رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەساتە سروشتییەکانی ئەفغانستان دەڵێت، 60 ئەفغانستانی لە ماوەی سێ هەفتەدا بەهۆی بەفر و بارانی چڕەوە گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کارەساتە سرووشتییەکانی ئەفغانستان ئاماری سێ هەفتەی بەفر و بارانی چڕی ئەو وڵاتەی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە "60 کەس گیانیان لەدەستداوە".
ئەفغانستان بەوە ناسراوە کە زستانەکانی وشکن، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوای ئەم ماوەیە و بارانی بەفر و بارانی زۆر، لافاوی گەورە و مەترسیداری دروستکردووە.
جەنان سایەق، گوتەبێژی وەزارەتی کارەساتە سرووشتییەکان گوتی، "بەداخەوەین بەهۆی بەفر و بارانەوە لە 20-02-2024ـەوە 60 هاونیشتیمانی شەهید بوون و 23ـی دیکەش برینداربوون".
بەگوێرەی جەنان، نزیکەی هەزار و 645 خانوو بە تەواوی یان بەشێکیان رووخاوە و 178 هەزار سەر ئاژەڵیش مرداربوونەتەوە.
ئاستی حکومەت لە وەڵامدانەوەی کارەساتە سرووشتییەکان زۆر لاوازە، ئەمەش لەوەتەی تاڵیبان حکومەتیان بەدەستەوەیە و رێژەی چوونی هاوکارییەکان بۆ وڵاتەکە تەواو کز بووە.
پارێزگەی هیرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان کە هێشتا بەدەست کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی تشرینی یەکەمی پار دەناڵێنێت، چەند لافاوی گەورەی لێدروستبووە.
عەبدولزاهیر نوورازی، بەرپرسی بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییەکان لە پارێزگەی هیرات گوتی، "دوێنێ سێشەممە بنمیچی خانوویەک بەهۆی بارانی زۆرەوە رووخا و پێنج ئەندامی هەمان خێزان گیانیان لەدەستدا".
نوورازی داوا دەکات هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە شارەکە، "250 خانوو رووخاون و چەندین زەوی کشتوکاڵی لافاو تێکیداون".
مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو سێ بوومەلەرزەی بەهێز پارێزگەی هیراتیان هەژاند و بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، بوومەلەرزەکان بوونە هۆی گیانلەدەستدانی هەزار و 500 کەس و رووخانی 30 هەزار خانوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ