رووداو دیجیتاڵ
کالیفۆرنیا و 19 ویلایەتی دیکەی ئەمریکا سکاڵایان لەسەر دۆناڵد ترەمپ تۆمارکرد و هەوڵی راگرتنی ئەو بڕیارە دەدەن کە تێچووی وەرگرتنی ڤیزەی ئێچ وەن بی (H-1B) بۆ کرێکاری شارەزای بیانی بۆ 100 هەزار دۆلار بەرزدەکاتەوە.
سکاڵاکە لە دادگەی فیدراڵیی بۆستن لە ویلایەتی ماساچوستس تۆمارکرا و هەنگاوێکی دیکەیە دژی ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئەیلوول رایگەیاند. بەپێی سیستمی ئێستا، خاوەنکاران تەنیا 2,000 بۆ 5,000 دۆلار وەک تێچوو دەدەن، بەڵام بڕیارە نوێیەکە ئەم بڕە بۆ 100,000 دۆلار بەرزدەکاتەوە.
نووسینگەی رۆب بۆنتا، داواکاری گشتیی کالیفۆرنیا رایگەیاند، ترەمپ دەسەڵاتی سەپاندنی ئەو بڕە پارەیەی نییە و بڕیارەکە یاسای فیدراڵی پێشێل دەکات.
بەپێی سکاڵاکە، "دەستووری ئەمریکا رێگری لە ترەمپ دەکات تاکلایەنە پارە بۆ دەوڵەت پەیدا بکات، چونکە ئەوە دەسەڵاتی کۆنگرێسە."
بۆنتا دەڵێ، ئەم بڕە پارە زۆرە بارگرانییەکی دارایی ناپێویست بۆ کەرتە هەستیارەکانی وەک پەروەردە و تەندروستی دروست دەکات و دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی دەستی کار.
پرۆگرامی ئێچ وەن بی رێگە بە خاوەنکارە ئەمریکییەکان دەدات کرێکاری بیانی لە بوارە پسپۆڕەکان وەک تەکنەلۆژیا و پزیشکی دامەزرێنن. کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان کە بارەگای زۆربەیان لە کالیفۆرنیایە، پشت بەم جۆرە ڤیزەیە دەبەستن.
ویلایەتەکانی دیکەی وەک نیویۆرک، ماساچوستس، ئیلینۆی، نیوجێرزی و واشنتنیش بەشدارییان لە سکاڵاکەدا کردووە.
کۆشکی سپی دەڵێ، بڕیارەکەی ترەمپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی یاسایی خۆیەتی و ئامانجیەتی "خاوەنکاران ساردبکاتەوە لەوەی پڕۆگرامەکە خراپ بەکاربێنن" بۆ ئەوەی کرێکاری بیانیی هەرزان نەخەنە شوێنی کرێکاری ئەمریکی.
ژووری بازرگانیی ئەمریکا و بەشێکی سەندیکاکانیش سکاڵایان تۆمار کردووە و چاوەڕوان دەکرێ لە رۆژانی داهاتوودا لە واشنتن دانیشتنێکی دادگە بۆ ئەو مەبەستە بەڕێوەبچێ.
ئیدارەی ترەمپ دەڵێ، ئەو کەسانەی ئێستا هەڵگری ڤیزەکەن یان ئەوانەی پێش 21ـی ئەیلوول داواکارییان پێشکێش کردووە، ئەو بڕیارە نایانگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ