لە ئەڵمانیا یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی کورد لە دیاسپۆرا بەڕێوەدەچێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو
بەرنامەی دیاسپۆرای رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ لە شاری دوسەلدۆرفی ئەڵمانیا، بە بەشداریی زیاتر لە 100 ژنی کورد لە وڵاتانی ئەورووپا و جیهانەوە، یەکەمین کۆنفرانسی ژنانی دیاسپۆرانشینی کوردستان دەستیپێکرد؛ رێکخەرانی کۆنفرانسەکە دەڵێن، "دەمانەوێت ببینە چەترێک بۆ هەموو ژنانی کورد بەدەر لە ئینتیمای حیزبی."
 
شیرین زەکی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرا، کە میوانی بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند: "لە دیاسپۆرا بۆشاییەک هەبووە و دەمانەوێت پڕی بکەینەوە. ئامانجمان ئەوەیە ئەم کۆنفرانسە ببێتە هۆکارێک بۆ ناسین و کۆکردنەوەی زۆرینەی ژنانی بەشەکانی کوردستانی نیشتەجێی تاراوگە لەژێر یەک چەتردا."
 
سەبارەت بە شوناسی فیدراسیۆنەکە، شیرین زەکی جەختی کردەوە کە ئەوان دوور دەبن لەوەی رێکخراوێکی حیزبی بن، چونکە حیزبەکان خۆیان رێکخراوی تایبەت بە ژنانیان هەیە، بۆیە ئەوان کار بۆ کۆی ژنانی کورد دەکەن.
 
"شۆڕشی ژینا پرسی ژنی کوردی جیهانی کردووە"
 
پرشنگ محەممەدی، ئەندامی کۆنفرانسەکە و پێشمەرگەی دێرینی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە تێکەڵ بە خەباتی سیاسی بووە، بە رووداوی گوت: "بارودۆخی جیهانی وا دەخوازێت ژنانی کورد لە دەوری یەک کۆببنەوە. دوای شۆڕشی ژینا، پرسی کورد و ژنانی کورد رەهەندێکی جیهانی وەرگرتووە، بۆیە خۆڕێکخستنی ژنی کورد لەم قۆناخەدا پێویستییە."
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆنفرانسەکە تەنیا یەک رۆژ دەخایێنێت (ئەمڕۆ شەممە 13-12-2025). لە کارنامەی کۆنفرانسەکەدا هاتووە کە 80 ئەندام بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ ئۆرگانەکانی فیدراسیۆنەکە دەکەن و هاوکات ژمارەیەک ژنی چالاک خەڵات دەکرێن.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە