رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند رۆژێک لە شەڕی خوێناوی و بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی و تانک لە سنوورەکان، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەریەک لە تایلەند و کەمبۆدیا رازی بوون دەستبەجێ شەڕ رابگرن.
شەوی هەینی 12-12-2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی بە جیا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەی هەردوو وڵات کرد، لە ترووس سۆشیاڵ نووسی، "هەردوولا رازی بوون لە ئێوارەی ئەمڕۆوە تەقە رابگرن و بگەڕێنەوە سەر رێککەوتنە بنەڕەتییەکەی ئاشتی کە لەگەڵ من بە یارمەتیی ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا کردوویانە."
ترەمپ هەروەها نووسی، "هەردوو وڵاتەکە بۆ ئاشتی و بەردەوامبوون لەسەر بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا ئامادەن."
ترەمپ پێش ئەوەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان بکات، بە رۆژنامەڤانانی گوت، "پێموایە دەتوانم شەڕیان پێ رابگرم،" هەروەها گوتی پێشتریش چارەسەری کردووە.
شەڕی تانک و فڕۆکە و پەرستگە دێرینەکان
هەفتەی رابردوو، شەڕێکی سەخت لە سنووری 800 کیلۆمەتریی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا هەڵگیرسایەوە. هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکە دەگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی سەردەمی داگیرکاری و خاوەندارێتیی چەند پەرستگەیەکی دێرین.
بەهۆی پێکدادانە خوێناوییەکان، لانیکەم 20 کەس کوژران، نزیکەی 600 هەزار کەس لە هەردوو دیوی سنوور ئاوارە بوون (کە زۆربەیان خەڵکی تایلەندن). کەمبۆدیا، بانگکۆکی تۆمەتبار کرد بەوەی پەرستگەی (پریە ڤیهیار)ـی تۆپباران کردووە کە یەکێکە لە شوێنەوارەکانی یونسکۆ، هەروەها پەرستگەی (تا کرابی). سوپای تایلەند فڕۆکەی جەنگی، تانک و درۆنی بەکارهێنا. تایلەند دانی بەوەدا نا کە تەنیا لەم هەفتەیەدا 9 سەربازی کوژراوە و 120 سەربازی دیکەشی بریندار بووە.
پێش ئەوەی رێککەوتنەکە رابگەیێندرێ، ئەنو تین چارنڤیراکۆل، سەرۆکوەزیرانی تایلەند لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گوتی، "ترەمپ گوتی ئاگربەستی دەوێ، منیش پێم گوت باشترە ئەو قسەیە بە هاوڕێکەمان [کەمبۆدیا] بڵێی."
سەرۆکوەزیرانی تایلەند جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی نەیویستووە شەڕ بکات و گوتی، "دەبێت بە جیهان رابگەیێندرێ کە کەمبۆدیا پابەند دەبێت بە ئاگربەستەکەوە. ئەوەی رێککەوتنەکەی پێشێل کردووە دەبێت دۆخەکە چارەسەر بکات، نەک ئەوەی مافی خوراوە."
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەنێو جەرگەی شەڕدا
لەکاتێکدا دەنگی تۆپ لەسەر سنوور دەبیسترا، حکومەتی تایلەند تووشی قەیرانێکی سیاسیی نێوخۆیی بوو. سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە رۆژی هەینی پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێ.
ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەنوتین تەنیا سێ مانگە لە پۆستەکەیدایە، بەڵام هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ حیزبی (پیو تای) و بنەماڵەی شاهانەی شیناواترا درزی تێکەوتووە.
سەرەتای گرژیی دوو وڵاتەکە بۆ 24ـی مانگی تەممووزی ئەم ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەوکات 40 کەس لە هەردوولا کوژران و نزیکەی 300 هەزار کەس ئاوارەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ