رووداو دیجیتاڵ
لە ئەڵمانیا شۆفێرێک بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە خۆی بەنێو خەڵکدا کرد، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکەوە دەڵێ، "28 کەس لە رووداوەکەدا بریندار بوون."
پۆلیسی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 13ـی شوباتی 2025) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، لە شەقامی زایدێ لە میونشن، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد. دوای رووداوەکە ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد و شۆفێرەکەیان دەستگیرکرد کە پەناخوازێکی ئەفغانستانییە.
پۆلیس دەڵێ گومانلێکراوەکە ناوی سولەیمان ـە و تەمەنی 24 ساڵە، پەناخوازێکی ئەفغانستانییە، کە دەستبەجێ دوای رووداوەکە دەستگیر کراوە.
ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو لە میونشن زانیاریی لە پۆلیس وەرگرتووە و دەڵێ؛ تۆمەتبارەکە لە ساڵی 2013ـەوە لەگەڵ برایەکی چووەتە ئەو وڵاتە و داوای مافی مانەوەی کردووە، بەڵام داواکارییەکەی رەتکراوەتەوە.
سەرەتا لە میدیای ئەڵمانیا وا بڵاوکرایەوە "رووداوەکە بێ مەبەست بووە"، بەڵام مارکۆس سۆدەر، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی باڤاریا بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دەبێت پێتان بڵێم؛ وا دیارە ئەمە هێرشێک بووە."
پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا هەروەها دەڵێ "لەو رووداوەدا، 28 کەس بریندار بوون، کە تەندروستیی بەشێکیان ناجێگیرە."
بەگوێرەی تیمەکانی فریاگوزاریی ئەڵمانیا؛ شۆفێرەکە ژمارەیەک هاووڵاتیی بەئامانج گرتووە، کە مانیان لە کارکردن گرتبوو.
گەواهیدەرێکی رووداوەکە قسەی بۆ میدیای ئەڵمانیا کردووە و دەڵێ، "دوو کەس لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دا بوون، یەکێکیان لەلایەن پۆلیسەوە کرایە ئامانج."
رۆژنامەی بێڵدی ئەڵمانی بڵاویکردەوە، رووداوەکە کاژێر 10:30ـی بەیانی بەکاتی بەرلین (12:30ـی نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر) بووە، شۆفێرەکە ئەو کارەی لەڕێگەی ئۆتۆمبێلێکی مینی کوپەر کردووە.
ئەو رووداوە لەکاتێکدایە، بڕیارە سبەی لە شاری میونشنی پایتەختی هەرێمی باڤاریا کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بە بەشداریی سەرکردەکانی جیهان دەستپێبکات، کە تاوەکو 16ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. شوێنی روودانی رووداوەکە و بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە 1.6 کیلۆمەتر لەیەکەوە دوورن.
لە میونشن ئۆتۆمبێلێک خۆی بەنێو کۆمەڵێک خەڵکدا کرد و ژمارەیەک هاووڵاتیی بریندار کرد، پۆلیس دەڵێت، شۆفێرەکەیان دەستگیر کردووە pic.twitter.com/6IfNTHtfl3
— Rudaw (@Rudawkurdish) February 13, 2025
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ