لە سەقزەوە بۆ ئەڵمانیا؛ ژنێکی کورد لە پارتی لیبراڵەکان بەربژێرە بۆ هەڵبژاردنی هەرێمەکان

13-09-2025
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
پۆستەری نیوشا عەرابی لە شەقامەکانی ئەڵمانیا هەڵواسراوە.
پۆستەری نیوشا عەرابی لە شەقامەکانی ئەڵمانیا هەڵواسراوە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوێلن لە ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر خانمی کورد خۆیان بەربژێر کردووە، کاریگەرترینیان بێریڤان ئایمازە، کە دەیەوێت ببێتە سەرۆکی گەورە شارەوانیی هەرێمەکە، هەر لەو هەرێمە خانمێکی دیکەش بەناوی نیوشا عەرابی کە خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستانە، بەربژێرە لەسەر لیستی لیبراڵەکان.
 
نیوشا عەرابی لەدایکبووی شاری سەقزە و تاوەکو تەمەنی 10 ساڵی لەگەڵ خێزانەکەی لە سنە ژیاوە، دوای کۆچکردنی بۆ ئەڵمانیا، بووەتە ئەندامی پارتی دیموکراتی ئازاد (FDP) یان پارتی لیبراڵی ئەڵمانیا. لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی هەرێمی نۆردراین ڤێستفاڵن، ئەو بەربژێرە بۆ دوو ئەنجوومەن.
 
نیوشا عەرابی، بەربژێری پارتی دیموکراتی ئازاد - لیبراڵی ئەڵمانیا دەڵێت، "لەم هەڵبژاردنەدا خۆم بۆ دوو شت بەربژێر کردووە، یەکێکیان ئەنجوومەنی شارەوانییە کە ئامانجەکانی پەرەدانە بە کولتوور و باشترکردنی ناوچەی شارەکە، بۆ نموونە دروستکردنی قوتابخانە یان هەندێک شتی دیکە کە بتوانێت ژیانی خەڵک ئاسانتر بکات، دووەمیش ئەنجوومەنێکە کە ئەمجارە بۆ پەنابەرانە، رەنگە ئەمە لە زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەورووپادا وەکو ئەڵمانیا نەبێت، بەڵام لە ئەڵمانیا ئەم دەرفەتە بە پەنابەران دراوە کە شوێنێکیان هەبێت و بتوانن لەوێ داواکارییەکانی خۆیان باس بکەن، بۆ نموونە بۆ کۆرسی زمان، یان بۆ ئەوەی چۆن بتوانن باشتر لەگەڵ ئەم کۆمەڵگەیە تێکەڵ ببن و چۆن بتوانن باشتر خۆیان بدۆزنەوە و ژیانێکی باش بۆ خۆیان دروست بکەن."
 
لەسەر پۆستەرە تایبەتەکانی بەربژێربوونی بۆ ئەنجوومەنی بیانییەکان، بە کوردی نووسراوە و ئەزموونی بیانیبوونی خۆی بە هەموو وردەکارییەکانییەوە خراوەتەڕوو.
 
عەرابی باس لەوە دەکات، "کەسێک بووم هەوڵم دا لەم وڵاتەدا خۆم بدۆزمەوە، کاتێک مرۆڤ دێتە ئێرە هەست بە نامۆییەکی زۆر دەکات، تەنانەت دارەکان و تەلارسازیی شارەکەیشی بەلاوە ئاشنا نییە، لە هەمان کاتدا، پێویستە هەندێک گۆڕانکاریی جیددی لە سیاسەتی تایبەت بە کۆچبەران بکرێت، بۆیە خۆم ئەزموونی ئەم شتانەم کردووە و دەتوانم بڵێم، هەوڵێکی زۆرم داوە تاوەکو توانیم لێرە خۆم بدۆزمەوە."
 
کەم کورد هەن پارتە لیبراڵەکان لە ئەورووپا بۆ سیاسەتکردن هەڵبژێرن، هەرچەندە هەندێک نموونە لە وڵاتانی ئەسکەندەنافیا هەن، بەڵام نیوشای خوێندکار باوەڕی بە بەرنامەی پارتی FDPی ئەڵمانی هەیە.
 
ئەو بەربژێرە کوردەی پارتی دیموکراتی ئازاد - لیبراڵی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە کرد، "ئەم حیزبەم هەڵبژاردووە، چونکە بیروباوەڕەکانی لەگەڵ بیروباوەڕی گەنجێکی وەکو من دەگونجێت، بۆ نموونە ئەم حیزبە باوەڕی وایە کە تاک شان بداتە بەر بەرپرسیارێتی، لە هەمان کاتدا باوەڕی بە ئازادی هەیە و دەیەوێت دەرفەتی یەکسان بڕەخسێنێت."
 
لە کوێلن، کە یەکێکە لە شارە سەرەکییەکانی نیشتەجێبوونی کورد لە ئەڵمانیا، بەربژێریان لەنێو هەموو پارتە سەرەکییەکاندا هەیە بۆ ئەنجوومەنە جیاوازەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا.

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق هەڵوەشاندەوە

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگریی وڵاتەکەی (NDAA) بە گوژمەی 901 ملیار دۆلار پەسند کرد و رەوانەی سەر مێزی دۆناڵد ترەمپی کرد؛ پڕۆژەیاساکە بڕگەیەکی تێدایە کە تێیدا رێگەپێدانی بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە دژی عێراق هەڵدەوەشێنێتەوە.