رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی داواکاری گشتی بەنگلادیش رایگەیاند، دادوەرانی بەنگلادیش رۆژی 17ی تشرینی دووەم بڕیاری کۆتایی لەبارەی دادگاییکردنی شێخ حەسینا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی هەڵاتووی وڵاتەکەوە دەدەن، کە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی دەکرێت.
حەسینا، تەمەنی 78 ساڵە و بەرەو هیندستان هەڵاتووە، فەرمانەکانی دادگەی بۆ گەڕانەوە و ئامادەبوون لە دادگاییکردنەکەی پشتگوێ خستووە. ئەو تۆمەتبارکراوە بە فەرمانکردن بە سەرکوتکردنێکی خوێناوی دژی راپەڕینێکی خوێندکاران کە لە مانگی ئابی 2024دا بووە هۆی لەکارلادانی.
راپەڕینەکە بەشێوەیەکی فراوان پشتیوانی جەماوەریی بەدەستهێنا و بووە هۆی رووخانی حکومەتەکەی.
تاجول ئیسلام، سەرۆکی داواکاری گشتی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "دادپەروەری بەپێی یاسا جێبەجێ دەکرێت و هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە." هەروەها جەختی کردەوە، کە تیمی داواکاری گشتی بەڵگەی پێویستیان پێشکێش بە دادگە کردووە.
تاجول ئیسلام، گوتیشی، "گەشتێکی دوور و درێژ و پڕ لە بەربەستمان تەواو کردووە و ئێستا لە قۆناخی کۆتاییداین. دادگە رۆژی 17ی مانگ بڕیارە مێژووییەکەی خۆی دەردەکات."
دادگاییکردنی غیابیی حەسینا، لە یەکی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، چەندین مانگی خایاند و تێیدا دادگە گوێی لە شایەتحاڵی دەیان کەس گرت، سەبارەت بەو تۆمەتانەی کە گوایە حەسینا فەرمانی بە کوشتنی بەکۆمەڵی خۆپیشاندەرانی سیڤیل کردووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی نائارامییەکانی نێوان مانگەکانی تەممووز و ئابی 2024، نزیکەی 1400 کەس لە هەوڵە شکستخواردووەکەی حەسینا بۆ مانەوە لە دەسەڵاتدا کوژران، کە زۆربەیان خوێندکار و چالاکڤان بوون.
داواکارانی گشتی پێنج تۆمەتی سەرەکییان ئاراستەی حەسینا کردووە، لەنێویاندا شکستهێنان لە رێگریکردن لە کوشتن، کە بەپێی یاسای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی بەنگلادیش بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی هەژمار دەکرێت. داواکاران داوای سەپاندنی سزای لەسێدارەدانیان بۆ کردووە ئەگەر بە تاوانبار بناسرێت.
لە بەرامبەردا، حەسینا لە رێگەی پارێزەرەکانییەوە هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و دادگاییکردنەکەی بە "گاڵتەجاڕییەکی یاسایی" و هەوڵێکی سیاسی بۆ لەناوبردنی رکابەرەکانی ناوبردووە.
تۆمەتبارانی دیکەی ئەم دۆسیەیە بریتین لە ئەسعەدەزەمان خان کەمال، وەزیری پێشووی ناوخۆ، کە ئەویش لەگەڵ حەسینادا هەڵاتووە، هەروەها چاودهوری عەبدوڵڵا ئەلماموون، فەرماندەی پێشووی پۆلیس کە ئێستا دەستبەسەرە و بەپێی سەرچاوەکان دانی بە بەشێک لە تاوانەکاندا ناوە.
ئاڵۆزییەکان لە بەنگلادیش لە ئاستێکی بەرزدان لەکاتێکدا پارتە سیاسییەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنە گشتییەکان ئامادە دەکەن، کە بڕیارە لە مانگی شوباتی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.
ئاوامی لیگ، پارتە قەدەخەکراوەکەی حەسینایە، وەکو ناڕەزایەتییەک رۆژی پێنجشەممە داوای "ناڕەزایەتی گشتی"ی لە سەرانسەری وڵاتدا کردبوو. لە ئەنجامدا هێزێکی ئەمنیی زۆر لە دەوروبەری دادگە و شوێنە ستراتیژییەکانی داکا بڵاوەیان پێکرابوو و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لە خاڵەکانی پشکنیندا جێگیرکرابوون.
لەم مانگەدا زنجیرەیەک بۆمبی دەستکرد لە سەرانسەری داکا تەقیونەتەوە، کە زۆربەیان بۆمبی مۆلۆتۆڤ بوون.
لە رووی دیپلۆماسییەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەنگلادیش رۆژی چوارشەممە باڵیۆزی هیندستانی لە داکا بانگهێشت کرد و بە فەرمی نیگەرانی وڵاتەکەی پێگەیاند و داوای لێکرد کە نیودلهی رێگری لە حەسینا بکات بۆ ئەوەی چیتر قسە بۆ رۆژنامەڤانان نەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ