بایدن: ئیسرائیل و حەماس لەسەر چوارچێوەیەک بۆ ئاگربەست رێککەوتن

12-07-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جۆ بایدن دەڵێت، ئیسرائیل و حەماس رێککەوتن کار لەسەر ئەو نەخشەڕێگەیە بکەن کە خۆی پێشنیازی کردووە بۆ ئەوەی بگەنە ئاگربەست و بارمتە و بەندکراوانی نێوانیشیان ئازاد بکەن. 

سەرۆکی ئەمریکا شەش هەفتە لەمەوبەر نەخشەڕێیەکی سێ قۆناخی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە پێشكێشکرد. 

بایدن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا دەڵێت:  "هێشتا کار ماوە بکرێت و پرسی ئاڵۆزیش زۆرن، بەڵام ئێستا ئیسرائیل و حەماس هەردووکیان بەو چوارچێوەیە رازین". 

سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت: "تیمەکەم خەریکە کار لەسەر رێککەوتنەکە دەکات و منیش هیوادارم زوو جێبەجێ ببێت."

بایدن کۆتایی ئایاری ئەم ساڵ هێڵە سەرەکییەکانی پلانەکەی لە سێ قۆناخدا روونکردەوە و و گوتی: "قۆناخی یەکەم شەش هەفتەیە و تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە. لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەی قۆناخی یەکەم، ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت."

ئەوەی لەبارەی دوو قۆناخەکەی دیکەی پێشنیازەکەیە، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، "لە قۆناخی دووەم ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و هەموو بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیش، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت."

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی ئاگربەست و رازیبوون بە پێشنیازەکە رایگەیاند: "لەچوارچێوەی پڕۆسەکە ئامانجی جەنگ دەپارێزین، گرنگترینیان لەنێوبردنی حەماسە. ئەمە شتێک نییە ئێستا ئاماژەی پێدەکەم لەبەر ئەوەی لەلایەن هاوپەیمانەکەمانەوە لەژێر گوشاردام، بەڵکو کابینەی جەنگەکە لەسەری رێککەوتووین."

رۆژی 05-06-2024 ئوسامە حەمدان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند: "تەنیا بە ئاگربەستی هەمیشەیی رازی دەبین، نەوەک کاتی."

جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار دەستیپێکرد دوای ئەوەی کە حەماس و چەکدارانی دیکەی فەلەستینی هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، لەو رۆژەدا نزیکەی هەزار و 200 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون؛ هەروەها نزیکەی 250 کەسیش بە بارمتەگیران. 

لە وەڵامی ئەوەدا ئیسرائیل دەستی بە هێرشی ئاسمانی چڕ و دواتریش هێرشی زەوینی بۆ سەر کەرتی غەززە کرد. بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا 38 هەزار و 295 کەس کوژراون کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا.

ماکرۆن بەدوای سەرۆکوەزیرانێکی نوێدا دەگەڕێت

دوای ئەوەی پەرلەمانی فەرەنسا متمانەیان لە سەرۆکوەزیران وەرگرتەوە و ئەویش دەستی لەکار کێشایەوە، ئێستا سەرۆکی فەرەنسا بیر لە دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە بۆ ئەو پۆستە دەکاتەوە.