رووداو دیجیتاڵ
دوای بەدەستهێنانی حەوت خەڵات بۆ بەرهەمەکانی، ئاماندا نیدهام، بەڕێوەبەری کارگێڕیی خەڵاتەکانی تێلی نامەیەک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەنێرێت و پیرۆزبایی خۆی بۆ دەستکەوتە دیارەکانی رووداو لە 45ـەمین رێوڕەسمی خەڵاتەکانی تێلی دەردەبڕێت.
لە نامەکەدا، نیدهام ستایشی بەرهەمهێنانی ڤیدیۆیی ناوازەی رووداوی کردووە و دەڵێت: "بوون بە براوەی زێڕینی تێلی شەرەف و دەستکەوتێکی زۆر دیارە، دەستکەوتێک تەنیا بە باشترینەکان لە بەرهەمهێنەرانی ڤیدیۆ دەدرێت." بردنەوەی خەڵاتی تێلی رووداو دەخاتە نێو لیستی بەرهەمهێنەر و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێانی ڤیدیۆ و فیلم.
بەڕێوەبەری خەڵاتەکانی تێلی لە نامەکەیدا باس لە دادوەرانی ئەم ساڵی تێلی دەکات و دەڵێت، "ئەنجوومەنی دادوەری خەڵاتەکانی تێلی کە پێداچوونەوەی بە پڕۆژە سەرەکییەکانی ئەم ساڵدا کردووە، لە زیرەکترینەکانی بواری پیشەسازی ڤیدیۆ و تەلەڤزیۆنن لە کۆمپانیاکانی وەک ئەدۆب، نێتفلێکس و کۆمپانیاکانی دیکە پێکهاتوون، بەڕاستی زۆر خۆشحاڵم لەگەڵ ئەو دادوەرانە ئێوە وەک هەڵگری ئاڵای نایابی ڤیدیۆیی بناسێنم."
22-5-2024 رووداو لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای نێوداری جیهانی بووە براوەی خەڵاتەکانی ئەم ساڵی تێلی، لەوانەش: مێتا، نێتفلێکس، ناسا، فۆکس نیوز، بی بی سی، ئێن بی سی نیوز، ئێم تی ڤی، جەزیرە، سکای نیوز عەرەبیە، شەرق و چەندان دەزگا و کۆمپانیای نێوداری دیکە.
لیژنەی داوەریی ئەم ساڵی خەڵاتی تێلی لە 200 جێبەجێکاری دەزگا و کۆمپانیا نێودارەکان پێکهاتبوو. بەرنامە خەڵاتکراوەکانی رووداو لە لایەن تێلی بریتین لە:
• بەرنامەی (دوا زەنگی زەوی)، خەڵاتی زێڕینی لە چوارچێوەی بەرنامە ژینگەییەکان بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتی بەرنامەکانی ژینگە و دارستان دا بردەوە.
• بەرنامەی (نێکست) خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی تەندروستیی گشتی و سەلامەتی دا بەدەستهێنا.
• بەڵگەفیلمی (خانووی سپی) خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کاریگەریی کۆمەڵایەتی دا بەدەستهێنا.
• بەڵگەفیلمی (هەنگوینی هۆشبەر) خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کولتوور و شێوازی ژیان دا بردەوە
ساڵی 2024 بەرهەمە ڤیدیۆییەکانی رووداو و توانای بەرهەمهێنانی سەرکەوتنی گەورەیان تۆمارکرد و لەسەر ئاستی جیهان رێزێکی بەرچاویان لێگیرا، رێکەوتی 23-4-2024 بۆ یەکەم جار رووداو وەک تاکە میدیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان توانی لە رێگەی بەڵگەفیلمی کۆرۆوای خەڵاتی وێبی بەدەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ