جیهان
بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لەگەڵ جەی دی ڤانسدا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: ئەکاونتی وەزیری دەرەوەی عومان
رووداو دیجیتاڵ
بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رۆژی هەینی رایگەیاند، گەشبینە بەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا "پێشکەوتنی زیاتر و یەکلاییکەرەوە" لە دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رووبدات. بەڵام میدیای ئەمریکی وێنەیەکی رەشبینتر نیشان دەدات.
بوسعیدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا قسەی کردووە و وردەکاریی دانوستاندنەکان و ئەو پێشکەوتنانەی باس کردووە کە تاوەکو ئێستا بەدەست هاتوون.
وەزیری دەرەوەی عومان نووسیویەتی: "چاوەڕوانی پێشکەوتنی یەکلاییکەرەوەم لە رۆژانی داهاتوودا. ئاشتیمان لێ نزیکە."
رۆژی پێنجشەممە، گەڕی سێیەمی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لە جنێڤ بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەچوو. پێشتریش لە 6 و 18ی ئەم مانگەدا دوو گەڕی دیکە کران. ئەم هەوڵانە دوای ئەوە دێن کە گفتوگۆکان بەهۆی هێرشەکانی حوزەیرانی 2025ی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران وەستان.
ناوچەکە لەبەردەم مەترسیدایە. ئەمریکا هێزی سەربازیی زۆری کۆکردووەتەوە و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت.
واشنتن دەڵێ، دەبێت ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە تەواوی رابگرێ، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی بنێرێتە دەرەوە و دەستبەرداری بەرنامە مووشەکییەکەی ببێت.
تاران دەڵێت، ئەمریکا و ئیسرائیل بیانوو دەدۆزنەوە بۆ دەستوەردان. ئێران باس لەوە دەکات، دەبێت سزاکانی لەسەر لاببرێن و هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک دەکات، تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت کە هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا هێرش دەکاتە سەر ئێران یان نا، بەڵام جەختیکردەوە کە لە گفتوگۆکان رازی نییە؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە هیواخوازە هێز بەکارنەهێنێت، بەڵام گوتی، "هەندێ جار پێویستە بەکاریبێنیت."
بە گوێرەی ماڵپەڕی هەواڵی ئەکسیۆس، دوو بەرپرس کە پشتیوانی لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەن و لە دوو رۆژی رابردوودا قسەیان لەگەڵ ترەمپ کردووە، ئاشکرایان کردووە کە ترەمپ قسە و پەیامی دژبەیەکی لەبارەی ئێران هەیە.
بە گوتەی یەکێک لەوانە، ترەمپ ئێستا دەزانێ کە حکومەتی ئێران لە هەر کاتێکی دیکە لاوازترە و دەرفەت بۆ رووخاندنی هەیە. ئەوی دیکە دەڵێت، ترەمپ هێشتا دەیەوێ لەگەڵ ئێران رێکبکەوێت، نەک هێرشی بکاتە سەر.
ستیڤ ویتکۆف و جارێد کۆشنەر کە سەرکردایەتیی شاندی ئەمریکا لە دانوستاندنەکاندا دەکەن، لە کۆبوونەوەی بوسعیدی و جەی دی ڤانسدا لە واشنتن بەشدارنەبوون، لە کاتێکدا ئەکسیۆس دەڵێت، کۆبوونەوەکە دوا هەوڵ بوو بۆ رێگریکردن لە هەرەسهێنانی گفتوگۆکان.
ماڵپەڕە هەواڵە ئەمریکییەکە هەروەها باس لەوە دەکات، بڕیارە رۆژی دووشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل بکات، "بەڵام بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا دەڵێن، ئەگەر ترەمپ فەرمانی هێرشکردن بدات، رەنگە سەردانەکە نەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ