رووداو دیجیتاڵ
ئۆکراینا رۆژی شەممە رایگەیاند، بۆ ساڵی داهاتوو پێویستی بە لانیکەم 120 ملیار دۆلارە بۆ ئەوەی بتوانێت دژی رووسیا بەرگری لەخۆی بکات، هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد تەنانەت ئەگەر شەڕیش کۆتایی بێت، پێویستی بە بڕێکی هاوشێوە دەبێت بۆ پاراستنی توانای سەربازییەکانی.
ئۆکراینا نزیکەی سێیەکی کۆی بەرهەمی ئابوورییەکەی بۆ بەرگری خەرج دەکات و بۆ بەگەڕخستنەوەیشی، پشتی بە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بەستووە.
لە کۆنفرانسێکدا لە کیێڤ، دێنیس شمیهال، وەزیری بەرگریی ئۆکراینا رایگەیاند، وڵاتەکەی مەترسیی لەدەستدانی خاکی زیاتری لەسەرە ئەگەر رووسیا لە خەرجییە سەربازییەکاندا لەپێشییەوە بێت.
شمیهال گوتی: "پێویستە بڵێم ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، بۆ ساڵی داهاتوو لانی کەم پێویستمان بە 120 ملیار دۆلار دەبێت." هەروەها گوتیشی، تەنانەت ئەگەر شەڕ کۆتایی بێت، ئۆکراینا پێویستی بە بڕێکی هاوشێوە دەبێت تەنیا بۆ ئەوەی سوپاکەی لە ئامادەییدا بهێڵێتەوە.
وەزیرەکە پێشنیازی کرد سامانی سڕکراوی رووسیا لە رۆژئاوا دەستی بەسەردا بگیرێت بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەرگریی ئۆکراینا و رایگەیاند، ئۆکراینییەکان لە دوای سێ ساڵ و نیو لە شەڕ، باری قورسی باجیان لەسەرشانە.
رووسیا دەڵێت، هەر هەوڵێک بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانەکەی بە دزی دادەنرێت و لێکەوتەی دەبێت.
رۆژی چوارشەممە، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، پێشنیازی کرد سامانی سڕکراوی رووسیا بۆ دابینکردنی "قەرزی قەرەبووکردنەوە" بۆ ئۆکراینا بەکاربهێنرێت، بەڵام گوتی قەوارە 27 ئەندامییەکە خۆیان دەست بەسەر ئەو سەروەت و سامانەدا ناگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ