رووداو دیجیتاڵ
خەڵاتی ساخارۆف بۆ ساڵی 2023 درایە نوێنەرانی بنەماڵەی ژینا ئەمینی، لە کۆنفراسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیاری نێردراوی رووداو، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گوتی، "بەرامبەر ئەو سیاسەتانەی دژ بە ژنان لە ئێران دەکرێت داوامان کردووە سزاکانی ئەو وڵاتە زیاتر بکرێن."
رۆژی سێشەممە، 12-12-2023، زنار شینۆ، نێردراوی رووداو لە هۆڵی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی ئەو رەخنانەی لە یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی دەگیرێت، پرسیاری لە رۆبێرتا مێتسولا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا کرد. لە وەڵامدا رۆبێرتا مێتسولا رایگەیاند، ئەوان بە روونی و بە ئاشکرا پاڵپشتی لە دۆزی ژنان و ئازادی رادەربڕین بە گشتی لە ئێران دەکەن و داوایان کردووە سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاوە.
هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، "من نوێنەری هەموو پەرلەمان دەکەم، سەتان ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا بەدەم ئەو بانگەوازەدا هاتن بۆ ئەوەی رێگە بە خانەوادەی بەڕێز ژینا ئەمینی بدرێت سەردانی ئێرە بکەن بۆ ئەوەی خەڵاتەکە وەربگرن. ئەمە تەنیا خەڵاتێک نییە،" بەڵکو پاڵپشتییەکە تاوەکو ئێرانییەکان بتوانن بەردەوام شەڕی ئازادی بیروڕا بکەن. "ئێمە لێرە وەکو ماڵێکی دیموکراسی شانازیی بەخۆمانەوە دەکەین کە بووین بە پارێزەری ئازادی بیروڕا و بەردەوامیش دەبین."
لە درێژەی قسەکانیدا رۆبێرتا مێتسولا گوتی، "ئەو گفتوگۆیەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە دەیکەین و ئەو پاڵپشتییەی کە ئێمە دەیکەین لە تەواوی شارەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەیە کە بەهێزترین پەیامی خۆمان پێشان بدەین بۆ خوشکەکانمان لە ئێران کە ئێمە پاڵپشتییان دەکەین."
دەقی پرسیاری رووداو لە رۆبێرتا مێتسولا، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا:
رووداو: خانمی سەرۆکی پەرلەمان، من پرسیارێکم لێت هەیە، زۆرینەی خەڵک نەوەک تەنیا لەنێو ئێران بەڵکو دیاسپۆرای ئێران رەخنە لە یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی دەگرن تەنانەت تەنانەت دەڵێن، هیچ گۆڕانێک لە واقعی ئێران دروست نەبووە.
رۆبێرتا مێتسولا: زۆر سوپاس بۆ ئەم پرسیارە، دەمەوێت بەوەوە دەستپێبکەم کە تەنانەت لەو گفتوگۆیانەی کە کردمان لەگەڵ ئەو بەڕێزانە باسی ئەوەمان کرد کە پێویستە کاری زیاتر بکرێت و باسی نیگەرانییەکانیشمان کرد سەربارەت بە پاڵپشتینەکردنی بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا، بەڵام من ئێستا شانازی بەوەوە دەکەم کە بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا لەو پەرلەمانەوە پاڵپشتی ئەو دۆزە دەکرێت؛ تۆ باست لەو چوار بڕیارنامانە کرد کە هەموویان بەشێوەیەکی زۆر توند و سەرکۆنە کراون، هەروەها سەبارەت بەو سیاسەتانەی کە دژ بە ژنان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەگیرێنەبەر، ئێمە دەمانەوێت کاری زیاتری لەسەر بکەین، لەڕاستیدا ئێمە داوامان لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە واتە داوامان لە وڵاتانی ئەندام کردووە بۆ ئەوەی سزاکانیان زیاتر بکەن لەسەر ئەو بەرپرسە ئێرانییانەی کە بەرپرسن لەسەر ئەو سەرکوتکارییە پڕ لە توندوتیژییە، هەروەها داوامان کردووە کە سوپای پاسدارانی ئێران بخرێتە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپا. ئەوە شتێک نییە کە ئێمە وازی لێبهێنین و ئەوە شتێکی زۆر گرنگە بۆ ئێمە، وەک ئێوە دەزانن کە من نوێنەری هەموو پەرلەمان دەکەم، سەتان ئەندام پەرلەمانی ئەوروپا بەدەم ئەو بانگەوازەدا هاتن بۆ ئەوەی رێگە بە خانەوادەی بەرێز مەهسا ئەمینی بدرێت سەردانی ئێرە بکەن بۆ ئەوەی خەڵاتەکە وەربگرن، بەڵام من لێرە دەمەوێت زۆر روون بم کە ئەو خەڵاتە خەڵاتێک نییە تەنیا لەپێناو ئەوەی خەڵاتێک وەربگرن، پەرلەمانی ئەوروپا لەماوەی 35 ساڵی رابردوودا و ئەوەش یەکەم جار نییە کە ئێرانییەکان ئەو خەڵاتەیان پێدراوە بۆ ئەوەی شەڕی ئازادی بیروڕا بکەن، ئێمە لێرە وەکو ماڵێکی دیموکراسی شانازیی بەخۆمانەوە دەکەین کە بووین بە پارێزەری ئازادی بیروڕا و بەردەوامیش دەبین؛ ئەو گفتوگۆیەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە دەیکەین و ئەو پاڵپشتییەی کە ئێمە دەیکەین لە تەواوی شارەکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەوەیە کە بەهێزترین پەیامی خۆمان پێشان بدەین بۆ خوشکەکانمان لە ئێران کە ئێمە پاڵپشتییان دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ