رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا لە جەنگی ئێراندا، شێوازێکی نوێی لە مامەڵەکردن لەگەڵ میدیاکان گرتووەتەبەر کە تێیدا زیاتر پەنا بۆ دروشمی سیاسی دەبات و وردەکاریی سەربازی دەشارێتەوە. ئەم رێکارە نوێیە بووەتە هۆی دروستبوونی مشتومڕی تووند لە نێوان بەرپرسانی سەربازی و دەزگەکانی راگەیاندنی جیهانی.
بە پێچەوانەی جەنگەکانی رابردووی وەک عێراق و ئەفغانستان کە رۆژنامەڤانان دەستیان بە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی رۆژانە و یاوەریکردنی سەربازەکان دەگەیشت، ئێستا سوپای ئەمریکا زۆر بە کەمی زانیاری بڵاودەکاتەوە.
ستیڤ وارن، عەقیدی خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا کە 20 ساڵ ئەزموونی لە کاروباری گشتیدا هەیە، دەڵێت، "پێنتاگۆن لە هەموو کاتێک کەمتر و درەنگتر زانیاری بڵاودەکاتەوە، ئەو زانیارییانەی بڵاویشیدەکاتەوە، کەمترین سوودیان هەیە."
وارن ئاماژەی بەوە کرد، لە جەنگەکانی رابردوودا یەکەیەکی تایبەت هەبوو کە دروشمی "زۆرترین زانیاری بە کەمترین دواکەوتن"یان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا وانییە.
تاوەکو ئێستا چەندین پرسیاری گەورە بەبێ وەڵام ماونەتەوە، لەوانە بەرپرسیارێتیی ئەمریکا لە بۆردوومانکردنی قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران و پلانی واشنتن بۆ داهاتووی ئێران دوای جەنگ.
کینگسلی ویڵسن، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە وەڵامدا دەڵێت: "میدیاکان بڕێکی یەکجار زۆر زانیارییان پێگەیشتووە، چ دانی پێدا بنێن یان نا." ویڵسن ئاماژەی بە کردنی پێنج کۆنفڕانسی رۆژنامەڤانی لە 28ـی شوباتەوە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکانی ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم کرد.
یەکێک لەو خاڵانەی ستیڤ وارن بە "بێوێنە" وەسفی دەکات، ئەوەیە کە تەنیا سێ کەس لە هەموو سوپای ئەمریکا رێگەیان پێدراوە زانیاری بدەن، کە ئەوانیش بریتین لە: پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ؛ جەنەڕاڵ دان کەین، سوپاسالار و ئەدمیرال براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم.
وارن دەڵێ، پێنتاگۆن ئەرکی سەرشانیەتی روونی بکاتەوە چۆن ئەو یەک تریلیۆن دۆلارەی بودجەی سەربازی خەرج دەکات و کوڕ و کچانی ئەمریکا لەو جەنگە چ دەکەن.
پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئێستا و پێشکێشکاری پێشووی فۆکس نیوز، بەشێکی زۆری کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر کەناڵ و ئاژانسە "هەواڵییە ساختەکان" تەرخان دەکات، بەتایبەت کەناڵی سی ئێن ئێن.
رۆژی هەینی، هێگسەس زۆر تووڕە بوو لە راپۆرتێکی CNN کە گوتبووی واشنتن توانای ئێرانی بۆ تێکدانی هاتووچۆی نەوت لە تەنگەی هورمز کەم نرخاندووە. هێگسەس گوتی ئەمە "پێکەنیناوییە" و هیوای خواست هەرچی زووە هاوپەیمانێکی ترەمپ دەست بەسەر ئەو کەناڵەدا بگرێت.
رێکارە تووندەکانی ترەمپ دژی میدیا
ئەم شێوازە نوێیەی پێنتاگۆن پێش جەنگەکە و لەگەڵ دەستبەکاربوونی خولی دووەمی ترەمپ دەستیپێکرد. بەرپرسانی ئیدارەکە هاتووچۆی رۆژنامەڤانییان لە ناو باڵەخانەی پێنتاگۆن سنووردار کرد و ژمارەی کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکانیان کەمکردەوە. دواتر داوایان لە دەزگەکانی راگەیاندن کرد، واژۆ لەسەر رێسایەکی زۆر تووند بکەن بۆ مانەوە، بەڵام زۆربەیان رەتیانکردەوە و ناسنامەی فەرمیی پێنتاگۆنیان لێ وەرگیرایەوە.
تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی وێنەگرەکان لە کۆنفڕانسە رۆژنامەڤانییەکان دووربخرێنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ستافی هێگسەس ناڕەزاییان دەربڕی لەسەر ئەو شێوازەی کە وەزیر لە ناو وێنە هەواڵییەکاندا دەردەکەوێت.
رۆجەر ستاڵ، پرۆفیسۆری راگەیاندن لە زانکۆی جۆرجیا دەڵێ: "ئیدارەی ترەمپ لە دۆسیەی ئێراندا بە تەواوەتی ناڕوونـە. ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆنی گەورەیە کە تێیدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن تەنانەت زەحمەتی ئەوەش ناکێشێت کە پاساوێکی گونجاو بۆ کۆنگرێس و گەلی ئەمریکا بهێنێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ