەشتەکە، فڕۆکەکەی ترەمپ سەرەتا لە ریاز دەنیشێتەوە، دواتر دەچێتە دەوحە و پاشان لە ئەبوزەبی کۆتایی بە گەشتەکەی دەهێنێت.
 
ترەمپ لە 20-01-2025ـەوە سەرۆکی ئەمریکایە و ئەمە خولی دووەمیەتی. تاوەکو ئێستا جگە لە ئامادەبوون لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس لە ئیتاڵیا، هیچ سەردانێکی فەرمی بۆ دەرەوەی ئەمریکا نەکردووە، ئەمە بە یەکەم سەردانی فەرمی دادەنرێت. لە خولی یەکەمیشی یەکەم سەردانی بۆ سعودیە بوو.
 
ترەمپ چی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەوێت؟
 
هێشتا ئامانجە گەورە و دیاریکراوەکەی ترەمپ لەو گەشتەیدا دیار نییە، لەوانەیە رێککەوتنی بەرگری، ئەمنی، چەک یان وەبەرهێنان بکات؛ دەشکرێت بەدوای هەندێک قازانجیی کەسیی خۆیەوە بێت و چەند پەیوەندییەکی بازرگانی دروستبکات. 
 
گریمانەکانی سەردانەکەی ترەمپ زۆرن، بەڵام سەرنجە سەرەکییەکە "پارە"ـیە، لەلایەکی دیکەش دەیەوێت نرخی نەوت دابەزێنێت، ئەمەش لەگەڵ پلانەکانی سعودیە یەکناگرێتەوە.
 
لە سیاسەتی دەرەوە، تیمی ترەمپ ئاماژەی جیا جیا دەنێرن. دەستلەکارکێشانەوەی مایکڵ وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، کە لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە نزیکەوە کاری لەسەر پلان لەدژی حووسییەکان و ئێران دەکرد، نیگەرانی کەنداوییەکانی زیاتر کرد.
 
ترەمپ کراوەیی خۆی لەسەر پرسی بەرنامەی ئەتۆمی پیشان داوە، بەڵام داوای راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم لە تاران دەکات، ئەمەش دەکرێت ببێتە خاڵی جێناکۆکی نێوانیان. ئەگەر دانوستاندنەکان شکستبهێنن، هەڵگیرسانی جەنگ ئەگەرە.
 
لەلایەکی دیکە ترەمپ دەیەوێت پەیماننامەی ئەبراهام (ئیبراهیم) فراوان بکات و هانی دروستکردنی پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و سعودیە بدات، بەڵام جەنگی غەززە ئەو هەنگاوەی تاڕادەیەک راگرتووە.
 
دەکرێت ترەمپ تەنیا بە رێککەوتنی چەک و وەبەرهێنان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بچێتە دەرەوە، بەڵام دەرفەتی گۆڕینی سیمای ناوچەکەش هەیە. دەکرێت رێککەوتنێکی ئەتۆمی و سیاسی لەگەڵ ئێران ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێنێتەوە. دەکرێت گوشارێکی زیاتریش بۆ پرسی ئاگربەستی غەززە بکرێت و رێگەی بە دەوڵەتبوونی فەلەستینیش ئاسۆیەکی هەبێت.
 
بەکورتی دەکرێت بڵێین خواستەکانی ترەمپ بریتین لە:
- واژۆکردنی رێککەوتنێکی گەورەی چەک و وزە لەگەڵ سعودیە بەبڕی 100 ملیار دۆلار.
- دەیەوێت زیاتر سەرنجی لەسەر پارە و بازرگانی بێت، نەک جیۆسیاسی.
- دەیەوێت وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنانی گەورە لە ئەمریکا بکەن.
- دەیەوێت پەیوەندیی بازرگانی دروستبکات.
- واژۆکردنی رێککەوتنێکی 200 بۆ 300 ملیار دۆلاری لەگەڵ قەتەر، بۆ وەبەرهێنان.
- سەرنج خستنە سەر ژیریی دەستکرد و وەبەرهێنان لە تەکنەلۆژیا.
- دەیەوێت نرخی نەوت دابەزێنێت و یارمەتیی ئابووریی وڵاتەکەی بدات.
- دەکرێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران یەکێک بێت لە خاڵەکانی ئەجێنداکەی.
- دەکرێت لەگەڵ وڵاتانی کەنداو رێککەوتنی ستراتیژی لە دژی ئێران بکات.
-دەیەوێت رێککەوتنی ئیبراهیم فراوان بکات.
- دەکرێت داوای گۆڕانکارییەکی سیاسی لەبارەی پرسی دەوڵەتی فەلەستین بکات.
 
وڵاتە عەرەبییەکان چییان دەوێت؟
 
هەرسێ وڵاتەکە لە کەنداون و بە وزە دەوڵەمەندن، هەرسێکیان دەیانەوێت ئەو دەرفەتە زێڕینە بقۆزنەوە و شتێکیان لەو سەردانە پێببڕێت. هەر سێ وڵاتەکە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ترەمپ دروستکردووە و وەبەرهێنانی زۆریان لە ئەمریکا کردووە، لە هەمووشی گرنگتر نێوەندگیریی کێشەگەلێکی زۆریان کردووە کە ترەمپ دەیەوێت لە دەستیان رزگاری بێت، هەر لە غەززەوە تاوەکو ئێران و ئۆکراینا.
 
سعودیە؛ مۆرکردنی رێککەوتنێکی ئەمنی و هەندێک بابەتی ئەتۆمی
 
بەگوتەی عەلی شیهابی، نووسەر و شارەزای کاروباری سعودیە و ناوچەکە، سعودیە و وڵاتانی دیکەی کەنداو سەرنجی سەرەکییان لەسەر "دەستخستنی گەرەنیتیی ئەمنییە لە ئەمریکا." ئەوان دەیانەوێت ئەمریکا دڵنیایان بکاتەوە، کە بە پاراستنی کەنداو "پابەند" دەبێت.
 
پار خەریکبوو سعودیە و ئیدارەی جۆ بایدن رێککەوتنێکی گەورەی بەرگری و بازرگانییان تەواو دەکرد، بەڵام لەبەر ئەوەی سعودیە داوای کرد ئیسرائیل هەنگاو بۆ داننان بە فەلەستین بنێت، گفتوگۆکانی ریاز و واشنتن ساردبوونەوە.
 
رێک دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ، محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە رایگەیاند، ئەوان خوازیارن بەبڕی 600 ملیار دۆلار لە ئەمریکا وەبەرهێنان بکەن کە ماوەکەی چوار ساڵە. 
 
دەکرێت ئەمە سەرنجی ترەمپی زیاتر راکێشابێت.
 
فیراس مەقسەد، بەڕێوەبەری کارگێڕیی بەشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە گرووپی کۆمپانیاکانی یۆراسیا، تایبەت بە راوێژی سیاسی و توێژینەوە گوتی: "پێدەچێت ترەمپ بەبێ گوێدانە پرسی فەلەستین و ئیسرائیل رێککەوتنی گەورە بکات، چونکە ئەو پێیوایە ئەو پرسە چیدیکە خاڵی لەپێشینە نییە."
 
بەگوتەی ئەو توێژەرە، سعودیە هەروەها چاوی لەوەیە داوای یارمەتیی ئەمریکا بکات، "بۆ ئەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی مرۆیی دابمەزرێنێت، بەڵام چونکە داوای پیتاندنی یۆرانیۆمی کردووە، ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی نیگەرانی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، بەهۆی ئەوەی ترسی ئەوەیان هەیە کە سعودیە هەنگاوی دروستکردنی چەکەکە بنێت."
 
ئەگەر ئەمریکا بەو داوایەی سعودیە رازیبێت، "دەکرێت کۆمپانیاکانی ئەمریکا قازانجێکی گەورە بکەن و گرێبەستی زۆر گەورە واژۆبکەن."
 
سعودیە پێیوایە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا سوودگۆڕکێن. لەلایەکی دیکەش ترەمپ گوتی، ئەگەر سعودیە بەبڕی یەک تریلیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکات، سەردانی ریاز دەکات. ترەمپ گوتی: "ئەوان بەمە رازی بوونە، بۆیە دەچمە ئەوێ."
 
تائێستا سعودیە ئەو بڕە گەورە پارەیەی پشتڕاستنەکردووەتەوە، بەڵام رایگەیاند لە چەند ساڵی داهاتوودا برەو بە وەبەرهێنان و بازرگانیی ئەمریکی دەدەن.
 
ئیمارات؛ خەونی پێشەنگبوون لە ژیریی دەستکرد و تۆکمەکردنی پەیوەندییەکان
 
ئیمارات وەبەرهێنانێکی زەبەلاح دەکات و دەیەوێت ببێتە پێشەنگێکی جیهانیی ژیریی دەستکرد، هەروەها دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ تووندوتۆڵتر بکات.
 
ئیبتیسام کیتبی، سەرۆکی ناوەندی سیاسەتی ئیماراتی بۆ توێژینەوە گوتی: "ئەمریکا گەرەنتیکارێکی زۆر گرنگی ئەمنیی ناوچەی کەنداوە، ئەمە جگە لەوەی ئابوورییەکی داینامیکی پڕ دەرفەت و توانا بۆ ناوچەکە دابین دەکات، کە هاوتەریبی پلانەکانی گەشەسەندنی ناوچەکەیە."
 
ئیمارات وەبەرهێنان وەکو رێگەیەکی سەرەکیی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا دەبینێت و پارەشی هەیە. ئەو وڵاتە پارەیەکی زۆری لە بازاڕەکانی ئەمریکا داناوە و ناویشی لەخۆی ناوە "پایتەختی پارە و وەبەرهێنان."
 
مانگی ئاداری ئەم ساڵ ئیمارات وەبەرهێنانێکی 1.4 تریلیۆن دۆلاری لە ژیریی دەستکرد، نیمچە گەیەنەر، وزە و دروستکردنی کەلوپەل راگەیاند، کە 10 ساڵ دەخایەنێت. بەگوێرەی باڵیۆزخانەی ئەبوزەبی لە واشنتن: "وەبەرهێنانەکانی ئێستای ئیمارات لە ئەمریکا گەیشتووەتە یەک تریلیۆن دۆلار."
 
ئەنوەر گەرگەش، راوێژکاری دیپلۆماسیی سەرۆکی ئیمارات رایگەیاند: "ئیمارات دەیەوێت بەشدارییەکی گەورە و کارا لە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو و ژیریی دەستکرد بکات. پلانی 1.4 تریلیۆن دۆلارییەکە هاوتەریبی ئامانجی ئەبوزەبییە بۆ ئەوەی ئابوورییەکەی خۆی هەمەچەشن بکات و تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت."
 
بۆ ئەوەی لە ژیریی دەستکرد پێشەنگ بیت، پێویستیت بە ژمارەیەکی زۆر (مایکرۆچیپ) هەیە، بۆ ئەمەش دەبێت نێوانت لەگەڵ ئەمریکا خۆشبێت. لە سەردەمی بایدن، ئەمریکا هەناردەکردنی چیپی بۆ دەرەوە سنووردارکرد، ئەمەش بۆ ئەوەی رێگە لە پێشکەوتنی زیاتری رکابەرەکانی بگرێت، لەوانەش چین. ئەو سنووردارکردنە کاریگەریی لە ئیماراتیش کرد، بۆیە ئێستا دەیانەوێت لەگەڵ ترەمپ ئەو سنوورە بکەنەوە.
 
مایکرۆچیپ پارچەیەکی زۆر بچووکە و وەکو مێشکی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان کار دەکات؛ لە سلیکۆن دروستدەکرێت و چەندین سرکێتی لەسەرە کە یارمەتیی کۆمپیوتەر، مۆبایل و ئۆتۆمبێل دەدات زانیاری هەڵبگرن و رێنماییەکان جێبەجێ بکەن. 
 
پێنجشەممەی رابردوو ئەمریکا رایگەیاند، ترەمپ چەند بڕیارێکی سنووردارکردنی سەردەمی بایدن هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
قەتەر؛ هەوڵ بۆ دیپلۆماسیی جیهانی
 
لەنێو وڵاتانی کەنداودا، قەتەر بەهێزترین پەیوەندیی ئەمنیی فەرمی لەگەڵ ئەمریکا هەیە. گەورەترین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە لە قەتەرە، ئەمریکاش بە چاوێکی پڕبایەخەوە لێی دەڕوانێت. پار ئەمریکا بەبێدەنگی بڕیاری دا بۆ ماوەی 10 ساڵی داهاتوو سەربازەکانی لە قەتەر بهێڵێتەوە.
 
لە ساڵی 2022 ئەمریکا قەتەری بە "هاوپەیمانێکی گەورەی دەرەوەی ناتۆ" وەسفکرد، هەموو وڵاتێکیش ئەو شانازییەیان پێنادرێت.
 
حەسەن حەسسان، توێژەری سیاسەت لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی لە بەحرێن گوتی: "وڵاتانی کەنداو دەیانەوێت رۆڵیان لە چارەسەرکردنی کێشەکان هەبێت، بۆ ئەوەی خۆیان بەرچاوتر بکەن و هاوشانی ئامانجە سیاسییەکانی ترەمپ بجووڵێنەوە."
 
جگە لە نێوەندگیریی جەنگی غەززە، قەتەر پەیوەندییەکی بەهێزیشی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی سووریا دروستکردووە کە دەیەوێت لە ژێر باری سزا قورسەکانی ئەمریکا و رۆژئاوا بێتە دەرەوە.
 
بەرپرسێکی ناونەهێنراو رایگەیاند: "قەتەر پلانی ئەوەی داناوە داوا لە ترەمپ بکات سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا سووک بکات، بەڵام پێناچێت بەبێ رەزامەندیی ئەمریکا هیچ هاوکارییەکی دارایی پێشکێش بە دیمەشق بکات."
 
فیراس مەقسەد گوتی: "ترەمپ واژۆکردنی رێککەوتن لەگەڵ ئەو سێ وڵاتەی کەنداو بە شتێکی باش ئابووریی ئەمریکا دەبینێت، لەوانەشە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیشی باش بێت، بۆیە راگەیێنراوی زۆر گەورە چاوەڕوان کراون."
 
جگە لە دیپلۆماسی، قەتەر هەروەها چاوی لەوەیە رێککەوتنێکی 200 بۆ 300 ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە ئەمریکا و چەند رێککەوتنێکیش لەگەڵ کۆمپانیای بۆینگ، تایبەت بە دروستکردنی فڕۆکە بکات. ئەمە جگە لە رێککەوتنێکی دوو ملیار دۆلاری بۆ کڕینی درۆنی ئێم کیو 9.
 
پێشبینی دەکرێت، قەتەر دیارییەکی بەنرخ پێشکێشی ترەمپ بکەن کە فڕۆکەیەکی شاهانەیە و بە "کۆشکی فڕیو" ناسراوە. شارەزایان دەڵێن، نرخەکەی 400 ملیۆن دۆلارە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ڤۆلۆدیمیر زیلینکسی، سەرۆکی ئۆکراینا و ستیڤ ویکتۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە. وێنە: AFP

ئۆکراینا: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ ئەمریکا پێشکەوتنی راستەقینە بەدەستهاتووە

بەرپرسی باڵای دانوستاندنکاری کیێڤ رایگەیاند، لە چوارچێوەی گفتوگۆ چڕەکانی دوو رۆژی رابردوودا لەگەڵ شاندێکی ئەمریکی لە بەرلین، کە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا لە ئۆکراینا بەڕێوەچوو، "پێشکەوتنی راستەقینە" بەدەستهاتووە.