رووداو دیجیتاڵ
تۆڕی میدیایی رووداو، رۆژی شەممە، 13-9-2025، رووماڵێکی تایبەتی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی نۆردراین فێستفاڵن کرد کە زۆرترین کورد لەوێدا نیشتەجێن.
بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان، لە سەرانسەری ئەڵمانیادا زیاتر لە ملیۆنێک و 500 هەزار کورد دەژین و بەشی هەرەزۆریشیان لە هەرێمی نۆردراین فێستفاڵن دەژین.
رۆژی 14-9-2025، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی هەرێمەکە بەڕێوەدەچێت. زیاتر لە 300 لیست و بەربژێری کورد لە رکابەریدان. بەتایبەتیش شاری کۆلن زۆرترین چاوی لەسەرە و بەربژێرێکی کورد رکابەری بۆ بەدەستهێنانی دەکات؛ واتا ئەگەر هەیە کوردێک ببێتە سەرۆکی شارەوانی.
خانمێکی کورد بەربژێرە بۆ شارەوانیی کۆلن
بێریڤان ئایماز، ساڵی 1972 لە چەولیکی باکووری کوردستان لە خێزانێکی سیاسی لەدایکبووە، ساڵی 1978 چوونەتە ئەڵمانیا. ساڵی 2017 بووەتە پەرلەمانتاری هەرێمی نۆترینگس فالن و یەکەمین جێگری سەرۆکی پەرلەمانە لە هەرێمەکەدا کە پێشینەی کۆچبەری هەیە.
بێریڤان لەسەر لیستی پارتی سەوزەکان؛ جێگری سەرۆکی پەرلەمانە، پارتەکەی بۆ پۆستی سەرۆکی شارەوانیی شاری کۆلن بەربژێری دەکات.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، باوکی بێریڤان سەرۆکی شارەوانیی چەولیک بووە و بێریڤانیش دەیەوێت وەکو باوکی ببێتە سەرۆک شارەوانی، بەڵام لە کۆلن.
بایرام ئایاز، دۆستی نزیکی بێریڤان ئایماز لەو رووماڵە تایبەتەدا بووە میوانی هێمن عەبدوڵڵا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو و گوتی: "بێریڤان دەتوانێت ببێتە نوێنەری کورد و نوێنەرایەتییەکی زۆر باش بکات و خزمەتێکی گەورە بە کوردەکانی ئەم شارە بکات. خێزانی بێریڤان زۆر کورد پەروەرن و من شایەتیی ئەوەم، بێریڤان لە هەموو کۆبوونەوەکاندا لەم شارە دەڵێت، من لە چەولیک لەدایکبووم و لە خێزانێکی کوردم."
بەگوێرەی راپرسییەک کە ناوەندی لێکۆڵینەوە و راپرسیی فۆرسا کردوویەتی، پارتی سەوزەکان یەکەم دەبن و رێژەی 23٪ی دەنگەکان بەدەست دەهێنن، رەنگە لە خولی یەکەمدا بێریڤان نەبێتە سەرۆکی شارەوانی، بەڵام لە خولی دووەمدا ئەگەری بەهێز هەیە ئەو خانمە کوردە ببێتە سەرۆکی گەورە شارەوانی کۆلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ