رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، ستایشی سەرۆککۆماری راگوزەری سووریا دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، وادەیەکی دیاریکراوی لە "مێشکی خۆیدا" داناوە بۆ ئەوەی تێیدا ئێران لەگەڵ ئەمریکا رێکبکەوێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی بەڕێکەوتنی لە کۆشکی سپییەوە بۆ ویلایەتی کارۆلاینای باکوور، وەڵامی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن دایەوە و قسەی لەسەر دۆخی سووریا و سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر تاران کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا سەبارەت بەوەی ئایا هیچ وادەیەکی دیاریکراوی داناوە بۆ ئەوەی ئێران ملکەچی داواکارییەکانی ئەمریکا بێت و رێککەوتن بکات، ترەمپ گوتی: "بەڵێ، لە مێشکی خۆمدا داناوە."
سەبارەت بە دۆخی سووریا، ترەمپ پشتیوانیی خۆی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا دەربڕی.
ترەمپ بە دیار کوردەی راگەیاند، "سەرۆکی سووریا کارێکی زۆر باش دەکات و وڵات یەکدەخاتەوە. زۆر دڵخۆشم بەو کارەی دەیکات؛ ئەو کارێکی زۆر باش بۆ خەڵکی سووریا دەکات و خەریکە وڵات یەکدەخات."
سەبارەت بە ئێران، ئاماژەکەی ترەمپ بۆ "وادەیەک لە مێشکی خۆیدا" رەنگدانەوەی سیاسەتی "زۆرترین گوشار"ە، کە سزای ئابووری و مەرجی قورس بۆ بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەکیی تاران لەخۆدەگرێت.
ترەمپ و بەرپرسانی ئێران بە نێوەندگیریی عومان دەستیان بە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ کردووە. یەکەم دانیشتن رۆژی 6ی شوبات لە مەسقەتی پایتەختی عومان کرا. هەردوولا دەڵێن "سەرەتایەکی باش" بوو، بەڵام هێشتا هیچ رێککەوتنێکی گەورە نەکراوە و وادەی دانیشتنی دووەمیش دیار نییە.
ترەمپ پێشتر گەشبینیی خۆی دەربڕیبوو کە تاوەکو نێوەڕاستی ئادار بگەنە رێککەوتن و داوای لە ئێران کرد "زۆر بە خێرایی" بڕیار بدات. ترەمپ گوتوویەتی کە ئامانجی سەرەکی ئەوەیە "ئێران چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت"، بەڵام هۆشداریش دەدات ئەگەر گفتوگۆکان شکست بێنن، ئەوا "رۆژێکی زۆر خراپ" و سەخت چاوەڕێی ئێران دەکات.
رۆژی 11ی شوبات، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی سێ کاژێر لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە. نەتەنیاهوو دەیەوێ لە هەر رێککەوتنێکدا جگە لە پرسی ئەتۆمی، باس لە نەهێشتنی مووشەکەکانی ئێران و گرووپە چەکدارە نزیکەکانی لە عێراق، سووریا، یەمەن و فەلەستین بکرێ، بەڵام ترەمپ سوورە لەسەر ئەوەی جارێ گفتوگۆکان بۆ رێککەوتن بەردەوام بن.
هاوکات لەگەڵ گفتوگۆکان، ئەمریکا هێزی سەربازیی زیاتر دەنێرێتە ناوچەکە، لەوانەش جووڵاندنی کەشتییەکی دیکەی فڕۆکەهەڵگر بە ناوی جێراڵد فۆرد. ترەمپ دەڵێ ئەم هێزانە بۆ ئەوەن "ئەگەر رێککەوتن نەکرا"، ئەمریکا ئامادە بێت بۆ لێدان لە ئێران.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن تەنیا ئامادەن لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی قسە بکەن و ئێستا باسی مووشەک و گرووپەکانیان ناکەن.
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
رووداو: تۆ لە دۆخی ئێستای سووریا رازیت دوای ئەو رێککەوتنەی کە نێوەندگیریت بۆ کرد؟
ترەمپ: سەرۆکی سووریا کارێکی زۆر باش دەکات و وڵاتەکە یەکدەخات. من زۆر دڵخۆشم بەو کارەی ئەو دەیکات. ئەو کارێکی زۆر باش دەکات بۆ خەڵکی سووریا. ئەو وڵاتەکەی یەک دەخاتەوە.
رووداو: تۆ هیچ وادەیەکی کۆتاییت بۆ ئێران داناوە بەڕێز سەرۆک؟ هیچ وادەیەکی کۆتاییت بۆ ئێران هەیە؟
ترەمپ: لە مێشکمدا هەیە، بەڵێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ