پەیامێکی نوێ لە دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئێران: پەلە بکەن و رێکبکەون

13-06-2025
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەرفەتی زۆری بە ئێران دا بۆ رێککەوتن، بەڵام سوودیان لەو دەرفەتانە وەرنەگرت. دەشڵێت، پێویستە تاران رێککەوتن بکات پێش ئەوەی هەموو شتێک لەنێوبچێت. 
 
رۆژی هەینی، 13ی حوزەیرانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیال رایگەیاند، "ژمارەیەک دەرفەتی زۆرم بە ئێران دا بۆ رێککەوتن. بە بەکارهێنانی وشەی تووند پێمگوتن، بیکەن (رێککەوتن)، بەڵام هەرچەند هەوڵمدا، هەرچەند نزیکبوونەوە هەبوو، نەیانتوانی رێککەوتن بکەن".
 
ئەو دەشڵێت، "پێمگوتن، دۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت لەوەی دەیزانن، چاوەڕێیدەکەن یان پێیانگوتراوە. ئەمریکا باشترین و بەهێزترین کەرەستەی سەربازی لە جیهاندا دروستدەکات، ئیسرائیلیش زۆرێک لەو چەکانەی هەیە و زۆرتریشیان دەبێت. ئەوان دەزانن چۆن ئەو چەکانە بەکاربهێنن."
 
سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیێندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "بەشێک لە تووندڕۆکانی ئێران زۆر ئازایانە قسەیان دەکرد، بەڵام نەیاندەزانی چی روودەدات. ئێستا، هەموویان مردوون و دۆخەکە خراپتر دەبێت!"
 
ئەو گوتانەی ترەمپ دوای ئەوە هاتن کە ئەمڕۆ ئیسرائیل بە 200 فرۆکەی جەنگی هێرشی کردە سەر ژمارەیەک پێگەی ئێران. تاوەکو ئێستا کوژرانی سێ فەرماندەی سەربازی و شەش زانای ئەتۆمی ئەو وڵاتە پشتڕاست کراوەتەوە. 
 
بەرپرسانی تارانیش هەڕەشەی وەڵامدانەوەی تووندی هێرشەکە دەکەن. وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەش ئەمریکا بە هاوئاهەنگیکردنی ئیسرائیل لە هێرشەکە تۆمەتبار دەکات. 
 
 بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، "کوشتن و وێرانکاری زۆر روویداوە، هێشتا کات ماوە بۆ کۆتاییهێنان بەم کوشتارە، پێش ئەوەی هەمووشتێک و ئەوەی رۆژانێک پێیدەگوترا ئیمپراتۆریەتی ئێران لەنێو بچێت. نا بۆ کوشتنی زیاتر، نا بۆ وێرانکاری زیاتر، تەنیا رێککەوتن بکەن ئێستا، پێش ئەوەی زۆر درەنگ بێت!".
 
لە نیسانی ئەم ساڵەوە ئێران و ئەمریکا پێنج گەڕی دانووستاندنیان بۆ رێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمیەکەی تاران کردووە، بەڵام بەهۆی سووربوونی ئەمریکا بۆ لەنێوبردنی توانای پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێران و سووربوونی تارانیش لەسەر بەردەوامی، نەگەیشتنە رێککەوتن. 
 
ئەو بۆردوومانەی ئیسرائیل لەکاتێکدایە بڕیار بوو رۆژی یەکشەممە لە مەسقەت شەشەم گەڕی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی تاران بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە