ئێف بی ئای چی لە ماڵەکەی ترەمپدا دۆزییەوە؟

13-08-2022
دڵزار زوبێر
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، لە ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپدا لە فلۆریدا کارمەندانی ئێف بی ئای 11 کۆمەڵە بەڵگەیان دۆزیوەتەوە کە بە "زۆر نهێنی" ناویان دەهێنێت.
 
رۆژی هەینی 12ـی ئابی 2022، وەزارەتی دادی ئەمریکا کۆمەڵێک لەو بەڵگەنامانەی لە ماڵەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ویلایەتی فلۆریدا دەستیان بەسەردا گیراوە بۆ رای گشتیی ئاشکراکرد. 
 
مۆڵەتی گەڕانەکە لەلایەن مێریک گارلاند، داواکاری گشتیی ئەمریکا بە ئێف بی ئای درابوو؛ مۆڵەتپێدانەکە رێگەی بە ئێف بی ئای دا بەنێو "نووسینگەی 45"ـی دۆناڵد ترەمپدا بگەڕێن. ناونانی ئەم نووسینگەیە بەو ناوەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە دۆناڵد ترەمپ 45ەمین سەرۆکی ئەمریکا بووە. 
 
"بەڵگەنامەی هەستیار"
 
داواکاریی گشتیی فەرمانی بە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ئەمریکا - FBI کردبوو بۆ ئەوەی دەست بەسەر بەڵگەنامە و تۆمارەکاندا بگرن "کە بەشێوەیەکی نایاسایی خاوەندارێتییان دەکرێت" کە وەکو ئاماژەی پێکراوە پێشێلکردنی سێ یاسای تاوانکارییە. بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی داد، یەک کۆمەڵەیان بە زۆر نهێنی و زۆر هەستیار پۆلێنکراون؛ چوار کۆمەڵە بەڵگە بە زۆر نهێنی دانراون و شەش کۆمەڵەشیان وەک نهێنی تۆمارکراون. 
 
بەشێکی بەڵگەنامەکان، وەکو وەزارەتی داد دەڵێت، دەکرێت پێشێلکردنی یاسای سیخوڕیکردن بن. پێشێلکردنی یاسای سیخوڕیکردن بریتییە لە هەڵگرتنی بەڵگەی نهێنی، شاردنەوەی بەڵگەی هەستیار، شاردنەوە، لەنێوبردن، گۆڕین و دەستکاریکردنی هەر بەڵگە و نامەیەکی حکومی لە چوار ساڵی سەرۆکایەتییدا و پشتگوێخستنی یاساکانی تایبەت بە بەرگریی ئاسایشی نیشتمانی. سزای پێشێلکردنی یاسای سیخوڕی زیندان یانیش پێژماردنی داراییە. 
 
زانیاری لەبارەی "سەرۆکی فەرەنسا" لەنێو ماڵەکەی ترەمپدا
 
ترەمپ بە تووندی سەرکۆنەی هەڵکوتانی FBI بۆ سەر ماڵەکەی دەکات و لە ترووس سۆشیال، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی خۆی نووسیویەتی: "هەموو ئەو بەڵگەنامانەی پشکنینیان بۆ کراوە، پێشتر پەردەیان لەسەرلادراوە و شتنی نهێنی نین." 
 
لە گەرمەی پشکنینەکانی ئێف بی ئای، هەندێ سەرچاوەی میدیایی ئەمریکا تەنانەت باسیان لەوە دەکرد کە گوایە ترەمپ بەڵگەی نهێنی تایبەت بە چەکی ئەتۆمی شاردووەتەوە
 
ترەمپ لەو بارەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی دەڵێت: "بابەتی چەکی ئەتۆمی فێڵ و درۆیە، هەر وەک بابەتی رووسیا کە درۆ بوو و چەندین بابەتی دیکە کە هەموویان ساختە و درۆ بوون. هەمان کەسی پیس تێکەڵی بابەتەکان بوون. بۆچی ئێف بی ئای رێگەی نەدا پشکنینی ماڵەکەم لە مار ئا لاگۆ بە ئامادەبوونی پارێزەرەکانم بکرێت؟ لە دەرەوە لە ژێر گەرما هێشتنیانەوە و تەنانەت رێگەشیان نەدا نزیک ببنەوە. ئایا ئەوان نین کە بەڵگەکانیان لە ماڵەکەم داناوە؟" 
 
جگە لە بەڵگەنامە هەستیارەکان، بەگوێرەی وەزارەتی داد، کارمەندانی FBI دەستیان بەسەر ژمارەیەک ئەلبوومی وێنە، نووسراوێکی دەستی، زانیاری لەبارەی "سەرۆکی فەرەنسا" و فەرمانی لێخۆشبوون بۆ رۆگەر ستۆنی هاوپەیمانی ترەمپدا گرتووە.
 
شەوی دووشەممە، 8ی ئابی 2022 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بەناوی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، کارمەندانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی لە شارۆچکەی پاڵم بیچی ویلایەتی فلۆریدا چوونەتە سەر ماڵەکەی. 
 
دوای گەڕانەکەی FBI بەنێو ماڵەکەیدا، ترەمپ گوتی کە بووەتە قوربانیی "بەچەکداریکردنی لەپێشینە نەهاتووی سیاسییانەی جێبەجێکردنی یاسا" و پێیوایە، ئەمە هەوڵێکی "دیموکراتە رادیکاڵەکانە" دژی ئەو. بەشێکی کۆمارییەکانیش وەزارەتی داد و FBI لە بەئامانجگرتنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بە "لایەنگرتن" تۆمەتبار دەکەن. 
 
ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رایگەیاند، 15 سندووق بەڵگەنامەیان لە ماڵەکەی ترەمپدا لە فلۆریداوە گەڕاندووەتەوە. بەگوێرەی میدیای ئەمریکاش، ئەوانە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی "نهێنی" بوون کە ترەمپ لە دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپییەوە بردبوونی.
 
بەشێک لەو بەڵگەنامانەی کە لە ماڵەکەی ترەمپدا هەن، وەکو میدیای ئەمریکی دەڵێت، هی سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری وڵاتن کە دەبوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، رادەستی کۆشکی سپیی کرابانەوە.
 
هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس
 
ئێستا پەڕاوی بەڵگە نهێنییەکان دەچێتە پاڵ دۆسیەی هێرشەکانی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2021ـی سەر کۆنگرێسی ئەمریکا کە تێیدا لایەنگرانی ترەمپ ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە. تاوەکو ئێستاش، ترەمپ لەلایەن دیموکراتەکانەوە بە هاندەری سەرەکیی ئەو هەڵکوتانە دادەنرێت. 
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە، کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە رووداوەکانی 6ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەکات.  
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020دا شکستی هێنا؛ رۆژی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 لایەنگرانی ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە و هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و ژنە خۆپێشاندەرێک لەنێو کۆنگرێسدا کوژرا، چوار خۆپێشاندەر و پۆلیسێک بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. لەدوای ئەوەش وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە.
 
ترەمپ و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024
 
ترەمپی 76 ساڵ، کە چاوەڕوان دەکرێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بکات، بەگوێرەی دوایین راپرسییەکان، زۆرینەی کۆمارییەکان بە بەهێزترین بەربژێر دەیبینن و دەیانەوێت بە نوێنەرایەتیی کۆمارییەکان کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆکی ئەمریکا بکات. 
 
رۆژی 2ـی ئابی 2022، سەنتەری "توێژینەوە سیاسییەکانی ئەمریکا" ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەردەکەوێت، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، ئەوا دۆناڵد ترەمپ بە جیاوازی 33٪ـی دەنگەکان پێش بەربژێرەکانی دیکەی کۆمارییەکان دەکەوێت و دەبێتە بەربژێری ئەو پارتە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا.
 
رۆژی 1-8-2022ش زانکۆی "راسموسین" ئەنجامی راپرسییەکی بڵاوکردەوە و دەریدەخات، ئەگەر ئێستا هەڵبژردن لە ئەمریکا بکرێت و رکابەرایەتییەکە لەنێوان بایدن و ترەمپ بێت، کۆمارییەکە بە جیاوازی 4٪ـی دەنگەکان پێش دیموکراتەکە دەکەوێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە