رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی پشتگیری لە سەروەریی راستەقینەی عێراق دەکات، نەوەک ئەو پڕۆژەیاسانەی عێراق دەکەنە "وڵاتێکی پاشکۆی ئێران."
رۆژی 25ـی شوباتی ئەم ساڵ، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پڕۆژەیاسایەکی نوێی دەستەی حەشدی شەعبیی پەسندکرد و رەوانەی پەرلەمانی کرد بۆ پەسندکردنی. پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانی ماوە، بەڵام پەرلەمانتارانی کورد و سوننە دژی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساکەن.
رۆژی سێشەممە، 12ـی ئابی 2025، تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت: "دژایەتیی هەر پڕۆژەیاسایەک دەکەین لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاری و هاوبەشیی ئەمنیی دوولایەنەی ئێمەدا نەگونجێ و پێچەوانەی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێ."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "پشتگیریی سەروەریی راستەقینەی عێراق دەکەین، نەوەک ئەو پڕۆژەیاسانەی عێراق دەکەنە وڵاتێکی پاشکۆی ئێران. بۆیە، پێم وایە ئێمە لەم دۆخە دیاریکراوەدا، بێگومان و لە دۆخەکانی دیکەشدا، روون بووین لەوەی کە داهاتووی گەلان دەبێت لە دەستی گەلان خۆیاندا بێ."
برووس ئاماژەی بەوەشکرد: "بێگومان پابەندبوونمان لێرەدا، وەک روونمان کردووەتەوە، ئەم دۆخە، پێچەوانەی ئەو پابەندبوونەیە کە بە گشتی سەبارەت بە ئاسایش هەمانبووە."
سەبارەت بە سووریا و رەتکردنەوەی کۆبوونەوەی حکومەتی کاتیی سووریا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پاریس، دیار کوردە پرسیاری لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر رێزگرتن لە مافەکانی کورد و دروزەکان و هەبوونی گوشار لەسەر حکومەتی کاتیی سووریا کرد.
تامی برووس لە وەڵامدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی وڵاتەکەی بۆ سووریا کرد و گوتی: "هەر لەبەر ئەوەیە نێردەیەکی تایبەتمان هەیە. ئێمە لەو ناوچانەین کە هەندێک جار بۆ چەندین نەوە، ئەگەر نەڵێین، چەندین سەتە ناسەقامگیرن و کێشەیان هەیە. هەر لەبەر ئەوەشە دەبێت کاری بەردەوام بکرێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا تویتێکی باڵیۆز باراکی خوێندەوە و گوتی: "ئەو ئاماژەی بەوە کردووە، سووریا پابەندە بە پرۆسەیەکی یەکگرتوو کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی دەگرێ و دەیانپارێزێ و کار بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی هاوبەش بۆ گەلی سووریا دەکات. ئەوەش ئەو کارەیە دانوستاندنکاران و دیپلۆماتکاران مەبەستیانە بیکەن. ئەوەش بە تەواوی ئەو کارەیە کە باڵیۆز باراک دەیکات و ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامەکانی دەکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ