رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بە رووداوی گوت، پێشوازی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی دیمەشق و هەسەدە دەکەن و هیوادارن رێککەوتنەکە ببێتە هۆی دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا.
رۆژی پێنجشەممە، 13ی ئاداری 2025، ئۆوتی کۆسکینن، لە بەشی راگەیاندنی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێتیی ئەورووپا و فینلاند پێشوازییان لەو رێککەوتنە کردووە کە رۆژی 10ی ئەم مانگە لەنێوان دەسەڵاتی حکومەتی راگوزەر و هەسەدە دا واژۆکرا".
رۆژی 10ی ئەم مانگە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. رێککەوتنەکە لە 8 خاڵ پێکدێت. بە گوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی فینلاند دەشڵێت، "هیوادارین رێککەوتنەکە ببێتە هۆی دروستبوونی سەقامگیریی زیاتر و داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا و گەلی سووریا". ئاماژەی بەوەش کرد، "پاڵپشتی لە گواستنەوەیەکی سیاسیی گشتگیر لە سووریا دەکەین".
لە رێککەوتنەکە دا هاتووە، "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و گێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
هاوکات، رێککەوتنەکە هەموو جۆرە بانگەشەیەک بۆ دابەشکردنی سووریا و پێدانی ماف لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە رەتدەکاتەوە.
لە دوای رووخانی رژێمی ئەسەد، لە 8ی کانوونی یەکەمی پار، بەشێک لە وڵاتان جارێکی دیکە باڵیۆزخانەکانیان لە سووریا کردەوە، لەبارەی کردنەوەی باڵیۆزخانەکەیان لە دیمەشق، کۆسکینن دەڵێت، "ئێستا هیچ پلانێکمان نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ