رووداو دیجیتاڵ
لە ئێوارەیەکی درەنگدا، کیم جۆنگ ئوون، بە شەمەندەفەرە سەوزەکەی لە پیۆنیانگی پایتەختی کۆریای باکوورەوە بەرەو رووسیا بەڕێکەوت، لە ساتی گەیشتنی بە رووسیا، پووتین بە نمایشکردنی وێستگەیەکی هەڵدانی مووشەکیی بۆ بۆشایی ئاسمان و چەند جۆرە خواردنێکی رووسی پێشوازی لێکرد، ئەمریکاش نیگەرانیی خۆی دەربارەی کۆبوونەوەی لووتکەی ئەو دوو وڵاتە دەربڕی.
رۆژی سێشەممە 12-9-2023، کیم جۆنگ ئوون گەیشتە شاری ڤلادیڤۆستۆکی رووسیا لە نزیک بەندەری زەریای هێمن پێشوازی لێکرا، بەیانیی رۆژی چوارشەممەش لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەیان، پووتین وێستگەیەکی هەڵدانی مووشەکی رووسی پێشانی رێبەرەکەی کۆریای باکوور دا.
کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆبووەوە و پێی گوتووە، "دڵنیام سەرکەوتنی گەورە بەسەر دووژمنەکانتاندا بەدەستدەهێنن"
— Rudaw (@Rudawkurdish) September 13, 2023
دوای کۆبوونەوەکە رێبەری کۆریای باکوور بەرەو وڵاتەکەی بەڕێکەوتەوە pic.twitter.com/liZmF1YX7L
دواتر، پووتینی تەمەن 70 ساڵ بە ئامادەبوونی وەزیرەکانی هەردوو وڵات، کۆبوونەوەیەکی چەند کاژێری لەگەڵ کیم جۆنگ ئووندا ئەنجامدا، دواتر وەزیرەکانی هەردوو وڵات چوونە دەرەوەی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەردوو وڵاتەکە دوو بە دوو کۆبوونەوە و پووتین خواردنی 'کامچاتکا' کە خواردنێکی رووسییە لەگەڵ هەندێک قارچک و پەتاتەی پێشکێشی کیم کرد.
قسە گرنگەکانی نێوانیان لەدوای نانخواردنی نیوەڕۆ دەستیپێکرد، بەپێی ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی رووسیا، کیم جۆنگ ئوون بە پووتینی گوتووە، "من باوەڕم بە قارەمانێتیی گەلی رووسیا هەیە، لە سەرکەوتن بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان، داستانێکی مێژوویی تۆماردەکەن."
کیم باسی لەوەش کردووە، "من بە تەواوی پێموایە کە سوپای قارەمانی رووسیا بە شێوەیەکی زۆر نەریتی سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، بەهێزی و گەورەیی خۆیان لە بەرەکانی جەنگدا پێشان دەدەن."
سەردانەکەی رێبەری کۆریای باکوور بە دووەمین سەردان و کۆبوونەوەی دادەنرێت لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. دوایین جار لە ساڵی 2019 ئەو دوو سەرکردەیە کۆبوونەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەکە ئەمریکا و کۆریای باشوور نیگەرانیی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند، کۆریای باکوور لە 18 مانگی جەنگی دژ بە ئۆکراینادا، هاوکاریی سەربازی و دارایی رووسیای کردووە. مۆسکۆ و پیۆنیانگیش تۆمەتەکانی ئەمریکا و کۆریای باشوور رەتدەکەنەوە.
چەند بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکی قسەیان بۆ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی کردووە و ئاماژەیان بەوەکردووە، رووسیا بە پێدانی "مووشەکی بالیستی و ژێردەریایی" هاوکاریی سەربازی و پەرەپێدانی بەرنامەی مانگی دەستکرد، هاوکاریی کۆریای باکوور دەکات، لە بەرامبەردا کیم ئامادەیی پێشانداوە هاوکاریی تەواوی هێزەکانی رووسیا لە جەنگی دژ بە ئۆکراینا بکات.
ماتیۆ میلـلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی دووشەممە 11-8-2023، گوتی، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە "لێپرسینەوە" لەو لایەنانەی کە یارمەتیی هەڵمەتی سەربازیی رووسیا دەدەن لە ئۆکراینا، ئاڵوگۆڕکردنی چەک لەنێوان کۆریای باکوور و رووسیا دژ بە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکانە.
لەبارەی سەردانەکە و لە وەڵامی پەیامەکانی ئەمریکا و کۆریای باشووردا، دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی کرێملین رایگەیاندووە، پووتین لەگەڵ کیم "باسی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییان نەکردووە، بەڵکو گفتوگۆکەیان لەبارەی پەرەپێدانی هێڵە فڕۆکەوانییەکان و گواستنەوە بووە."
رووسیا لە 24ــی شوباتی 2022، هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر خاکی ئۆکراینا دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
ئێستا ئەمریکا و کۆریای باشوور، چین و کۆریای باکوور و چەند وڵاتێکی دیکە بە هاوکاری رووسیا دەزانن لە شەڕی دژ بە ئۆکراینادا، بەردەوام هۆشداریی دەدەن لە ئاڵوگۆڕی هاوکارییەکانی نێوانیان، بەڵام هەردوو وڵاتەکە ئەو هاوکارییانە رەتدەکەنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ