رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە، پێنتاگۆن لە یەکەم هێرشیدا بۆ سەر بەلەمێکی گواستنەوەی مادە هۆشبەرەکان لە مانگی ئەیلوولی رابردوو، فڕۆکەیەکی نهێنیی بەکارهێناوە کە بۆیە و شێوەکەی لە فڕۆکەی سڤیل چووە و مووشەکەکانی لەنێو سکیدا شاردووەتەوە و بە یەک هێرش 11 کەسی کوشتووە.
شێوەی دەرەوەی فڕۆکەکە لە فڕۆکەی سەربازی نەچووە، مشتومڕی یاسایی دروستکردووە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: "لە جەنگێکی چەکداریدایە" لەگەڵ باندەکانی مادەی هۆشبەر، بۆیە هێرشەکان یاسایین، بەڵام یاساکانی جەنگ رێگە بە لایەنە شەڕکەرەکان نادەن بۆ هەڵخەڵەتاندنی دووژمن خۆیان وەک سڤیل دەربخەن، چونکە ئەمە بە "ناپاکیکردن و فێڵکردن لە جەنگ" دادەنرێت و بە تاوانی جەنگ هەژمار دەکرێت.
ستیڤن لیپەر، جەنەڕاڵی خانەنشین و دادوەری پێشووی هێزی ئاسمانی دەڵێت، ئەگەر فڕۆکەکە بەجۆرێک بۆیە کرابێت کە ناسنامە سەربازییەکەی شاردبێتەوە و ئەوەندە نزیک بووبێتەوە خەڵکەکە بینیبێتیان و بەمە هەڵخەڵەتێنرابن، ئەوا بەگوێرەی پێوەرەکانی جەنگ، ئەوە "تاوانی جەنگە"، چونکە شاردنەوەی ناسنامە بەشێکە لە فێڵکردن.
رزگاربووەکان دەستیان بۆ فڕۆکەکە راوەشاندووە
بەگوێرەی ڤیدیۆیەکان، فڕۆکەکە زۆر نزم بووەتەوە و سەرنشینانی بەلەمەکە بینیویانە. دوای هێرشی یەکەم، دوو رزگاربوو لەسەر پارچەیەک لە بەلەمە تێکشکاوەکە دەست بۆ فڕۆکەکە رادەوەشێنن و وادەزانن سڤیلە و رزگاریان دەکات، بەڵام فڕۆکەکە لە هێرشی دووەمدا ئەوانیش دەکوژێت و بەلەمەکە نقووم دەکات.
پێنتاگۆن رەتیکردەوە وردەکاری لەسەر جۆری فڕۆکەکە بدات، بەڵام کینگسلی ویڵسۆن، سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن رایگەیاند، سوپا "فڕۆکەی ستاندارد و ناستاندارد" بەکاردەهێنێت و هەموویان پێش بەکارهێنان پشکنینی یاساییان بۆ دەکرێت.
شارەزایانی فڕۆکەوانی لە مانگی ئەیلوولدا وێنەی فڕۆکەیەکی جۆری بۆینگ 737ـیان لە دوورگەکانی ڤێرجین بڵاوکردەوە، کە رەنگی سپی بووە و هێڵێکی شینی هەبووە بێ ئەوەی هیچ نیشانەیەکی سەربازی پێوە دیار بێت. بەرپرسان دەڵێن فڕۆکەکە لە راداردا کۆدی سەربازیی ناردووە، بەڵام شارەزایانی یاسایی دەڵێن قاچاخچییەکان ئامێری خوێندنەوەی ئەو کۆدەیان نییە، بۆیە ئەمە پاساو نییە بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی سڤیلئاسا.
شەڕی ترەمپ و باندەکان
رۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێت، ئیدارەی ترەمپ بە نهێنی پلانی بۆ ئەم هێرشانە داناوە و زۆر لە پارێزەرە سەربازییەکانی دوورخستوونەتەوە. پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رۆڵی پارێزەرە سەربازییەکانی کەمکردووەتەوە و تەنانەت لە مانگی شوباتدا گەورە دادوەرە سەربازییەکانی دەرکردووە.
تاوەکو ئێستا سوپای ئەمریکا لە 35 هێرشدا بۆ سەر بەلەمەکان 123 کەسی کوشتووە. شارەزایان دەڵێن فەرمانەکانی ترەمپ و هێگسەس بۆ هێرشکردنە سەر ئەم بەلەمانە "نایاسایین" و کوشتنی ئەو کەسانە بە "تاوان" هەژمار دەکرێت، چونکە بەلەمەکان هەڕەشەی سەربازیی راستەوخۆ نین، تەنانەت ئەگەر گومانی تاوانیشیان لێ بکرێت.
ترەمپ لیستێکی نهێنیی 24 گرووپ و باندی مادە هۆشبەرەکانی داناوە و وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ دەکات، بەڵام یاساناسان دەڵێن هێشتا ئەمە پاساو نییە بۆ پێشێلکردنی یاساکانی جەنگ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ