سێرگی لاڤرۆڤ و کیم جۆنگ ئون کۆبوونەوە

12-07-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا، رۆژی شەممە لە سەردانەکەیدا بۆ کۆریای باکوور، لەگەڵ کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
 
رۆژی شەممە، 12ـی تەممووزی 2025، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیێندراوێکدا لە تێلیگرام بڵاویکردەوە، کیم جۆنگ ئون پێشوازیی لە لاڤرۆڤ کردووە. هاوکات گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەردوو بەرپرس تەوقە دەکەن و باوەش بەیەکدیدا دەکەن.
 
پێشتر میدیای رووسیا و کۆریای باکوور سەردانەکەیان راگەیاندبوو و ئاماژەیان بەوە کردبوو کە لاڤرۆڤ تاوەکو رۆژی یەکشەممە لەو وڵاتە دەمێنێتەوە.
 
ئەم سەردانە نوێترینە لە زنجیرەیەک سەردانی باڵای بەرپرسانی مۆسکۆ، لە کاتێکدا هەردوو وڵات پەیوەندییە سەربازی و سیاسییەکانیان بەهۆی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا قووڵتر دەکەنەوە.
 
پیۆنگیانگ هەزاران سەربازی رەوانەی هەرێمی کورسکی رووسیا کردووە بۆ دەرکردنی هێزەکانی کیێڤ، هەروەها تۆپ و مووشەکی داوەتە سوپای رووسیا.
 
پێشتر رۆژی شەممە، لاڤرۆڤ لەگەڵ هاوتا کۆرییەکەی، چۆی سۆن هوی، لە وۆنسان کۆبووەوە، کە شارێکە لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی کۆریای باکوور و لە سەرەتای ئەم مانگەدا هاوینەهەوارێکی گەورەی لێ کرایەوە.
 
بەگوێرەی ئاژانسی تاسی رووسی، لاڤرۆڤ رایگەیاندووە، بەرپرسانی کۆریای باکوور "پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەموو ئامانجەکانی" رووسیا لە ئۆکراینا دووپاتکردووەتەوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی رووسیاش رایگەیاند، لاڤرۆڤ سوپاسی سەربازە "قارەمانەکانی" کۆریای باکووری کردووە.
 
کۆریای باکوور لە مانگی نیساندا پشتڕاستی کردەوە کە هێزی بۆ پشتیوانیکردنی رووسیا ناردووە.
 
سێرگی شۆیگو، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی رووسیا، ئەم ساڵ چەندین جار سەردانی پیۆنگیانگی کردووە.
 
ساڵی رابردوو، لە سەردانێکی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بۆ کۆریای باکوور، هەردوو وڵات کە رووبەڕووی سزای قورس بوونەتەوە، رێککەوتنێکی سەربازییان واژۆ کرد کە بڕگەیەکی بەرگریی هاوبەش لەخۆدەگرت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەو شوێنەی هێرشەکەی تێدا ئەنجامدرابوو.

نەمسا؛ تۆمەتبارێکی سووریایی دانی بە هێرشێکی تیرۆریستیدا نا

داواکارانی گشتیی نەمسا رایدەگەیێنن، پیاوێکی سووری کە لە شوێنی رووداوێکی چەقۆوەشاندن لە باشووری وڵاتەکە دەستگیرکرا و تێیدا هەرزەکارێک کوژرا و پێنج کەسی دیکە بریندار بوون، دانی بەوەدا ناوە کە تاوانێکی تیرۆریستیی کردووە.