رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆسۆڤۆ دەڵێن، حکومەتی وڵاتەکەیان دەستی بە وەرگرتنەوەی ئەو پەناخوازانە کردووە کە ئەمریکا دیپۆرتیان دەکاتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە، کۆسۆڤۆ لەنێوخۆی وڵاتەکەی رووبەڕووی ئاڵنگاری بووەتەوە و پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەمریکا زۆر باش نین.
ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی ستراتیژی و گرنگی کۆسۆڤۆ سەیردەکرێ، بەڵام لە مانگەکانی رابردوودا واشنتن ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە، بەتایبەتی لە مامەڵەکردنی لەگەڵ پێکهاتەی سربی لە کۆسۆڤۆ دەربڕیوە.
ئالبین کورتی، سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ پشتڕاستی کردەوە کە یەکەم یان دووەم کەس لەو پەناخوازنەی کە ئەمریکا نیازی دەرکردنیانی هەبوو، گەیشتوونەتە کۆسۆڤۆ.
پێشتر لە مانگی حوزەیراندا حکومەتی کۆسۆڤۆ رەزامەندی لەسەر وەرگرتنی نزیکەی 50 کەس دەربڕی کە لەلایەن فەرمانگەی کۆچی ئەمریکاوە دەستگیرکرابوون و چاوەڕێی رەوانەکردنەوەیانی دەکرد بۆ وڵاتانی خۆیان.
ئەو وڵاتەی بەڵقان دەچێتە پاڵ ئەو وڵاتانەی رێککەوتنیان لەگەڵ ئەمریکادا کردووە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو کەسانەی کە واشنتن لە چوارچێوەی هەڵمەتە تووندەکەی دژی کۆچی نایاسایی دیپۆرتیان دەکاتەوە.
سەرۆکوەزیرانی کۆسۆڤۆ دەڵێ: "ئێمە ئەو کەسانە وەردەگرین کە ئەمریکا نایەوێ لە خاکی خۆی بن، ئەمەش بەشێکە لە هاوئاهەنگییەکانمان."
"سوپاسگوزاریی هەمیشەیی"
حکومەتی کۆسۆڤۆ لە مانگی حوزەیراندا رایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێ لە رێگەی رێککەوتنی وەرگرتنەوەی پەناخوازانەوە "سوپاسگوزاریی هەمیشەیی" خۆی بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئەمریکا دەرببڕێ، بەتایبەتی ئەو رۆڵەی واشنتن لە پرۆسەی سەربەخۆیی کۆسۆڤۆ لە سربیا لە ساڵی 2008دا گێڕای.
لەو کاتەوەی سەربەخۆیی راگەیاندووە، کۆسۆڤۆ بووەتە یەکێک لە دەوڵەتە هەرە لایەنگرەکانی ئەمریکا لە جیهاندا، ئەمەش بە روونی لە پایتەختەکەی بەدیدەکرێ کە شەقامەکانی بە ئاڵای ئەمریکا رازێنراونەتەوە و یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی بەناوی جۆرج بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاوە ناونراوە. هاوکات، بیل کلینتن، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا شەقامێک و پەیکەرێکی تایبەتی بەناوەوەیە.
سەرەڕای ئەم پەیوەندییە مێژووییە، ئالبین کورتی لەگەڵ ئیدارەی ئێستای واشنتن رووبەڕووی کێشە بووەتەوە. سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە لە مانگی شوباتدا هەڵبژێردرایەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکیی سیاسییەوە نەیتوانی حکومەتێکی نوێ پێکبهێنێت، ئەمەش وایکرد هەڵبژاردنێکی نوێ لە 28ی کانوونی دووەمدا بەڕێوەبچێت.
ئەمریکا رەخنەی تووندی لە پارتەکەی کورتی هەیە و تۆمەتباری دەکات بە "تێکدانی سەقامگیریی" کۆسۆڤۆ، بەتایبەتی دوای بڕیاری رێگریکردن لە بەشداریکردنی پارتێکی سیاسیی سربی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی کانوونی دووەمدا.
ژمارەیەک وڵاتی دیکەی وەک رواندا و باشووری سوودان لە مانگەکانی رابردوودا ئەو کەسانەیان وەرگرتنەوە کە لە ئەمریکا دەرکراون. ئیدارەی ترەمپ سەدان کەسی رەوانەی وڵاتانی ئەمریکای نێوەڕاست و باشوور کردووەتەوە.
کۆسۆڤۆ رێککەوتنێکی 235 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ دانیمارکیش هەیە بۆ لەخۆگرتنی ئەو زیندانییە بیانییانەی لەو وڵاتە سزادراون، بۆ ئەوەی سزاکانیان لە زیندانێکی کۆسۆڤۆدا تەواو بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ