رووداو دیجیتاڵ
دووزەن تەکال، چالاکوانی ناسراوی کورد و دامەزرێنەری رێکخراوی "هاوار هێڵپ"، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ ئالا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا تیشکی خستە سەر گرنگی پڕۆژەی "خەونی ئەڵمانی" بۆ رەوەندی کوردی لە ئەڵمانیا.
تەکال جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی ئەوان گەیاندنی دەنگی کورد و ناساندنی ئەو "پاڵەوانە پەراوێزخراوانەیە" کە لە ژیانی رۆژانەدا بۆ هیوا و مرۆڤایەتی کار دەکەن.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە وەک دەنگێکی بڵندی کورد لە میدیاکانی ئەڵمانیادا، هەوڵ دەدات سەرنجی جیهان بۆ ئەو نادادییانە رابکێشێت کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان رووبەڕووی گەلی کورد دەبنەوە و، دووپاتی کردەوە کە "خەونی ئەڵمانی" ئامرازی تێکشکاندنی جیاکاری و چاندنی هیوایە.
لە بەشێکی تری گفتوگۆکەدا، تەکال رەخنەی تووندی لە بێدەنگیی نێودەوڵەتی گرت بەرامبەر بە کۆمەڵکوژییەکانی عەفرین و حەلەب و هۆشداری دا کە گرووپە تووندڕەوەکانی وەک [گرووپەکەی] "جۆلانی" هەمان شێوازی داعش دژی کورد بەکاردەهێنن.
سەبارەت بە دۆخی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش، تەکال داوای لە یەکێتیی ئەورووپا و بەتایبەت حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە "سوپای پاسداران" بخەنە لیستی تیرۆرەوە.
ئەو چالاکوانە کوردە گوتی کە "بێدەنگی بەرامبەر سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامی و بڕینی ئینتەرنێت بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل چیدی جێگەی قبوڵکردن نییە و دەبێت ئەڵمانیا وەک گەورەترین هاوبەشی ئابووریی ئێران، هەڵوێستێکی روون و کرداریی هەبێت."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: سڵاو و رێز بۆ ئێوەی بینەری ئازیز، ئێمە ئەمڕۆ لەگەڵ چالاکوانی ناسراوی کورد لە ئەڵمانیا، دووزەن تەکال-ین. دووزەن تەکال، دامەزرێنەری رێکخراوی هاوار هێڵپە. ئەو لە ئەڵمانیا دەنگێکی بڵندە و لە هەموو میدیاکانی ئەڵمانیادا باس لە کورد و ئەو نادادییانە دەکات کە لە هەر چوار پارچەی کوردستان (سووریا، ڕۆژئاوا، باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵات) دژی کورد دەکرێن. دەمەوێت پرسیارێک لە دووزەن بکەم. دووزەن، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. پرسیارێکی زۆر گرنگم هەیە، بەڵام پێش هەموو شتێک دەمەوێت بزانم پڕۆژەی (خەونی ئەڵمانی) لەم کاتە هەستیارەدا بۆ کوردانی ئەڵمانیا چەندە گرنگە؟
دووزەن تەکال: بیستن و دەرکەوتنی ژیانی کورد شتێکی ئاسایی نییە. لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە هەموو دەرفەتێک بەکاربهێنین بۆ ئەوەی لەسەر ئەم بابەتە بدوێین. ئێمە ئەمڕۆ لێرەین نەوەک تەنیا بە ناوی رێکخراوی هاوار هێڵ بەڵکو بە ناوی پڕۆژەی خەونی ئەڵمانیش لێرەین، بۆ ئەوەی ڕێز لەو پاڵەوانە نەناسراوانەی ژیانی ڕۆژانە بگرین؛ ئەو مرۆڤانەی کە خۆبەخشانە کار دەکەن و پیشانی بدەین کە ئێمە لە هەر کوێیەک بین، پشتگیری لە هیوا و ژیان دەکەین، نەک پشتگیری لە جیاکاری. کاتێک من لێرەم، بە دڵ و بیر و مێشکی خۆم لە حەلەبم، لە ڕۆژئاوام، لە رۆژهەڵاتم، لە باشوورم. من لە هەموو ئەو وڵاتانەم کە کورد لێیان بڵاوبوونەتەوە و بێ نیشتمان ماونەتەوە.
رووداو: کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە حەلەب و کۆمەڵکوژیی کورد لە عەفرین بەردەوامە. ئێوە وەک ڕێکخراوی هاوار هێڵپ چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەم بێدەنگییە نێودەوڵەتییە بشکێنن و رای گشتیی ئەڵمانیا هۆشیار بکەنەوە؟
دووزەن تەکال: ئێمە ئەم رێکخراوەمان لەسەر خۆڵەمێش و پاشماوەکانی کۆمەڵکوژیی سەر کۆمەڵگەی ئێزدیمان دامەزراند. کورد 15 هەزار کەسی خۆی لە شەڕی دژی داعشدا لەدەستدا. ئەگەر ئێمە وەک هاوار هێڵپ نەبینە دەنگی ئەوان و باسیان نەکەین، کێ باس دەکات؟ ئێمە هەموو دەرفەتەکان، هەموو تۆڕەکانی پەیوەندی و هەموو ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی کە لەبەردەستمانن بەکاریاندەهێنین بۆ ئەوەی سەرنجی جیهان ڕابکێشین بۆ سەر کورد لە حەلەب، لە عەفرین، لە دیاربەکر و ئامەد. دەمانەوێت نیشانی بدەین کە داعشی بکوژ، نابێت هەرگیز سەرکەون. ئەمڕۆ کەسێکی وەک جۆلانی هەمان شێوازی داعش دژی کورد بەکاردەهێنێت و جیهان بەرامبەر ئەمە بێدەنگە، بەڕاستی ئەمە لێبووردنی نییە.
رووداو: بارودۆخی ئێران رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت. خەڵک لەسەر شەقامەکانن و بۆ ئازادی و مافەکانی خۆیان خۆپێشاندان دەکەن. لەم بارودۆخەی ئێستای ئێراندا، چی پێویستە بکرێت؟
دووزەن تەکال: کۆماری ئیسلامی ئینتەرنێتی بڕیوە بۆ ئەوەی بە ئاسانی خەڵکی سڤیلی خۆی بکوژێت. نابێت ئێمە تەنیا تەماشاکار بین. مرۆڤەکان ئیتر بێزار بوون، 47 ساڵە لەناو ئەم ئازارەدان و پێمان دەڵێن: "ئێمە چیتر ئەم حکومەتەمان ناوێت"، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە لە پشت ئەم مرۆڤانە بوەستین. دەبێت وەک یەکێتیی ئەورووپا دڵنیایی بدەین کە "سوپای پاسداران" بخرێتە لیستی تیرۆری ئەورووپاوە. مەترسیی ئێران لە سنوورەکانی ئێران تێدەپەڕێت. لەبەر ئەوە گرنگە کە بکەوینە جووڵە و ئەنجاممان هەبێت. لێرەدا ئەڵمانیاش بەرپرسیارە، وەک گەورەترین هاوبەشی ئابووریی ئێران لەناو یەکێتیی ئەورووپادا، دەبێت ئیتر ئەڵمانیا هەڵوێستی خۆی ڕوون بکاتەوە.
رووداو: دووزەن، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بوویت. گەلێک سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ