جیهان
دکتۆر جین دۆگلاس، پرۆفیسۆری کیمیا کە پێشتر لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS) وانەی گوتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر جین دۆگلاس، پرۆفیسۆری کیمیا کە پێشتر لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی (AUIS) وانەی گوتووەتەوە، ئێستا وەک بەربژێری کۆمارییەکان لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور هەوڵی گەیشتن بە کۆنگرێسی ئەمریکا دەدات. دۆگلاس دەڵێت، ئەزموونی کارکردنی لە هەرێمی کوردستان "بەرەکەتێکی گەورە" بووە و پێشنیازی "ویلایەتە یەکگرتووەکانی عێراق" دەکات.
دکتۆر جین دۆگلاس لە وەڵامی تۆڕی میدیایی رووداو دا، باسی لە ئەزموونی خۆی کرد و گوتی، "یەکێک لە ئەزموونەکانم وانەگوتنەوە بوو لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، قوتابیی زۆرم لەوێ هەبوو و بۆ ماوەی ساڵێک لەوێ بووم."
دۆگلاس پێیوایە پەروەردە کلیلی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە و دەڵێت، "تاوەکو خەڵکی جیهان زیاتر فێری خوێندن و بیرکردنەوەی رەخنەگرانە بن، ئەوە دەبێتە هۆی دوورخستنەوەی هەڵوێستە خراپەکانی تیرۆریستان کە دەیانەوێت سوود لەو خەڵکە وەربگرن کە تەنیا متمانە بە سەرکردەکانیان دەکەن."
سەبارەت بە دۆزی کورد، دۆگلاس پشتیوانیی خۆی بۆ مافەکانی گەلی کورد دووپات دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە هەمیشە چاودێری دۆخی سیاسیی کوردستانی کردووە.
بەربژێرەکەی کۆنگرێس گوتی، "من زۆر پشتگیریی کوردم، چونکە سەدام حوسێن کەسێکی ستالینی بوو و بەو شێوەیەش مامەڵەی لەگەڵ کەمینەکان دەکرد، دڵخۆش بووم کە ئیدارەی بووش لەناوی برد."
سەبارەت بە داهاتووی سیاسیی عێراقیش پێشنیازێکی نوێی هەیە و دەڵێت، "پێموایە دەکرێت سیستەمێکی هاوشێوەی 'ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا' هەبێت، کە تێیدا ناوچەی کوردنشین ویلایەتی خۆیان هەبێت و ناوچەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، پاشان لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یەکبگرن."
دۆگلاس کە لە ساڵی 1974ـەوە ئەندامی پارتی کۆمارییە، پشتیوانییەکی تەواوی بۆ سیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپ هەیە و دەڵێت، "سەرۆک ترەمپ نیشانی داوە کە زۆر پشتیوانی گەلی کوردە، بەتایبەت ئەوانەی دەیانەوێت ئاشتی و بازرگانییان هەبێت."
بە بڕوای دۆگلاس، "ئەوەی ترەمپ هەوڵی بۆ دەدات کۆتاییهێنانە بە جەنگە ناوخۆییە گەمژانەکان و هێنانەدی ئاشتییە تاوەکو خەڵک بتوانن بازرگانی بەیەکەوە بکەن."
بڕیارە تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ بەشێکی کۆنگرێسی ئەمریکا بکرێت. جین دۆگلاس کە لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور خۆی بەربژێر کردووە، دەڵێت ئەگەر دەربچێت، دەیەوێت ببێتە ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرێس.
سەبارەت بە بەرنامەی ناوخۆیشی، دۆگلاس دەیەوێت دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی کەم بکاتەوە و دەڵێت، "ئەرکی من دەبێت بچمە واشنتن و هاوکار بم لە هەڵوەشاندنەوەی بەشێکی حکومەتی فیدراڵی، چونکە زۆر دەستوەردان لە ژیانی خەڵک دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ