رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە چوارچێوەی هەڵمەتی "تووڕەیی ئابووری"دا، سزای بەسەر 12 کەسایەتی و کۆمپانیادا سەپاند کە رۆڵیان هەبووە لە گواستنەوەی نەوتی سوپای پاسداران بۆ چین. وەزیری گەنجینەی ئەمریکاش دەڵێت، "هەڵمەتەکەمان بۆ بێبەشکردنی ئێران لە دابینکردنی دارایی بۆ بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکانی بەردەوام دەبێت."
رۆژی دووشەممە 11ی ئایاری 2026، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەم سزا نوێیانە بە مەبەستی بڕینی سەرچاوە داراییەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانە (IRGC)، کە پشت بە ژمارەیەک کۆمپانیای وەهمی دەبەستێت بۆ شاردنەوەی رۆڵی خۆی لە بازاڕی نەوتدا."
واشنتن تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی "داهاتی نەوت لەبری خزمەتگوزاری بۆ گەلەکەی، بۆ پەرەپێدانی چەک و تێرۆر بەکاردەهێنێت."
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لەبارەی سزاکانەوە رایگەیاند، "لەکاتێکدا سوپای ئێران بە بێهیواییەوە هەوڵی خۆرێکخستنەوە دەدات، هەڵمەتی 'تووڕەیی ئابووری' بەردەوام دەبێت لە بێبەشکردنی رژێم لە دابینکردنی دارایی بۆ بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمی و گرووپە بریکارەکانی." راشیگەیاند، واشنتن بەردەوام دەبێت لە بڕینی ئەو تۆڕە داراییانەی بۆ ناسەقامگیرکردنی ئابووریی جیهان بەکاردێن.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی هەڵمەتی "زۆرترین گوشار"ـەوە، توانیویانە رێگری لە ملیاران دۆلار داهاتی نەوت بگرن و نزیکەی نیو ملیار دۆلار لە دراوە دیجیتاڵییەکانی (کریپتۆ)ی پەیوەندیدار بە تاران سڕ بکەن.
هەروەها واشنتن سزای بەسەر بەرپرسێکی "گەندەڵی عێراقیشدا" سەپاندووە، کە بە گوتەی وەزارەتەکە، کارئاسانی بۆ فرۆشتنی نەوت و چالاکیی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق کردووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، سزا نوێیەکان هەریەک لە ئەحمەد محەممەدی زادە، سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی "شەهید پورجەعفەری" و سەمەد فەتحی سەلامی، بەرپرسی دارایی هەمان کۆمپانیای گرتووەتەوە.
هاوکات چەندین کۆمپانیا لە هۆنگ کۆنگ (Hong Kong Blue Ocean و Hong Kong Sanmu)، دووبەی (Ocean Allianz و Universal Fortune) و شارقە (Atic Energy) سزادراون، کە لە رێگەی "کەشتیگەلی سێبەر"ـەوە نەوتی ئێرانیان گواستووەتەوە.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هۆشداری داوەتە هەموو کۆمپانیا بیانییەکان، هێڵە ئاسمانییەکان و پاڵاوگە سەربەخۆکانی چین، کە ئەگەر هاوکاریی بازرگانیی نایاسایی ئێران بکەن، رووبەڕووی سزای تووند دەبنەوە.
بەپێی ئامارەکان، لە شوباتی 2025ـەوە، زیاتر لە هەزار کەس، دامەزراوە و کەشتیی ئێرانی خراونەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ