رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە ئاواتە گەورەکانی ژنێکی بەریتانی پۆشینی جلی بووکێنی بووە. دوای 70 ساڵ بە ئاواتەکەی گەیشت و دواجار جلەکەی لەبەرکرد. ئەو دەڵێت هێندە دەڵخۆش بووە کە هەستیکردووە دیسان هاوسەرگیریی دەکاتەوە.
مارتا تەکەر کە ئێستا تەمەنی 94 ساڵە 70 ساڵ لەمەوبەر بە خۆشەویستی و بە رەزامەندی خۆی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت؛ لەبەر ئەوەی ئەوکاتە ژنانی رەشپێست رێگەیان پێنەدراوە ئەوکارە بکەن، نەیتوانیوە جلی بووکێنی بپۆشێت.
مارتا ئێستا نەوەی هەیە و هاوسەرەکەی لە ژیاندا نەماوە، وەک یەکێک لە نەوەکانی باسیدەکەن، لەکاتی سەیرکردنی فیلمێک کە دیمەنی هاوسەرگیریی تێدابووە، ئاواتەکەی درکاندووە و ئاشکرایکردووە کە ئاواتەخواز بووە جلی بووکێنی بپۆشێت بەڵام نەیتوانیوە.
هەر ئەمەش وادەکات نەوەکانی ئەو ئاواتەی بۆ بهێننە دی. مارتا دەبەنە بازاڕی جلوبەرگی بووکێنی و جلێکی لەبەردەکەن و وێنە و ڤیدیۆی تۆمار دەکەن.
لەبارەی هەستی دوای ئەوەی جلەکانی لەبەر کرد و خۆی بینییەوە دەڵێت: "سەیری ئاوێنەکەم کرد ویستم بزانم ئەوە کێیە. بەڵێ، زۆر دڵخۆش بووم، هەستمکرد کە هاوسەرگیری دەکەم!".
ئەنجێلا سترۆزیر یەکێک لە نەوەکانی مارتا کە ئەو کارەی بۆ داپیرەی ئەنجامداوە دەڵێت: "داپیرەمان لە پێناوی ئێمەدا زۆر قوربانی داوە، ئێمە ئەو کارەمان بۆ دڵخۆشکردنی کرد، هەرچەندە ئەوە بۆ من کارێکی زەحمەت نەبوو".
بەپێی راپۆرتێکی ABC news ، مارتا 50 ساڵ وەک کارمەندی فەرمانگەی راپرسی کاریکردووە. لە ساڵی 1952 هاوسەرگیریی کردووە و دەڵێت، لەو کاتەدا ژنانی رەشپێست بۆیان نەبووە بچنە دووکانی جلوبەرگی بووکێنی، بۆیە بۆ ئاهەنگەکەی کراسێکی شینی لەبەرکردووە کە ئەویش کەسێک بەقەرز پێیداوە.
ئەو داپیرە بەریتانییە چوار منداڵی هەیە. لە منداڵەکانی11 نەوە لە نەوەکانیشی 18 منداڵ و یەکێک لە منداڵەکانی نەوەیەکیشی منداڵێکی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ