ئەنجوومەنی ئاسایش رێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا تاوتوێ دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە و تێیدا راپۆرتێک لەبارەی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا دەخرێتەڕوو. بەگوێرەی رێککەوتنەکە کە ئەمریکا نێوەندگیری کردووە، دان بە زمانی کوردیدا دەنرێت و هێزەکانی هەسەدە تێکەڵ بە دامەزراوەکان دەکرێن.
 
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بارودۆخی سووریا بکات. لە کۆبوونەوەکەدا کلاودیۆ کۆردۆن، جێگری نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا و جۆیس مەسویا، یاریدەدەری سکرتێری گشتی بۆ کاروباری مرۆیی، راپۆرتی خۆیان پێشکەش دەکەن.
 
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر رێککەوتنی 30ـی کانوونی دووەم، کە بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا واژۆ کراوە.
 
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، رێککەوتنەکە باس لە تێکەڵبوونی قۆناخ بە قۆناخی هێزەکانی هەسەدە دەکات لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا. ئەم هەنگاوەش دوای دەرچوونی "مەرسوومی ژمارە 13" دێت، کە تێیدا بە فەرمی دان بە ناسنامە و زمانی کوردیدا نراوە و رەگەزنامە بۆ ئەو کوردانە گەڕێنراوەتەوە کە پێشتر بێبەش کرابوون.
 
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دۆخی مرۆیی تاوتوێ دەکرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی هێشتا 142 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارەن. جۆیس مەسویا تیشک دەخاتە سەر پێویستیی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ئەو ناوچانەی رووبەڕووی شەڕ بوونەتەوە، بەتایبەتی کۆبانێ.
 
سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی، پرسی پاشماوەکانی داعش و گواستنەوەی زیندانیانی ئەو رێکخراوە بۆ عێراق تاوتوێ دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی سووریا بە فەرمی بووە ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش. هەروەها دۆخی کەمپی هۆڵ و پاراستنی ئاسایشی کەمپەکە بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان.
 
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەری بەریتانیا بە ناوی چەند وڵاتێکەوە راگەیێندراوێک لەسەر رۆڵی ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ئاوەدانکردنەوەی سووریا پێشکەش دەکات. هاوکات گرژییەکانی سوەیدا و ناڕەزایەتییەکانی درووزەکان، لەگەڵ هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش دەبن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکە. وێنە: AFP

کۆنفرانسی میونشن: جیهان لەژێر 'وێرانکاری'ـی سیاسەتەکانی ترەمپدا؛ سەردەمی ئەمریکا کۆتایی دێت؟

راپۆرتەکە بەو دەستەواژەیە دەستپێدەکات کە جیهان پێی ناوەتە قۆناخێکەوە کە تێیدا "وێرانکاری" جێگەی "چاکسازی" گرتووەتەوە. ئیدارەی ترەمپ چیدیکە خۆی بە پارێزەری سیستمی جیهانی نازانێت، بەڵکو وەک هێزێکی "بازرگان" مامەڵە دەکات کە تەنیا بەدوای بەرژەوەندیی کورتخایەن و مامەڵەی دووقۆڵیدا دەگەڕێت.