رووداو دیجیتاڵ
رووسیا، رەخنەی تووندی لە هەڕەشەکانی ئەمریکا بۆ لێدانی ئێران گرت و هۆشداریی لە دەرەنجامە کارەساتبارەکانی هەر هێرشێکی سەربازیی نوێ دا. ئەو هاوپەیمانە ستراتیژییەی ئێران، بە تووندی سەرکۆنەی ئەوەی کرد، بە "دەستوەردانی تێکدەرانەی دەرەکی" لە سیاسەتی نێوخۆی ئێراندا وەسفی کرد و جەختی کردەوە، هەڕەشەکانی واشنتن بۆ هێرشی سەربازیی نوێ دژی تاران "بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین" و دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکەن.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رۆژانی رابردوودا هەڵوێستەکانی دژی ئێران تووندتر کردووەتەوە، بەتایبەتی لە وەڵامی شێوازی مامەڵەکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران لەگەڵ خۆپێشاندانەکان.
ترەمپ رایگەیاندبوو، چەندین بژاردەی "زۆر بەهێز" تاوتوێ دەکات، کە هێرشی سەربازیشی تێدایە، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو سیاسەتانە، ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی گرژییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، "ئەوانەی پلانیان هەیە ئەو پشێوییەی لە دەرەوە دروستکراوە وەکو بیانوویەک بەکاربهێنن بۆ دووبارەکردنەوەی ئەو دەستدرێژییەی لە حوزەیرانی 2025 دژی ئێران ئەنجامدرا، دەبێت ئاگاداری دەرەنجامە کارەساتبارەکانی ئەو جۆرە کردەوانە بن بۆسەر دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتیی جیهانی."
رۆژی سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیەڵ رایگەیاند، "نیشتمانپەروەرانی ئێران، بەردەوام بن لە خۆپێشاندان، دەست بەسەر دامەزراوەکاندا بگرن.''
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها داوای کرد خۆپێشاندەران "ناوی بکوژ و ستەمکاران تۆمار بکەن"، هەڕەشەی ئەوەش لەوانە دەکات تووندوتیژی دژی خۆپێشاندەران بەکاردەهێنن، لە داهاتوودا "باجێکی قورس دەدەن."
سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، هەموو کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندووەتەوە و ئەم هەنگاوەی بەستەوە بە پێویستیی راگرتنی "کوشتنی بێمانای خۆپێشاندەران."
ئەمڕۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران هۆشداریی دایە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی کە دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن.
باڵیۆزخانەکە لە ئاگادارییەکی ئەمنیدا بۆ هاووڵاتییانی رایگەیاند، "هەر ئێستا ئێران جێبهێڵن." داواشی لە ئەمریکییەکان کردووە کە خۆیان پلان بۆ دەرچوون دابنێن و چاوەڕێی هاوکاریی حکومەتی ئەمریکا نەکەن.
دۆناڵد ترەمپ رۆژی دووشەممە سەپاندنی باجی بە رێژەی 25% بەسەر "هەموو" ئەو وڵاتانەدا راگەیاند بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە گرژییەکان لە خۆپێشاندانەکانی ئێران رووی لە زیاد بوونە، تاران خۆپێشاندەران بە ئاژاوەگێڕی و هێرشی چەکداری و ئەندامی داعش ناودەبات.
هەرچەندە ترەمپ چەندین جار هەڕەشەی هێرشکردنە سەر ئێرانی کردووە ئەگەر هێزی کوشندە دژی خۆپێشاندەران بەکاربهێنرێت، بەڵام هاوکات ئامادەیی خۆی بۆ دیپلۆماسی لەگەڵ تاران پێشانداوە .
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، رۆژی دووشەممە 12-01-2026 ترەمپ لە چەند بژاردەیەک ئاگادار کراوەتەوە بۆ هەنگاونان دژی ئێران، یەکێک لەوانە هێرشی ئاسمانییە، سێشەممەش لەگەڵ راوێژکارانی ئاسایشی نیشتمانی لەوبارەوە کۆدەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە ترەمپ رایگەیاندبوو، ئیدارەکەی بە وردی چاودێریی دۆخی ئێران دەکات و بژاردەی "زۆر بەهێز" تاوتوێ دەکەن، چونکە ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندانەکە رووی لە زیادبوونە. ترەمپ گوتی: "بڕیار دەدەین"، ئاماژەی بەوەش کرد "کاژێر بە کاژێر راپۆرت"ـی لەسەر دۆخی ئێران پێدەگات، بێ ئەوەی وردەکاری لەسەر کات و شوێن و چۆنێتیی جووڵەی ئەمریکا ئاشکرا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ