وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو: لەدوای رێوشوێنەکان رێژەی کۆچبەرانی نایاسایی کەمبووەتەوە

14-06-2025
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو دەدوێ
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا بۆ رووداو دەدوێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت، کۆمەڵێک رێوشوێن بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەیان گیراونەتەبەر. لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر ئێران ئاماژە بەوە دەکات: ''ئیسرائیل بە بەکارهێنانی مافی بەرگری لە خۆی، دەبێت بەرگری لە خۆی بکات''.
 
ئەلێکساندەر دۆبریندت، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025 بە ئاڵا شاڵی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی وڵاتەکەی رێوشوێنی بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی گرتووەتەبەر و گوتیشی: ''ئەم رێوشوێنانە لە ساڵی رابردوو، واتە مانگی ئەیلوول دەستیانپێکرد. لە سەرەتای مانگی ئایاریشەوە بە پۆلیسی زیاتر بەهێزمان کردووە''.
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەڵێت: ''تووندوتیژیی روویدایەوە. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە، دەبینین هەڕەشەکان دژی ئیسرائیل تادێت تووندتر دەبن. بۆیە روونە کە ئیسرائیل بە بەکارهێنانی مافی بەرگری لە خۆی، دەبێت بەرگری لە خۆی بکات''.
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی ئاڵا شاڵی و وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا
 
ئاڵا شالی: بەڕێز جەنابی وەزیری ناوخۆی فیدراڵ، سوپاس بۆ بەڕێزتان. یەکەم پرسیارم ئەوەیە ئایا کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی ئەڵمانیا و گەڕاندنەوەی کۆچبەرەکان لەسەر سنوور، تاوەکو چەند گرنگ و پێویستە؟ تاوەکو کەی بەردەوام دەبن؟ تاوەکو ئێستا چەند سەرکەوتوو بوون؟
 
ئەلێکساندەر دۆبریندت: پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئێمە کۆمەڵێک رێوشوێن بگرینەبەر بۆ کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی. ئەمەش ئەو رێوشوێنانە دەگرێتەوە کە ئێمە لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی ئەورووپا، واتە لە یەکێتیی ئەورووپادا لەسەریان رێککەوتووین. بەڵام ئەو رێوشوێنانەش لەخۆدەگرێت کە ئێمە لەسەر ئاستی نیشتمانی جێبەجێیان دەکەین. یەکێک لەو رێوشوێنانە گەڕانەوەیە لە سنوورەکان. ئەمەش سەرکەوتوو بووە. ئەم رێوشوێنانە لە ساڵی رابردوو واتە مانگی ئەیلوول دەستیان پێکرد. لە سەرەتای مانگی ئایارەوە بە پۆلیسی زیاتر بەهێزمان کردووە.
 
ئەم ئاستە لە بڵاوەپێکردن لە سنوورەکان لە ئێستاوە نیشانی دەدات کە ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی لە دابەزیندایە. هەربۆیەش بەردەوام دەبین لە درێژکردنەوەی ئەم رێوشوێنانە. رێوشوێنەکان کاتین، بەڵام درێژ دەکرێنەوە. ئێمە بەرژەوەندیمان هەیە کە لە شوێنێکدا جارێکی دیکە کۆنترۆڵی سنوورەکان هەڵبوەشێتەوە. بەڵام بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات، دەبێت پاراستنی سنووری دەرەکی لە ئەورووپا کار بکات. هێشتا زۆر لاوازە. ئەگەر ئەمە بەهێز بکەین، دەتوانین بێ کۆنترۆڵی سنووری ناوخۆییش بکەین.
 
ئاڵا شاڵی: گرژییەکانی ئێستای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تا چەند نیگەرانی کردوون؟ چی دەکەن بۆ ئەوەی دۆخەکە هێور بکەنەوە؟
 
ئەلێکساندەر دۆبریندت: بە دڵنیاییەوە دەبینین کە تووندوتیژی روویدایەوە. لە سەرووی هەموو ئەمانەشەوە دەبینین کە هەڕەشەکان دژی ئیسرائیل تاوەکو دێت تووندتر دەبن. بۆیە روونە کە ئیسرائیل بە بەکارهێنانی مافی بەرگری لە خۆی، دەبێت بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر ئەمە. هەروەها ئێمە بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری ئەو شتانە دەکەین کە روودەدەن. هەربۆیە بەردەوامین لە داوای کەمکردنەوەی ئەم تووندوتیژییانە. بەڵام بێگومان ئەمە بە پلەی یەکەم ئاراستەی ئەو کەسانە دەکرێت کە چەندین جار مافی بوونی ئیسرائیل دەخەنە ژێر پرسیارەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە