رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری فەرەنسا بە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریای راگەیاند، وڵاتەکەی خۆی بە "قەرزار"ی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەزانێت و بە تەنیا جێیان ناهێڵێت.
ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە بەشداریی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەورووپی و سووریا لە پاریس بەڕێوەچوو. ئیمانوێل ماکرۆن گوتی: "ئێمە وەفامان هەیە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە هاوپەیمانێکی بەنرخ بوون لە جەنگی دژی تیرۆر. ئێمە وەفادارین لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانمان چونکە دەزانین چۆن قەرزاریانین."
گوتیشی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات بوون کە بە ئازایەتییەوە شان بە شانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕیان کرد."
سەرۆککۆماری فەرەنسا لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی 2018 کردی، کاتێک هێزەکانی لە چەند ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە کشاندنەوە، لەلایەن فەرەنسا و ئەورووپاوە دووبارە ناکرێتەوە.
ماکرۆن لە بارەی هەسەدەوە گوتی: "لەم ساتەدا، ئەرکی ئێمەیە کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزین و وازیان لێ نەهێنین وەک ئەوەی هەوڵماندا لە 2018 بیکەین، کاتێک کشانەوەی سەرەتایی هەبوو."
سەرۆکی فەرەنسا داوای لە حکومەتی راگوزەری سووریا کرد، لە قۆناخی راگوزەردا بەشداری بە هەسەدە بکات.
ماکرۆن گوتی: "دەمەوێت لێرەدا پێتان بڵێم کە تێکەڵبوونی تەواوی ئەوان لە قۆناخی راگوزەری سووریادا، سەرەتا خزمەت بە ئامانجی ئاسایشی ئێوە دەکات، چونکە ئەوان شەڕکەری بەهێز و زۆرن. پێشموایە بەرپرسیارێتی ئێوە ئەمڕۆ ئەوەیە کە تێکەڵیان بکەن و رێگەشیان پێبدەن ببنە بەشێک لەو هێزانەی کە هەمان ئامانجیان هەیە، بۆ شەڕکردن دژی ئەو گرووپە تیرۆریستییانەی سەقامگیریتان تێکدەدەن، هەروەها بۆ پاراستنی سەروەریتان."
ماکرۆن هەروەها داوای لە سەرکردە نوێیەکانی سووریا کرد، لە شەڕی دژی داعش دا بەشدار بن. "رووبەڕووبوونەوەی داعش، کاری هەرە لە پێشە. بۆیە دانانی هاوبەشییەکی بەهێز لەگەڵ هاوپەیمانی[ـی نێودەوڵەتی] بیرۆکەیەکی زۆر باشە."
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە پێکەوەکارکردن لەگەڵ هەسەدە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی داعش. ماکرۆن ئاماژەی بەوە کرد، کە دەکرێت رێکخراوە پەڕگیرەکە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر سووریا و عێراقیش.
لە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە لە 8ی کانوونی یەکەمی2024، ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن تورکیاوە پشتیوانیان دەکرێن، هێرشەکانیان بۆ سەر هەسەدە چڕکردوونەتەوە.
فەرەنسا، ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دیکەیان داوایان لە تورکیا کردووە کۆتایی بە هێرشەکانیان بێنێت و دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقیشیان هانداوە گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکەن بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سووریای نوێ.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی هەسەدەیە، لە لایەن تورکیاوە کە پشتیوانێکی سەرەکیی دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشقە، بە "تیرۆریست" و لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ