رووداو – سوێد
داواکارێکی گشتیی لە سوێد بە تۆمەتی دزەپێکردنی زانیاری دادگە بۆ گرووپی "فۆکسترۆت" کە لەلایەن کوردێکەوە سەرۆکایەتیی دەکرا، لەلایەن دادگەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت. بەپێی ئەو ماڵپەڕە، ئەو داواکارە گشتییە کوردە و پێشتر ئەندامی پارتی سۆسیال دیموکرات بووە.
رەوا مەجید کە لە میدیای سوێدی دا بە "رێوی کورد" ناونرابوو، سەرکردایەتیی گرووپێکی بە ناوی 'فۆکسترۆت' دەکرد، ماوەیەک لە هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی خۆی شاردبووەوە، لە رۆژی 6ی ئوکتۆبەری 2023 لەکاتی پەڕینەوەی بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر سنوور دەستگیرکرا. رەوا مەجید بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر، تۆمەتی تەقەکردن و کوشتن و مافیاگەری لەلایەن سوێدەوە داواکراوبوو. باوکی رەوا مەجید لە مانگی ئایاری رابردوودا بە تەلەڤزیۆنی سوێدی ئێس ڤی تی راگەیاند کە کوڕەکەی ئێستا لە ئێران لە زیندان دایە.
ماڵپەڕی (سامنیت)ی سوێدی لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاری دا وردەکاریی تۆمەتبارکردنی ئەو داواکارە گشتییە کوردە روون دەکاتەوە. بەپێی ماڵپەڕەکە ئەو داواکارە گشتییە تەمەنی 33 ساڵە و، ناوی (ر. ئۆ)یە و پێشتر لەنێو پارتی سۆسیال دیموکراتەکان دا سیاسەتی کردووە و ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی یەکێتی لاوانی ئەو پارتە بووە، بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە زانیاری نهێنی نێو دادگای دزە پێکردووە و داویەتی بە ئیسماعیل عەبدۆ کە پێشتر بە پیاوی نزیکی رەوا مەجید (رێوی کورد) لە قەڵەم دەدرا. (ر. ئۆ) خۆی کوردە و خزمی ئیسماعیل عەبدۆیە.
سەرۆکی داوکاری گشتیی ژووری تایبەت، لارش مۆران، ئەوەی بۆ ماڵپەڕی (سامنیت) پشتڕاستکردووەتەوە کە (ر. ئۆ) دزەی بە زانیاری تایبەت کردووە بۆ خزمەکانی.
بەگوێرەی ئەو سكاڵایەی لە دادگا تۆمارکراوە، باس لە دوو خاڵی پێشێلکردنی نهێنی پارێزی دەکرێت کە لە مانگی تەممووزی 2023 کراوە.
ئەگەر تۆمەتەکە راست دەربچێت، تاوانەکە بە بچووک سەیر ناکرێت و، دەکرێت بۆ ماوەی دوو ساڵ سزای زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت، هەرچەندە سەرۆکی داواکاری گشتی، پێیوانییە کە سزایەکی وا قورس بدرێت.
دەکرێت سزای دارایی بدرێت، داواکاری گشتی وای بە ماڵپەڕی سامنیت گوتووە.
یەکەم تاوان کە ئەنجامدراوە، ئەوەبووە کە پێش نیوەڕۆی 3ی تەممووزی 2023، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە (ر. ئۆ) دۆسیەی تاوانێکی پەیوەست لەگەڵ باندەکان دەخاتە سەر مێزی کارکردنەکەی، دۆسیەی ئاگرتێبەردان کە هەمان شەو لە گەڕەکی فارش دا کراوە.
گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی محەممەد ئیسماعیل بە تاوانی هەڵگرتنی چەک دوای ئەو رووداوە دەستگیر دەکرێت، ئەو لەکاتی رووداوەکەدا لەو شوێنە بووە و دەمانچەکی گلۆکی 9ـی پێ بووە، بەتاوانی هەڵگرتنی چەک سزادراوە، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ ئاگرکەوتنەوەکەدا، هیچی لەسەر ساخ نەبووەوە.
محەممەد ئیسماعیل یەکێکە لەو کەسانەی کە لە بازنەی بەناو فۆکسترۆتنێتڤیرکیت ( رایەڵەی فۆکس) ناسراون، ئەو لەگەڵ هاوتەمەنێکی خۆی بەناوی فروزەندە ساخەتیلیان بە کوشتنی سیاسەتڤان فرێدریک ئەندەرشۆن تۆمەتبار دەکرێت.
(ر. ئۆ) وێنەی شاشەی کۆمپیوتەری کارکردنەکەی و سیستەمی ناوەندی بەڕێوەبردنی دۆسیەی تاوانکاری کە بە کۆبرا ناسراوە دەگرێت و پاشان وێنەکە دەنێرێت بۆ خزمێکی نزیکی خۆی، لە کورتە نامەیەکدا دەنووسێت: "ئیسماعیلم دەستگیرکردووە" و، ئیمۆجی زەردەخەنەیەکیش دادەنێت.
دوای دوو هەفتە هەمان شت دووبارە دەکاتەوە، ئەم جارە (ر. ئۆ) نامەیەکی کورت بۆ خزمێکی دیکەی دەنێرێت و پێی دەڵێت یان بۆی پشتڕاست دەکاتەوە کە گەنجێک لە گەڕەکی ئالبی لە ستۆکهۆڵم کوژراوە. دواتر زانیاری ورد لەسەر کوشتنەکە، کوژراوەکە و کەسوکاری دەدرکێنێت.
لە راپۆرتی داواکاری گشتی دا هاتووە و دەڵێت (ر. ئۆ) ناوی یەکەم و تەمەنی تەقەلێکراو، فیشەکەکان بەرکوێی کەوتوون، شوێنی تاوانەکە و کەسوکاری تەقەلێکراوەکە دەستبەجێ چیان کردووە، ناوی تەواو و پشتڕاستکردنەوەی کوژراوەکەی ئاشکرا کردووە.
(ر. ئۆ) بەردەوام زانیاری لەسەر لێکۆڵینەوە لە تاوانەکە دزە پێدەکات بۆ کەسوکارەکەی، ئەمەش هەستیاریەکی زۆری هەیە، چونکە (ر. ئۆ) ئامۆزای ئیسماعیل عەبدۆیە کە بە (شلک)یش ناسراوە، پێشتر نزیکترین کەسی رەوا مەجیدی ناسراو بە (رێوی کورد) بووە کە سەرۆکی تۆڕی فۆکسترۆتە.
هەموو هەوڵەکانی دەوڵەتی سوێد بۆ دەستگیرکردنی ئەوانەی کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە ئیمپراتۆرییە تاوانکارییەکان بەڕێوە دەبەن شکستیان هێناوە. عەبدۆ و رەوا مەجید لە ململانێیەکی تووند دابوون و بە کوشتن و هەوڵدان بۆ کوشتن لە سوێد تاوانبار کراون.
ساڵی رابردوو سەرنج خرایە سەر پەیوەندی خزمایەتی عەبدۆ و (ر. ئۆ)، بۆیە بە گومانی دزەپێکردنی زانیاری لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا. کاتێکیش ماڵەکەیان پشکنی و دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرت، ئەو گفتوگۆ نایاساییانە ئاشکرابوون.
- لە لێکۆڵینەوە سەرتاییەکاندا سەبارەت بە هەڵسوکەوتی هەڵە لەکاتی کارکردن دا، ئەگەری پەیوەندی ئەو هەیە بەو بەناو (شلکەوە)، ئەوە قسەی دادوەری گشتی لارش مۆراندە بۆ سامنیت.
- (ر. ئۆ) دزەی بەو زانیاریانە کردووە کە نهێنی تایبەت و کەسین، من ئاگام لەوە نییە کە ئەو دۆسیانە تاوانی باندەکانیان تێدایە، من بانگەشەیەکی وام نەکردووە، بەڵام ئەو زانیارییەکانی بۆ کەسوکارەکەی خۆی دزە پێکردووە.
(ر. ئۆ) پێشتر سیاسەتڤانێکی نێو سۆسیال دیموکراتەکان بوو. ئەم سیاسەتڤانە کوردەی نێو سۆسیال دیموکراتەکان کە دواتر لە کۆمەڵەی کرێنشینان لەکاتی قەیرانی کۆچبەران لە ساڵی 2015 کاری کردووە، کاتێک بۆ یارمەتیدانی کۆچبەران دەچێتە دوورگەی لێسبۆسی یۆنان، سەرنجی دەخرێتەسەر.
پێشتر لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری سەندیکای LO (ئاربێتت)، (ر. ئۆ) دەڵێت: کاتێک پۆلیس دەبینم هەرگیز هەست بە سەلامەتی ناکەم.
پێشتریش (ر. ئۆ) ئۆرتاک بە بیانووی پێشێلکردنی سەیرکردنی زانیاری نێو کۆمپیوتەرەکان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە، بەڵام نەبراوەتە بەردەم دادگا، ئێستا داواکاری گشتی لەسەر دوو رووداوی پێشێلکردنی نهێنی پارێزی لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکات.
لە لێکۆڵینەوەی پۆلیس دا (ر. ئۆ) ئۆرتاک دان بەوە دادەنێت کە وێنەی ئەوکەسەی گرتووە کە بە کۆبرا ناسراوە، بەڵام ئەو رەتیدەکاتەوە تاوانی کردبێت و دەڵێت بیرم نایێت کە زانیاری نهێنیم لەگەڵ وێنەکەدا بۆ کەسوکارم رەوانە کردبێت.
(ر. ئۆ) دەڵێت ئێستا شوێنی کارەکەیان گۆڕیوە، بەڵام هەروەکو داواکاری گشتی لە کارەکەی بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ