رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێت، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سێرگی شۆیگۆ، وەزیری بەرگریی رووسیا قسەی کردووە و داوای لێکردووە بە زووترینکات لە ئۆکراینا ئاگربەست رابگەیێنن.
ئەم پەیوەندییە بە یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی دادەنرێت لەنێوان وەزیرانی بەرگریی هەردوو وڵات لە دوای دەستپێکی هێرشەکانی رووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا.
رۆژی هەینی 13-5-2022 پێنتاگۆن بڵاویکردەوە: "لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵات داوای ئاگربەستی دەستبەجێی لە ئۆکراینا لە هاوتا رووسییەکەی کردووە و هاوکات جەختیشی لە هێشتنەوەی کەناڵی پەیوەندی لە نێوان مۆسکۆ و واشنتن کردووەتەوە".
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە بڵاونەکردووەتەوە؛ دوایین جار کە وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و رووسیا پەیوەندیی تەلەفۆنییان ئەنجامدا، 18ی شوباتی ئەمساڵ بوو، تەنیا شەش رۆژ پێش دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا.
پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان وەزیرانی بەرگریی ئەمریکا و رووسیا لە کاتێکدایە، ئێستا جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە بەشی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکراینا چڕبووەتەوە و سوپای هەردوو وڵات رووبەڕووی یەکتری بوونەتەوە.
پێنتاگۆن بانگەشە بۆ ئەوە دەکات رووسیا تووشی شکستهاتووە لە بەدەستهێنانی ئەو ئامانجانەی لە پلانی جەنگەکەیدا داینابوو. ئەمە لە کاتێکدایە رووسیا تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی پاشەکشەکردنی لە بەرەکانی جەنگ نیشان نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ